لە گوندی لهێبان بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر داعش مەولوود خوێندرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو مزگەوتی گوندی لهێبان و بەبۆنەی سەرکەوتنی خەڵکی گوندەکە بەسەر چەکدارانی داعشدا، کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستان بەدەم دابەشکردنی شیرینی و گوتنەوەی سرووتە ئاینییەکان، مەولودنامەی پێغەمبەری ئیسلامیان خوێندەوە.
 
فوئاد مەلا ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستانە و دەڵێت، "ئێمەش هاتین نیشانی داعشی بدەین کە موسڵمانین و زۆر لەوان موسڵمانترین."
 
هەموو دانیشتووانی گوندەکە موسڵمانن، وەک دەبیندرا گەورە و بچووکی خەڵکی گوندەکە دەچوونە مزگەوت و خواپەرستییان دەکرد. ئەوانەی بۆ رووداو قسەیان کرد دەیانگوت "داعش بەدەم گوتنی الله أكبر ـەوە دەیانویست گوندەکەمان داگیربکەن و ئێمەی گوندنشین دەربەدەر بکەن."
 
هەڵۆ گەردی، دانیشتووی گوندی لهێبانە، گوتی، "بەخوا خۆم زۆر لەوان بە موسڵمانتر دەزانم، لەبەرئەوەی ئەوان هەڵگەڕاوەن و منداڵی خەڵک دەکوژن و دێنە سەر خاک و نیشتمانمان و دەیانەوێت لە گوند دەربەدەرمان بکەن.. ئەو مەولودەش لە خۆشیی سەرکەوتنمانە بەسەر داعشدا."
 
چوار چەکداری داعش سەرەتا دەچنە سەر ماڵی حاجی محەممەد خەلیفە، حاجی گوتی، "کاتێک قسەم لەگەڵ کردن، یەکێک لە چەکدارەکان کورد بوو، سیانەکەی دیکە عەرەب بوون، بەدوای کوڕەکانی مندا دەگەڕان و مۆبایلەکەشیان لێسەندم و هەر لە ماڵەکەی خۆمدا زیندانیان کردم و دەرگەیان لەسەر داخستم."
 
لە ماوەی یەک هەفتەدا چەکدارانی داعش سێ جار هێرشیان کردە سەر گوندی لهێبان، دواجار لە 5/12/2021 گوندنشینان گوندەکەیان جێهێشت، دوای تەنیا یەک رۆژ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزێکی عێراق لە گوندەکە و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری جێگیرکران.