وەزارەتی پەروەردە: ئەو بابەتەی کتێبی پۆلی 10 نوێ نییە و کتێبێکی نوێ چاپ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بابەتێک لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ پۆلی 10ـی ئامادەیی بووەتە جێگەی مشتومڕ و رەخنە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئەو بابەتە نوێ نییە. هاوکات بۆ ساڵی داهاتوو پێداچوونەوە بە چەندین کتێبی پرۆگرامی خوێندن دەکرێت.
روونکردنەوەکە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، دەستەواژەیەک لە بابەتی (لاوکێ دەروێشی عەڤدی) رەخنەی لەسەر هەیە، بەڵام "ئەو بابەتە لە ساڵی 2007ـەوە لە پۆلی 10 لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە و نوێ نییە ئەمساڵ دانرابێت."
ئەو دەستەواژەیەی کە بووەتە جێگەی رەخنە لە دەروێشی عەڤدی کە داستانێکی کوردییە و لە رێگەی گۆرانییەوە تاوەکو ئێستا پارێزراوە دەڵێت، "حاشا دکەم ل دینێ (موحەمەدی) ساف ئەز (ئێزدی) مە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی گوتووە کە ئەوان ئێستا لە قۆناخی پێداچوونەوەدان بە پرۆگرامەکانی خوێندن و چەندین کتێب پێداچوونەوەیان بۆ کراوە. "کتێبی کوردیی پۆلی 11 و 12ـی ئامادەیی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و ئێستا کتێبێکی نوێ دەخوێندرێت."
لەبارەی کتێبی پۆلی 10ـی ئامادەییش دەڵێت، "لیژنەی پسپۆڕ چەندین مانگە کاری لەسەر دەکات و ئێستا لە قۆناخی پێداچوونەوەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023 کتێبە نوێیەکە بخوێندرێت." دەشڵێت کە "رەچاوی رێزگرتنی تەواوی ئایینەکان و ئایینزاکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکرێت.