رێواز فایەق: پارتی و یەکێتی لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی ناکۆک نین

رووداو - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ ناکۆکییەک لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی  لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێت و ئومێدیش دەخوازێت ئەمڕۆ باشترین پرۆژەی چاکسازی لەلایەن حکومەتەوە بگاتە پەرلەمان.
 
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ناردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن حکومەتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ (چوارشەممە 11-12-2019) دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمان بکرێت، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "بەگوێری پەیڕەو مامەڵە لەگەڵ ئەو یاسایانە دەکەین کە لە حکومەتەوە دێت، چ پابەندییەکمان لەسەر بێت جێبەجێی دەکەین، ئومێدیش دەکەم ئەمڕۆ باشترین پرۆژەی چاکسازی بگاتە پەرلەمان".
 
رێواز فایەق هیوادارە حکومەت سەرکەوتووبێت لە کۆبوونەوەی خۆی "پرۆژەیاسایەکی زۆر باش لە خزمەتی خەڵکی کوردستان بگاتە پەرلەمانی کوردستان".
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ ناکۆکییەک لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی  لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێت و دەڵێت: "بڕواناکەم و راست نییە".
 
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 11-12-2019 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتێکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی دەستیپێکرد. بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ واژۆ لەسەر پرۆژەیاساکە دەکات و بۆ پەسەندکردنی رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکات. دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەش گۆڕانکاری لە ژمارەیەک مووچەی خانەنشینی و پلە تایبەتەکان دەکرێت.