نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و وەزیری وزەی ئەمریکا

رووداو - هەولێر

سەرۆک بارزانی و رێک پێری، وەزیری وزەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیان ئاشکراکرد و جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن کردەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە 11-12-2018) وەزیری وزەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازی لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکەیان، سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند "بەخێرهاتنی رێک پێری، وەزیری وزەی ئەمریکا و شاندەکەی دەکەین. دەرفەتێکی باشبوو بۆ ئەوەی باسی هەموو ئەو بابەتانە بکەین کە ئەمڕۆ گرنگن بۆ وڵاتەکەمان؛ چ لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، چ لە پەیوەندی دووقۆڵیمان لەگەڵ ئەمریکا". 

سەرۆک بارزانی گوتیشی "خۆشبەختانە دەبینین دەرفەتێکی تازە هەیە و جێگەی ئومێدە. هەردوولاشمان تەئکیدمان کردەوە کە هەموو هەوڵێک بدەین چارەسەری گرفتەکان لەڕێگەی دیالۆگ بکەین".

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رێک پێری، وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی "بەتایبەتی سوپاسگوزاری جەنابی سەرۆک بارزانیم بۆ میوانداریکردن و رازیبوون بۆ ئەوەی بێتە ئێرە ئەو دیدارە ئەنجامبدەین، بۆ هاوبەشیپێکردنی دید و تێڕوانینی خۆی بۆ هەرێم و هەروەها بۆ باسکردنی چیرۆکی گەلی کوردستان، کە جێگەی سوپاس و پێزانین بوو، تێگەیشتنی مێژووی لایەنێک زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنی ئاییندەیان".

لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت "کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان هەبوو. بەپەرۆشییەوە دەڕوانین بۆ بوونی رێککەوتنێکی هەمیشەیی لەنێوان بەغدا و هەولێر. کۆبوونەوەکەمان بەرهەمدار بوو. شایەنی وەبەرهێنانەوەیە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئازایەتی و قوربانیدان و رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوان هاوکاربوون لەوەی سەرکەوتنێکی مەزن بەدەستبێت، بەهۆی هەوڵ و قوربانیدانی ئەوانەوە ئەمڕۆ خەڵک ئازادە. لەگەڵ ئازادی ئاسایش دێت لەگەڵ ئەوەش دەرفەتی زیاتر و دەرفەتی گرنگ. ئەمڕۆ ئێمە سەقامگیری زیاتر و ئاسایشی زیاتر دەبینین لە سەرانسەری ئەم هەرێمە".

رێک پێری رایگەیاند "ئەم دەرفەتە بەهادارە مایەی ئەوەی کە هانماندەدات بۆ وەبەرهێنان بۆ ئەوەی ببین بە هاوبەشی یەکدی، کاتی ئەوە هاتووە کە چیدیکە جەخت لەسەر بونیادنانی ئابووری بکەینەوە، هەروەها بۆ زیندووکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، ئەمڕۆش لە گفتوگۆکانمان جەختمان لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی تێگەیشتنی هاوبەش کردەوە. ئەوەی دەمگەیێنێتە ئەو خاڵەی کە هۆکاری سەردانەکەی من ئەمڕۆ بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی من هەروەها ئەمریکا پێکەوە کاربکەین بۆ بونیادنانی ئاییندەیەک کە دەرفەتمان دەداتێ بەیەکەوە کاربکەین".

وەزیری وزەی ئەمریکا باسی لە سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی "ئێمە هەردوولامان سەرچاوە و سامانی سرووشتیمان زۆرە. لە ویلایەتی خۆم تەکساس کە لە دانیشتنەکەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بەراوردی هەردوولامان دەکرد کوردستان و تەکساس، زۆر شتی هاوشێوەی یەکدیان هەیە، هەردوو باسی ئەوەمان کرد کە سەرچاوەیەکی زۆری وزە لەبەردەستمان هەیە بۆ گەلی ئێمە لەوێ و هەروەها بۆ گەلی کوردستان لێرە. بۆیە ئێمە وایدەبینین لێرە دەرفەتێکی زۆر لەئارادایە بۆ بونیادنانی ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆشگوزەرانی و سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانە".

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، رێک پێری، وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی "جەنابی سەرۆک سوپاس بۆ دۆستایەتیتان، سوپاس بۆ تێڕوانین و دیدگاتان، سوپاس بۆ قوربانیدانتان لەپێناوی گەلەکەتان، بە پەرۆشییەوە دەڕوانمە بۆ کارکردن لە ماوەی ساڵانی داهاتوو بەیەکەوە".