ئەحمەد گەردی: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پارسەنگی هێزی گۆڕی

رووداو - سۆران

بۆ ماوەی 35 رۆژ هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان كە لە 156 پێشمەرگە پێكهاتبوون، لە شاری كۆبانێ شانبەشانی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG شەڕی داعشیان كرد، یەكێك لە فەرماندەكانی ئەو هێزەش عەمید ئەحمەد گەردی بوو، كە ئەو ماوەیە لە كۆبانێ بووە و ئێستاش گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان.

ئەو باسی شەڕ و پێكدادانەكانی كۆبانێ دەكات و بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، دوای چوونی ئەوان پارسەنگی هێز لە بەرگریكردنەوە بۆ هێرشبردن گۆڕاوە و پاشەكشێیان بە داعش كردووە، ئاشكراشی دەكات بە چوونی ئەوان زیاتر لە 180 خێزان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئەحمەد گەردی هەروەها دەڵێت، ئێستا سەدا50ی شاری كۆبانێ لەدەستی چەكدارانی داعش دایە و وەك ئەو دەڵێت ژیان لەو بەشەی كۆبانێ نەماوە.