گەشتیارێکی ئەڵمانی بە میواندۆستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرسام دەبێت

11-11-2024
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
ئەلێکساندەر ستێفانوتۆ لە چێشتخانەیەکی سنووری قەزای شێخان.
ئەلێکساندەر ستێفانوتۆ لە چێشتخانەیەکی سنووری قەزای شێخان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گەشتیارێکی ئەڵمانی بە ناوی ئەلێکساندەر ستێفانوتۆ هەفتەیەکە بە بایسکل بە تورکیا دا هاتووەتە هەرێمی کوردستان. چوار رۆژە لە یەکێک لە خواردنگەکانی سنووری قەزای شێخان دەمێنێتەوە. خواردن و خواردنەوەی بێبەرامبەر پێشکێشی دەکرێت. 
 
ماوەی دوو ساڵ و دوو مانگە گەشتەکەی بەردەوامە و 11یەمین وڵاتە سەردانی دەکات. میواندۆستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرنجی راکێشاوە. خواردنی بەچێژ و گەرموگوڕیی خەڵک بەرز دەنرخێنێت. 
 
ئەلێکساندەر ستێفانوتۆ دەڵێت: "خۆشەویستییان پێبەخشیم. خۆشەیستی و رێزیان بەرامبەرم نواند. ژینگەیەکی ئاشنایان پیشنمدا. وەکو برا مامەڵەم لەگەڵ دەکەن و بەبەشێک لە خێزانەکەی خۆیانم دادەنێن. برنج، مریشک و زەڵاتەی ئێرە زۆر بەتامە."
 
خاوەنی چێشتخانەکە گەرماو، شوێنی مانەوە و خواردنی بێبەرامبەری بۆ دابینکردووە. 
 
خەلیل گەودانی، خاوەنی چێشتخانەکەیە و دەڵێت: "گوتی دەمەوێت سەرم بشۆم، زۆر ماندووم. منیش گوتم بەسەر چاو و گەرماوم پێشاندا. سەری خۆی شۆرد و شوێنی نووستنم پێشاندا. کاتێک ئەو شتانەم بۆ کردن زۆر دڵی پێخۆش بوو." 
 
هەموو شتەکانی بەسەر بایسکلەکەیەوەن. کێشی کەلوپەل و بایسکلەکەی پێکەوە 80 کیلۆگرامە. بەدوای نێوبانگی کوردستانەوە هاتووە و بەنیازە مانگێک بمێنێتەوە. 
 
ستێفانوتۆ دەڵێت: "کاتێک لە تورکیا بووم خەڵکێکی زۆر باسی کوردستانیان بۆ کردم. باسیان دەکرد کە چەند جوانە و دڵی خەڵکەکەی چەند گەورەیە. منیش گوتم باشە من دەڕۆمە ئەوێ."
 
ستێفانوتۆ دەیەوێت سەردانی لالش، ئامێدی، بارزان، سۆران و هەولێریش بکات. دواتر سەردانی ئێران، ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکەش دەڕوات. 
 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە