کاژێرەکانی پێدانی کارەبای ماڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کەمدەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕینی کارەبای ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان بە پێی خشتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد. هەنگاوەکە دوای بڕیاری راگرتنی بەکارهێنانی مازۆت لە سێ وێستگەی سەرەکیی کارەبا لەو وڵاتە هات.
مستەفا رەجەبی مەشهەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێران دەڵێت: "پلانەکە هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە و رۆژانە لە کاژێر 9:00ی بەیانی تاوەکو 5:00ی ئێوارە دوو کاژێر کارەبا لەسەر ماڵان دەبڕدرێت؛ داوا لە هاووڵاتیان دەکەم بە کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی سیستمە گەرمکەرەوەکان و کوژاندنەوەی گڵۆپە زیادەکان هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی بڕینی کارەبا کەمتر بێت".
حکومەت دەڵێت، بە هاوکاری کەرتی تایبەت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی کارەبا دەدەن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران باس لەوە دەکات، ژمارەیەک وەبەرهێنەر ئامادەن وێستگەی کارەبای کارپێکراو بە وزەی خۆر و با دروستبکەن کە توانای بەرهەمهێنانی 30 هەزار میگاوات کارەبایان دەبێت.
هەروەها حکومەت لە پلانیدایە بە پەرەپێدان بە وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات. بڕیارەکەی حکومەت رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.
ئەمین بیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی پیشەسازیی پوڵا لە ئێران دەڵێت: "بەداخەوە وەک رووداوێکی ئاسایی بڕینی کارەبامان قبووڵ کردووە. رووداوێکی تا بڵێی ناشیرین و شەرمەزارکەرە بۆ وڵاتێک کە لە رووی سەرچاوەکان و یەدەگی وزەی جیهان لە پلەکانی یەکەمدایە. ئەگەر بیر لە چارەسەر بۆ کێشەکە نەکرێت، پێنج ساڵی دیکە وەک بەغدا و عێراقمان لێدێ."
بە پێی وەزارەتی وزەی ئێران، توانای ئەو وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا 62 هەزار مێگاواتە، بەڵام پێویستی نێوخۆیی زیاتر لە 82 هەزار مێگاواتە، واتە 20 هەزار میگاوات کەمیی کارەبا هەیە.
وەزارەتی وزەی ئێران رایگەیاندووە، ئەگەر هاووڵاتیان هاوکاربن و بە رێژەی 10٪ بەکارهێنانی گاز و کارەبایان کەم بکەنەوە، کێشەکە چارەسەر دەبێت و پێویستییان بە برێنی کارەبا نامێنێت.