رووداو دیجیتاڵ
گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە حەوت مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردە و هاوردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە زیاتر لە 934 ملیۆن دۆلار بووە.
فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 10ی دووەمی 2024، رایگەیاند، لە حەوت مانگی رابردوودا زیاتر لە 879 هەزار تۆن کەلوپەلیان هەناردە کردووە، کە بەهاکەیان زیاتر لە 451 ملیۆن دۆلار بووە.
بە گوتەی ئومێدی، ئەو کەلوپەلانەی هەناردە کراون بریتین لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئامێرەکانی کشتوکاڵی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، مریشکی بەستوو، هێلکە، شیری وشکی منداڵ، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، کتێب و گوڵ.
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەو کەلوپەلانە هەناردەی وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان، سووریا، تورکیا، رووسیا و ئۆزبەکستان کراون.
سەبارەت بە ئاماری هەناردەش، بەڕێوەبەری گومرگی سنە رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 129 هەزار تۆن کەلوپەل کە بایی زیاتر لە 483 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاوردە کراون. دەشڵێت، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، هاوردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی ئەو پارێزگایەوە لەڕووی کێشەوە 117٪ و لەڕووی نرخیشەوە 43٪ زیادیکردووە.
ئەو کەلوپەلانەی هاوردە کراون بە گوتەی ئومێدی بریتین لە زێڕ، ئەلەمینیۆم، پارچە یەدەگی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی خاو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ