قایمقامی هەڵەبجە 16 ماڵی زیانبەرکەوتووی لافاو قەرەبوو دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەڵەبجە 16 ماڵ قەرەبووی مادی کراونەوە، کە بەهۆی باران و لافاوی سەرەتای ئەم مانگەوە زیانیان بەرکەوتبوو. قایمقامی شارەکە دەڵێت، لەسەر ئەرکی خۆی خێزانەکانی قەرەبوو کردووەتەوە. 
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "16 ماڵەکە بەگوێرەی زیانەکانیان کە لیژنەیەک دیاریکردبوو قەرەبوو کرانەوە، هەیە زۆرترین زیانی هەبووە و هەشیانە تەنیا ئاو چووەتە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە".
 
قایمقامی هەڵەبجە گوتی، پارەکە 20 ملیۆن دینارە و لەسەر ئەرکی خۆی دابینکردووە. گوتیشی: "نووسراویان بۆ بەرزدەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش قەرەبوویان بکاتەوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ماڵ هەبووە کەمتر لە ملیۆنێک دینار قەرەبووکراوەتەوە و ماڵیش هەبووە زیانی زۆر بووە و "چەند ملیۆن دینارێک" قەرەبوو کراوەتەوە.
 
زۆرینەی ئەو ماڵانەی قەرەبوو کراونەتەوە لە گەڕەکی 'کانی شێخ'ن، هەروەها بەشێکیان لە 'کانی سیستی'ن.
 
یەکێک لەو ماڵانەی زیانی زۆری بەرکەوت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوسۆزییەکی زۆری بۆ دروستبوو، گەنجێک بوو کە رایگەیاند، دەستگیراندارە و ماڵی کردووە و ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی دەستگیرانەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی بارانەوە هەموو ماڵەکەی لەنێوچووە. قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، "زۆرترین قەرەبوو بەو گەنجە دراوە".
 
03-11-2024، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و زۆرترین بڕ لە هەڵەبجە باری، کە لە کەمتر لە 24 کاژێردا 126.26 ملیمەتر بارانباری و بەهۆیەوە زیانی مادی لێکەوتەوە.