نەوت و کانزاکانی سلێمانی: نزیکەی 40 ملیۆن لیتر نەوتمان دابەش کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دابەشكردنی سووتەمەنی لە نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، نزیکەی 40 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر 200 هەزار خێزانی سنووری پارێزگای سلێمانی دا دابەشکردووە، پرۆسەکەش بەردەوامە. دەشڵیت، کۆتایی ئەم ساڵ دابەشکردنی نەوت کۆتایی دێت.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، "دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن لیتر نەوتمان بەسەر 200 هەزار خێزاندا دابەشکردووە."
قەزای مەڵبەندی سلێمانی پێکدێت لە 10 مەڵبەندی خۆراک و دابەشکردنی نەوتیش بەگوێرەی پسوولە و مەڵبەندی خۆراک دەبێت. بە گوتەی سەلام عومەر، دابەشکردنی نەوت ئێستا لەنێو شاری سلێمانییە و گەیشتووەتە مەڵبەندی 6، هاوکات لەو گەڕەک و شوێنانەی خەڵک نەوتی وەرنەگرتبێت پێیان دەدرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنیی سلێمانی دەڵێت، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە بەشی زۆری ناوچە شاخاوییەکان کۆتاییهاتووە، بەڵام هەموو شوێنەکان خەڵک هەیە نەوتی وەرنەگرتووە لەکاتی خۆیدا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی ناحییەکان نەوتیان بۆ دەنێرین، بۆ ئەوەی ئەوانەی نەوتیان وەرنەگرتووە، سوودمەندبن و سبەی لە چەمچەماڵ ئەو خێزانانەی نەوتیان وەرنەگرتووە نەوتیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، نەوتەکە بە تانکەر دەگەیێندرێتە بەردەم ماڵان.
بۆ دابەشکردنی نەوت بەسەر 540 هەزار خێزان لەسنووری پارێزگای سلێمانی 108 ملیۆن لیتر نەوت پێوێستە، سەلام عومەر دەڵیت، رۆژانە نەوتمان بەدەست دەگات و نەوتی پێویستیش لە کۆگەکانی سووتەمەنی سلێمانی هەیە.
لەبارەی کوالێتی و پشکنین بۆ جۆری نەوتەکە ئاماژەی بەوەشکرد،" رۆژانە لەگەڵ گەیشتنی نەوت بۆ کۆگەکان پێشوەختە پشکنین بۆ کواڵێتی و جۆری نەوتەکە دەکرێت، ئەگەر نەتەکە لە پشکنین دەرنەچێت وەریناگرین و دەینێرینەوە."