بۆچی بەشێکی قوتابییانی کورد لە کەرکووک روودەکەنە قوتابخانە عەرەبییەکان؟
رووداو دیجیتاڵ
خوێندنى کوردى لە کەرکووک کێشەیەکى دیکەى ئەو شارە کوردستانییەیە، کە کورد تێیدا زۆرینەیە، بەڵام قوتابی و قوتابخانەکانى بەراورد بە عەرەب کەمینەن. هۆکار و دەرهاویشتەکانى ئەو پرسەش لە بەرنامەى لەگەڵ رەنج، تاوتوێ کرا.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە بەرنامەکەدا کە شەوی 10-11-2024 لە تەلەڤیزیۆنی رووداو پەخشکرا، گوتی "داهاتی فرۆشگەی قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەکەی، بەڵام ئێمە تاکە پەروەردەین، کە داهاتی هیچ خوێندنگەیەکمان ناگەڕێەوە، بەڵکو بە یاسا دەڕوات بۆ پەروەردەی گشتیی بەغدا و بەغداش یەک دینار بۆ خوێندنی کوردی خەرج ناکات."
هەڵبژاردن، دەریخستووە لەڕووی ژمارەوە پێکهاتەی کورد لە کەرکووک لە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە زیاترە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی باسی كرد لە 550 قوتابخانەی كوردی، زیاتر لە 100 هەزار قوتابی كوردیان هەیە، قوتابخانە کوردییەکان لە گەڕەکە کوردییەکانن و نزیکەی 15 هەزار خوێندکاری کوردیش لە خوێندنی عەرەبی دەخوێنن.
سەبارەت بە پارەی فرۆشگەکان کامەران عەلی جەختی کردەوە لەوەی لە سنووری خوێندنی کوردی، "قوتابخانە هەیە بۆ ساڵێک فرۆشگەکەی بە 5 بۆ 8 ملیۆن دینار بە کرێ دەدات، کە تەنیا 20٪ـی دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان."
هیوا حەسەن، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركووک، وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەكاتێكدا خۆیان لە قوتابخانەی كوردین، منداڵەكانیان لە قوتابخانەی عەرەبی دەخوێنن، گوتیشی: "منداڵی كوردیش هەیە لە قوتابخانەی توركمانی دەخوێنێ، دەبێت ئەوەش بڵێم منداڵی عەرەبیش هەیە لە قوتابخانەی كوردییە."
1894 قوتابخانەى خوێندنى عەرەبی لە کەرکووک هەن، زیاتر لە 464 هەزار و 917 قوتابیان هەیە و لە ریزبەندیی یەکەمدان
زیاتر لە 82%ـی قوتابییەکانى شارەکە لە خوێندنى عەرەبین و وانەى زمانى کوردى تەنیا لە دوو قۆناخدا دەخوێندرێت.
محەممەد عەبدوڵڵا، كارگێڕی لقی كەركووكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ "بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، هەر خوێندکارێک ئەگەر دەریشنەچێت، بەڕێوەبەرەکە بانگی مامۆستاکەی دەکات، دەڵێ مەیکەوێنە، هەرچۆنێک بێت، 50ـی بۆ دابنێ و بەڕێی بکە.. بەڕاستی ئێمە رازی نین، لەبەرئەوەی کەموکورتییەکی زۆرمان بینیوە لە بابەتی کوردیدا و حکومەتی عێراق هیچ بایەخێکی پێنەداوە."
خوێندنى کوردى، تورکمانى و سریانى لە کەرکووک تایبەتن بە پێکهاتەکانى خۆیان، تەنیا خوێندنى عەرەبی نەبێت کە قوتابى پێکهاتەکانى دیکەش دەتوانن لێى بخوێنن.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەستپێکردنی دەوام و ساڵی نوێی خوێندن، هێشتا ئەو کێشە سەرەکییانەی بەرۆکی خوێندنی کوردییان گرتبوو، چارەسەرنەکراون، ژمارەی خوێندکار و خوێندنگەی عەرەبی لە شارێکی وەکو کەرکووک، شەش هێندە زیاتری قوتابخانە و قوتابی خوێندنی کوردییە.
مامۆستایەک لە بەرنامەکەدا کە خۆی لەنێو پرۆسەکەیە دەڵێ "كورد لە كەركووك بەپێی دوایین هەڵبژاردن زۆرینەیە، کەچی لە سنووری پارێزگای كەركووك نزیكەی 2200 قوتابخانە و 650 بۆ 700هەزار قوتابیان هەیە، ئێمەش باسی 100 هەزار قوتابی و 550 قوتابخانەی خوێندنی كوردی دەكەین."