رووداو دیجیتاڵ
خوێندنى کوردى لە کەرکووک کێشەیەکى دیکەى ئەو شارە کوردستانییەیە، کە کورد تێیدا زۆرینەیە، بەڵام قوتابی و قوتابخانەکانى بەراورد بە عەرەب کەمینەن. هۆکار و دەرهاویشتەکانى ئەو پرسەش لە بەرنامەى لەگەڵ رەنج، تاوتوێ کرا.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە بەرنامەکەدا کە شەوی 10-11-2024 لە تەلەڤیزیۆنی رووداو پەخشکرا، گوتی "داهاتی فرۆشگەی قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەکەی، بەڵام ئێمە تاکە پەروەردەین، کە داهاتی هیچ خوێندنگەیەکمان ناگەڕێەوە، بەڵکو بە یاسا دەڕوات بۆ پەروەردەی گشتیی بەغدا و بەغداش یەک دینار بۆ خوێندنی کوردی خەرج ناکات."
هەڵبژاردن، دەریخستووە لەڕووی ژمارەوە پێکهاتەی کورد لە کەرکووک لە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە زیاترە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی باسی كرد لە 550 قوتابخانەی كوردی، زیاتر لە 100 هەزار قوتابی كوردیان هەیە، قوتابخانە کوردییەکان لە گەڕەکە کوردییەکانن و نزیکەی 15 هەزار خوێندکاری کوردیش لە خوێندنی عەرەبی دەخوێنن.
سەبارەت بە پارەی فرۆشگەکان کامەران عەلی جەختی کردەوە لەوەی لە سنووری خوێندنی کوردی، "قوتابخانە هەیە بۆ ساڵێک فرۆشگەکەی بە 5 بۆ 8 ملیۆن دینار بە کرێ دەدات، کە تەنیا 20٪ـی دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان."
هیوا حەسەن، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركووک، وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەكاتێكدا خۆیان لە قوتابخانەی كوردین، منداڵەكانیان لە قوتابخانەی عەرەبی دەخوێنن، گوتیشی: "منداڵی كوردیش هەیە لە قوتابخانەی توركمانی دەخوێنێ، دەبێت ئەوەش بڵێم منداڵی عەرەبیش هەیە لە قوتابخانەی كوردییە."
1894 قوتابخانەى خوێندنى عەرەبی لە کەرکووک هەن، زیاتر لە 464 هەزار و 917 قوتابیان هەیە و لە ریزبەندیی یەکەمدان
زیاتر لە 82%ـی قوتابییەکانى شارەکە لە خوێندنى عەرەبین و وانەى زمانى کوردى تەنیا لە دوو قۆناخدا دەخوێندرێت.
محەممەد عەبدوڵڵا، كارگێڕی لقی كەركووكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ "بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، هەر خوێندکارێک ئەگەر دەریشنەچێت، بەڕێوەبەرەکە بانگی مامۆستاکەی دەکات، دەڵێ مەیکەوێنە، هەرچۆنێک بێت، 50ـی بۆ دابنێ و بەڕێی بکە.. بەڕاستی ئێمە رازی نین، لەبەرئەوەی کەموکورتییەکی زۆرمان بینیوە لە بابەتی کوردیدا و حکومەتی عێراق هیچ بایەخێکی پێنەداوە."
خوێندنى کوردى، تورکمانى و سریانى لە کەرکووک تایبەتن بە پێکهاتەکانى خۆیان، تەنیا خوێندنى عەرەبی نەبێت کە قوتابى پێکهاتەکانى دیکەش دەتوانن لێى بخوێنن.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەستپێکردنی دەوام و ساڵی نوێی خوێندن، هێشتا ئەو کێشە سەرەکییانەی بەرۆکی خوێندنی کوردییان گرتبوو، چارەسەرنەکراون، ژمارەی خوێندکار و خوێندنگەی عەرەبی لە شارێکی وەکو کەرکووک، شەش هێندە زیاتری قوتابخانە و قوتابی خوێندنی کوردییە.
مامۆستایەک لە بەرنامەکەدا کە خۆی لەنێو پرۆسەکەیە دەڵێ "كورد لە كەركووك بەپێی دوایین هەڵبژاردن زۆرینەیە، کەچی لە سنووری پارێزگای كەركووك نزیكەی 2200 قوتابخانە و 650 بۆ 700هەزار قوتابیان هەیە، ئێمەش باسی 100 هەزار قوتابی و 550 قوتابخانەی خوێندنی كوردی دەكەین."
کێشەیەکی دیکەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دامەزراندنی مامۆستایە کە بە گوتەی کامەران عەلی "لە دوو ساڵدا نزیكەی 20 هەزار مامۆستا بۆ كەركووك دامەزراون، بەڵام تەنیا هەزارێكی بۆ كورد بووە، ئەویش نازانین چۆن بووە."
کێشەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و کەمیی بودجەی هاوکاری
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، "نزیكەی 100 قوتابخانەی خوێندنی کوردی پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، زۆر قوتابخانە هەن لەگەڵ بارانێک كێشەیان بۆ دروست دەبێت و ئاو دەچێتە پۆلەكانەوە."
جەختیش دەکاتەوە لەوەی "تاکە پەروەردەین هیچ بودجەیەکمان نییە، بۆ 100 هەزار قوتابی، مانگانە 6 بۆ 10 ملیۆن دینارمان بۆ دێت، ئەوەش زۆر كەمە و هەموو مانگێك لەسەری قەرزدار دەبینەوە، حكومەتی عێراق یەك دینار بۆ خوێندنی كوردی تەرخان ناكات."
لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە ئەو دڵسۆزییە لە خوێندنی كوردیدا لە كەركووك هەیە، هەرگیز لە خوێندنی عەرەبی دا نەبووە.
مامۆستایان چی دەڵێن؟
لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج مامۆستایان قسەی خۆیان کرد، مامۆستایەک گوتی "منداڵی كورد لە كەركووك باجی ململانێی حیزبی دەدات... لە كەركووك یەكێتی و پارتی نووسراوی یەکدی ناخوێننەوە، زۆرترین دژایەتی یەکدیش دەکەن هەموو حیزبەکانیش پێکەوە مامۆستایانی خوێندنی كوردیان لە كەركووك فەرامۆش كردووە.''
مامۆستایەکی خورماتووش لە سنووری پارێزگای کەرکووک باسی لەوە کرد "بۆ 32 قوتابخانەی كوردی، 500 مامۆستای كوردی هەن. ئەوەش زۆر كەمە و گرفتی بۆ دروستكردووین.''
دۆخی خوێندن لە خانەقین
هەر لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج ماهیر هۆشەنگ، پسپۆڕی زمانی كوردی و ئەندامی كەمپەینی 'بەڵێ بۆ خوێندنی كوردی لە خانەقین' دەڵێ، " بەرپرسی كورد هەیە منداڵەكەی بردووەتە قوتابخانەی عەرەبی، ئیتر ئێمە گلەیی لە كێ بكەین!" ئەو مامۆستا كوردەی خانەقین ئەوەشی روونكردەوە نەوەك لە بواری خوێندن، "بەڵكو لە زۆر رووەوە خانەقین لەبیركراوە.''
هەروەها محەممەد عەبدوڵڵا، كارگێڕی لقی كەركووكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان کە لە بەرنامەكەدا بەشدار بوو، جەختی لەوە كردەوە بەڕێوەبەری قوتابخانە عەرەبییەكان هانی مامۆستایانیان دەدەن زمانی كوردی فەرامۆش بكەن، ئەو دەڵێ "بەڕێوەبەری ئامادەییەكی عەرەبی هەیە، بە مامۆستاكانی گوتووە خوێندنە كوردییەكە فەرمامۆش بكەن و قوتابی لەسەر مەخەن."
محەممەد عەبدوڵڵا لە دژی ئەوەشە كە خوێندنی زمانی كوردی لە چوار و پێنجی ئامادەیی بخوێنرێ، ئەو دەڵێت "ئەگەر زمانی كوردی لە قۆناخی سەرەتایی نەخوێنرێ، كەس فێری نابێت، بۆیە دەبێت لەجیاتی چوار و پێنجی ئامادەیی، لە قۆناخی سەرەتایی زمانی كوردی لە قوتابخانە عەرەبییەكەندا بخوێنرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ