چلەی ماتەمینی بۆ قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە کرا؛ داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە بەڕێوەچوو کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان، 132 کەس گیانیان لەدەستدا و 175 کەسیش بریندار بوون، تاوەکو ئێستا کە زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە 23 بریندار لە نەخۆشخانە ماون.
 
ئینتسار شەرم، یەکێکە لە کەسایەتییەکانی ئایینی سریانی، لە شەوی رووداوەکەی حەمدانیە لە ئوردن گەڕابووەوە بۆ سەردانی کەسوکاری، بەڵام پێش ئەوەی لە ئامێزیان تێر بێت، قەدەر دەستی لەیەکدی جیاکردنەوە و کارەساتەکە روویدا و بووە دوایین ماڵئاواییان.
 
چوار ئەندامی ماڵباتی ئینتسار لە شەوی رووداوی ئاگرەکەی هۆڵی ئاهەنگەکانی هەیسەم لە حەمدانیە، گیانیان لەدەستدا.
 
ئینتسار دەڵێ "چوار کەسمان لە خێزانەکەماندا لەدەستداوە، برام و خێزانەکەی و هەردوو کچەکەی؛ کاژێر 09:00 چووبوونە ئاهەنگەکە، رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە کاژێر 10:30ـی شەو روویدا، کاژێر  11:30 برام و خێزانەکەیان هێنایەوە ماڵەوە، دوای هەفتەیەکیش تەرمی دوو کچەکەیان هێنایەوە."
 
لە هەمان ماڵبات، میرا ئەلیاس و کچە تەمەن چوار ساڵانەکەی لە ئاگر رزگاریان بوو، بەڵام هاوژینەکە لەکاتی هەوڵدانی بۆ رزگارکردنی براژن و هەردوو کچەکەی، لەگەڵ ئەواندا گیانی لەدەستدا.
 
میرا ئەلیاس بەمشێوەیە شەوی لەدەستدانی هاوژینەکەی باس دەکات "کاژێر 09:30ـی شەو چووینە ئاهەنگەکە و سەمامان دەکرد، دواتریش بووک و زاوا سەمایان کرد. هاوژینەکەم لە شوێنی خۆی نەمابوو، لە کاتی روودانەکە، من کچی خۆم هەڵگرت و بەرەو دەرگەی چێشتخانە رامانکرد و رزگارمان بوو، لە دەرەوە لە هاوژین و هاوگیانەکەم و منداڵەکانی دەگەڕاین، نەماندۆزینەوە دواتر سەردانی نەخۆشخانەمان کرد و هاوژینی خۆم لەوێ دۆزییەوە، گیانی لەدەستدابوو."
 
لە 26ـی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵی شەهیانی قەزای حەمدانیە، 132 کەس گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 175 کەسی دیکە بریندار بوون و 12ـیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە تائێستا لە وڵاتی تورکیا چارەسەر وەردەگرن و بەشێکیشیان لە نەخۆشخانەی موسڵن. کەسوکاری قوربانییان داوا دەکەن لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی رووداوەکە بکرێت.