رووداو دیجیتاڵ
عادل مەجید، لە دوای 35 ساڵ لە شاڵاوی ئەنفال، هاتووەتە مۆنۆمێنیتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، بۆ ئەوەی خۆی ناونووس بکات بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی. ئەو جگە لە خۆی، هیچ کەسی لە ئەنفال رزگاری نەبووە، هەر بۆیە پێی دەڵێن تاقانەی ئەنفال.
عادل پێی وایە، دەبوو زووتر پرۆسەی کۆکردنەوەی دی ئێن ئەی بەجێماوەکانی ئەنفال بەڕێوەبچوایە.
وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە راگەیێندراوێک داوا لە کەس و کاری ئەنفالکراوان دەکات، خۆیان ناونووس بکەن بۆ ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ ئەنجامبدرێت تاوەکو هاوتا بکرێن لەگەڵ ئەو 171 رووفاتەی لە سەماوە دۆزراونەتەوە و ئێستا لە پزیشکی دادی بەغدان بۆ ئەوەی هەرچی زووە بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنیتی ئەنفالی چەمچەماڵ دەڵێت، ئەمە تەنیا ناونووسینە، دواتر پرۆسەی پشکنین و وەرگرتنی سامپڵ دەستپێدەکات، داوادەکەین هەرچی زووە بێن بۆ ناونووسین چونکە ئەمە بووەتە رێگر لەبەردەم هەڵدانەوەی گۆڕەکانی دیکە.
هەژار بەرزنجی، شارەزای جینۆسایدی گەلی کوردە و بە گرنگی دەزانێت پشکنینەکان بکرێن، چونکە پێی وایە، یەکێک دەبێت لەو بەڵگانەی دەتواندرێت بەکاربهێندرێت بۆ زیاتر بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال.
جگە لە چەمچەماڵ، لە کەلاریش بە هەمان شێوە ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکرێت کە دەیانەوێت پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت.
بەختیار رەوف، لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا، 26 کەس لە خێزانەکەی سەرنگووم کراون، بەهیوایە رووفاتەکانیان هەرچی زووە بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان و بۆ دڵنەوایی و دیدەنی جار جارە سەردانی گۆڕەکانیان بکات. بەختیار دەڵێت، "تێچووەکەی [تێچووی پشکنینەکە] زۆر کەمە، داوادەکەین زوو بۆ هەموو کەس و کاری ئەنفالکراوان پشکنین ئەنجامبدرێت، چونکە بۆ هەریەکەیان نزیکەی 750 هەزار دیناری تێدەچێت".
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو 20-11-2023، ناونووسین بەردەوامە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پشکنینەکە بکەن. گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی نێوخۆ، تاقیگەیەکی فەرمی هەیە کە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە و پشکنینەکان پشتی پێ دەبەسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ