بەدواداچوونی رووداو: لە سنووری خانەقین 36 گوندی کوردیی چۆڵکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، خانەقین لەژێر پڕۆسەیەکی چڕی تەعریبدایە، بە شێوەیەک ئێستا گوندە کوردییەکانی خانەقین بەرەو چۆڵبوون دەچن و لەکۆی 83 گوندی سنوورەکە، 36 گوندی کوردی چۆڵکراون و عەرەب لە 32 گوندی کوردی نیشتەجێ بوون، ئێستا تەنیا 15 گوندی کوردیی خانەقین ماونەتەوە و ئەوانیش هەڕەشەیان لەسەرە، رەنگە دانیشتووانەکانیان چۆڵیان بکەن.
 
هاونیشتمانییانی خانەقین دەڵێن، بە ناچاری موڵکەکانیان لە گوندەکانیان بەکرێداوەتە هاووڵاتییانی عەرەب.
 
بەڕێوەبەری کشتووکاڵی خانەقینیش نایشارێتەوە، "پڕۆسەی تەعریب تاوەکو ئێستا بەردەوامە و عەرەبی جەلەولا خەریکن بە خێزان و ماڵەوە لە گوندە کوردییەکانی خانەقین نیشتەجێ دەبن".
 
تاڵیب نەجم، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی خانەقینە و خەڵکی گوندی مەردانە، دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بە ناچاریی گوندەکەی جێهێشتووە، بەهۆی ئەوەی سێ گوندنشینیان لێ کوژراون، دەڵێت، "100 دۆنم زەویم هەبوو، هەموویم بە کرێداوە". ئەو هاونیشتمانییە لەگەڵ چەند خێزانێکی دیکەی گوندەکەیان، لە خانەقین لە خانووی کرێدان.
 
وەک هاونیشتمانییان باسیدەکەن، لە خانەقین دۆخەکە بۆ کورد سەخت بووە و ژیانیان خەریکە وەکو پێویست نامێنێت، عەبدولوەهاب ئاغا موراد، جووتیارێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی خانەقینە، ئەویش گوندەکەی جێهێشتووە و ئێستا لەنێو شاری خانەقین لە خانووی کرێدایە، ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، "بۆ کرێی خانوو ئۆتۆمبێلەکەمم فرۆشت، کوڕەکەم لە پۆلی سێی پەیمانگەی پیشەسازی بوو، جێی هێشت و ئێستا کرێکاری دەکات، چەند ساڵە چاوەڕوانین قەرەبوو نەکراوینەتەوە".
 
ئەو دۆخەی دروستبووە، زیانێکی گەورەی بە کەرتی کشتووکاڵ گەیاندووە، بەڕێوەبەری کشتووکاڵی کەرکووک رایدەگەیەنێت، چۆڵبوونی زەویی و گوندەکان وایکردووە بەرهەمی کشتووکاڵی کەمببێتەوە.
 
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ رایگەیاند، "ساڵی 1976 ژمارەیەکی زۆری عەرەب هێندرانە خانەقین و گرێبەست لەسەر زەویی کورد بۆ شەش هەزار هاووڵاتی عەرەب کرا، دوای ئەوە ژمارەیەک عەرەبی جەلەولاش هاتنە خانەقین، عەرەبی خوارووی عێراق رۆشتنەوە، بەڵام عەرەبی جەلەولا لە خانەقین مانەوە".
 
ئەو بەرپرسەی کشتووکاڵی خانەقین دەڵێت، "ئەوە جۆرێکی دیکەی تەعریبە و زۆر خراپە، چونکە زەویی هاونیشتمانیانیان داگیرکردووە".
 
گوتیشی، "عەرەبی خەڵکی جەلەولا و شارەبان خەریکە بە ماڵەوە لە دوای 2017ـەوە دەگەڕێنەوە، خۆیان خەڵکی خانەقین نین، بەڵام ئێستا دەگەڕێنەوە گوندە کوردەکان، یان بە زۆر یان لە رێگەی دادگەوە لە کوردی دەسەنن".
 
باسی لەوە کرد، "زیاتر لە 500 دۆنم زەویی کورد داگیرکراوە و تاوەکو 1000 دۆنم لەژێر مەترسیی داگریکردندایە و ئەگەر ئەمە سەربگرێت، زیاتر دەبێت".
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین نایشارێتەوە خێزانە عەرەبەکان لە گوندە کوردییەکان نیشتەجێ بوون، "گوندەکانی دەرووبەری خانەقین زیاتر لە 80 گوندن، بەڵام عەرەب چووەتە نێو گوندەکانی کورد کە 100% کوردستانین، ئەوان داوای زەوییەکانیان دەکەن و بەشێکیان لە کورد دەسەنن، بگرە داوای قەرەبووی ئەو ساڵانەش دەکەن کە کورد لەسەری بووە، ماڵێک 50 ملیۆن دیناری داوە ئێستا داوای ملیارێکی لێدەکەن، لە رێگەی دادگە دەیبەن و لە رووی سیاسیشەوە پاڵپشتییان هەیە".
 
لەلایەکی دیکەوە، هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق بە شێوەی ئۆنڵاین ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییانی عەرەب کرد تاوەکو ناسنامەیان بگوێزنەوە سەر خانەقین، بۆیە نزیکەی 500 خێزان ناسنامەکەیان گواستەوە سەر خانەقین و کارەکەیان بە خێرایی تەواوکرا و لە خانەقین نیشتەجێ بوون". 
 
گوتیشی، "لیژنەی مادەی 140 بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە کرد، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ پرۆسەکە راگیرا، بەڵام ئەو خێزانانەی هاتنە خانەقین، نەگەڕانەوە و ناسنامەکەیان نەگەڕێندرایەوە ئەو ناوچەیەی لێیەوە هاتوون، بەڵام فۆڕمە ئۆنلاینەکە نەماوە و گواستنەوەی ناسنامەی خێزانە عەرەبەکان بۆ خانەقین راگیراوە".