رووداو دیجیتاڵ
زۆربەی کوردانی کەرکووک ساڵانێکە لەچاوەڕوانی قەرەبووی مادەی140دا قژییان سپیکردووە. هاونیشتمانییەک لەگەڵ چاوەڕوانیی وەرگرتنەوەی قەرەبووەکە، تەمەنی بەساڵاچووە و "مادەی 140ـی بیرنەماوە."
پانزە ساڵ لەمەوبەر مام عومەر خۆی مامەڵەی مادەی 140ی خێزانەکەی راییکرد. ئەوکات بڕیاربوو بەماوەیەکی کەم قەرەبووەکەی پێبدرێ کە بڕی10ملیۆن دینارە.
ئێستا محەمەدی کوڕی دەڵێت، دۆخی تەندروستیی باوکی تێکچووە و تەنانەت هەر لەبیری نەماوە مادەی140 چییە.
محەمەد عومەر دەڵێت، "لەم چەند هەفتەیە دیسان ناو دەرچوو دیسان ناوی ئێمەی تێدا نییە. ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێک مادەی140 هیچ سودێکی بۆ باوکم نییە. ئەوکات باوکم تەندروستیی باشبوو، دەیتوانی ئۆتۆمبێل لێبخوڕێ. ئاگای لە هەموو شت هەبوو، بەڵام ئێستا باوەڕناکەم ئاگای لەوە مابێت مادەی140 هەر چییە."
یاسی عەلی مامۆستایە و باس لەوە دەکات، بۆ پانزە ساڵ لەمەوبەر 10ملیۆن دینار بڕە پارەیەکی باشبوو، بەڵام ئێستا هیچیان بۆ بەیەکەوە نانێ. مامۆستاکە دەڵێت، "ئێمە تائێستا وەرمان نەگرتووە، پرۆسەکە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت، ئەو پارەیەی ئەوان دابینیان کردووە بۆ ئەوکات باشبوو، بەڵام بۆ ئێستا کەمە بۆ هاونیشتمانییانی کەرکووک شتێکی واناکات."
ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140 رایانگەیاندووە تائێستا حەوت هەزار ئاوارە قەرەبوویان وەرنەگرتووە. کەچی دوایین جار کە لیستێکیان ئاڕاستەکرا بۆقەرەبوو تەنیا36 ناو بوون.
نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن، حکومەت پارەیەکی کەمی تەرخان کردووە. ئەوەی تەرخانیش کراوە لیژنەکە زۆرینەی بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق خەرج دەکات.
لەو بارەیەوە، سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، "داوامان لە هادی عامری و سەرۆکی لیژنەی مادەی140 و ئەندامانی لیژنەکە کردووە ئەکتیڤ بکرێ و لەکۆی حەوت هەزار کەس هەر جارەی 10- 15 یان 70 بۆ 80 کەس قەرەبوو وەربگرن بە شتێکی لاوازی دەزانین بۆ خۆمان."
کاریگەریی دواخستنی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی مادەی 140 لەدوای هێرشەکانی شازدەی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دەرکەوت.بەتایبەت لە پرسی زەوی و زاری کشتوکاڵی و کێشەی گەڕەکە بێ تاپۆکان لە نێوشار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ