رووداو دیجیتاڵ
ژنێک بە بیانووی گەڕان بەدوای بەیتارێک خۆی دەکات بە ماڵی کافییەی تەمەن 60 ساڵ، 19 مسقاڵ زێڕ دەبات و دەڕوات، کافییە دەڵێت، هاوژینەکەی لە مزگەوت بووە، ئەو ژنە چاودێری ماڵەکەی کردوون و کاتێک چووەتە ژوورەوە هێرشی کردووەتە سەری و بێهۆشی کردووە و زێڕەکانی دزیوە.
کافیە محەممەد، خۆی شێوازی رووداوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "هەر ئەوەندە کەسێک خۆی بە ژووردا کرد و ملی گرتم و دەستی لەسەر دەممدانا و یەکسەر لە هۆش چووم دوو تاک بازنگ و ملوانەکەکەی لێبردووم هەمووی 19 مسقاڵ زێرە."
کامێراکانی چاودێری ساتی گفتوگۆی ئەو ژنەی کە دزی لە پوورە کافییە کرد، تۆمارکردووە و لە دیمەنەکان دەردەکەون دزەکە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵێکە و دوای هاتنە دەرەوەی لەماڵەکە بە خێرایی کۆڵانەکە بەجێدەهێڵێت، ژنانی گەڕەک لە دوای رووداوەکە بە مام سابیریان گوتووە چەند رۆژێک پێشتر ئەو ژنەیان بینیوە کە چاودێری ماڵەکانی گەڕەکی کردووە.
سابیر کەریم هاوژینی پوورە کافییەیە و لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، "لە دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادارکردەوە لە کامێراکان سەیرمانکرد کە ژنەکە چۆن خۆی دەکات بە ماڵەکەدا. هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی گەڕانن، لەم گەڕەکە ژنی وا زۆر دەگەڕێن."
رووداوەکە 5ـی ئەم مانگە لە گەڕەکی زانایانی هەولێر روویداوە، هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە سەرقاڵی گەڕانن بە دوای دزەکەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ