دانا عەبدولکەریم: تاوەکو هاوینی 2024 دووسایدی کەلار – دەربەندیخان تەواودەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 63٪ـی پرۆژەی دووسایدی دەربەندیخان – کەلار جێبەجێکراوە و "ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامبێت، تاوەکو کۆتایی هاوینی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواودەبێت".
 
رۆژی شەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان سەردانی پڕۆژەی قیرتاوکردنی 12 گوندی رێگەی ناوگردانی قەزای سەیدسادقی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "قیرتاوکردنی رێگەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە کە مەوداکەی زیاتر لە دوو کیلۆمەترە و زیاتر لە یەک ملیار دیناری تێچووە و ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکە کارەکانی تەواودەبێت."
 
دانا عەبدولکەریم باسی لە دوو سایدی دەربەندیخان – کەلار کرد و گوتی، "کارەکان لەو رێگەیە بەردەوامن و نزیکەی 63٪ـی پرۆژەکە جێبەجێ کراوە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبین، کۆتایی هاوینی ساڵی داهاتوو رێگەکە بەردەوام دەبێت."
 
لەبارەی رێگەی دەربەندیخان – وارماواش وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەیدا؛ "ئەو رێگەیە پەیوەندی بەو کۆمپانیایەوە هەیە کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە و کۆمپانیاکە لەئاستی پێویستدا نییە، چەند جارێکیش ئاگادارمان کردوونەتەوە، ئەگەر دەست بە کارەکانیان نەکەنەوە، لە داهاتوودا رێکاری دیکەیان بەرامبەر دەگرینەبەر".
 
پێشتر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە دابوو کە رێگای سلێمانی کەلار پێویستی بە دروستکردنی دوو تونێلی نوێ هەیە، دانا عەبدولکەریم دەڵێت؛ "ئەو پرۆژەیە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلاری پێویستە دەبێ لەگەڵ کۆمپانیایەک رێکبکەوین کە بە قەرزی درێژخایەن کاری تێدا بکات".