رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی شەش ساڵدا هەشت گەڕەکی نوێ لە باشووری شاری کەرکووک بەزیادەڕۆ دروستکراون. زۆربەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالەن، کە لە کەرکووک کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستکراوە.
ئەحمەد حوسێن، خەڵکی تکریتە و ماوەی شەش ساڵە لە کەرکووک نیشتەجێ بووە، داوادەکات حکومەت خانووە زیادەڕۆکەی بۆ تاپۆ بکات.
ئەحمەد دانیشتووی گەڕەکی سەیادە لە کەرکووک کە بەزیادەڕۆ دروستکراوە، دەڵێ "هانا بۆ حکومەت و پارێزگاری کەرکووک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبەین، بە چاوی بەزەییەوە تەماشامان بکەن و دۆخی ئێمەش وەکو دۆخی هەموو زیادەڕۆکان لە عێراق ببینن، ئەم زەوییانەمان پێبدەن و شارەوانیش چەند پارەی بووێت بۆ تاپۆکردن، ئێمە ئامادەین.''
دانیشتووانی ئەو هەشت گەڕەکە نوێیە، کە عەرەبی هاوردەن و دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر هاتوونەتە کەرکووک، پسووڵەی خۆراکیان گواستووەتەوە و مافی دەنگدانیشیان هەیە، ئەوان نیگەرانن لەوەی هەندێکجار باس لە دەرکردنیان دەکرێت.
مەزهەر عاسی، موختاری گەڕەکی حوزەیرانی نوێ کە یەکێکی دیکەیە لە گەڕەکە زیادەڕۆکان، دەڵێ "ئەو رۆژە پۆلیسیان هێنایە سەرمان و داوایانکرد بەڵێننامە پڕبکەینەوە بۆ ئەوەی رێگری نەکەین لەو بەڵێندەر و ئەندازیارانەی لێرە پڕۆژە جێبەجێ دەکەن. چواردەوری ئێمە هەموو زیادەڕۆیە و ئێمە دۆخمان وەکو دۆخی ئەو ئاوارانەیە کە هاتوونەتە ئێرە، ئەم خانووەی من، چوار خێزانی تێدایە. چی بکەین!'
لەنێو ئەو هەشت گەڕەکە، دانیشتووانی دوو گەڕەکیان تورکمانی شیعەن، کە دانیشتووانەکەی خەڵکی تەلعەفەری سنووری نەینەوان و خانوویان لە کەرکووک دروست کردووە لە دژی بڕگەکانی ماددەی 140ـی دەستوورە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند ''ئێمە وەکو ناوچە کورستانییەکان، یەکەم لایەن بووین کارمان لەسەر کەیسی دروستکردنی ئەو هەموو گەڕەکە عەرەبییە زیادەڕۆیە کردووە، کە خەریکە لە خوارووی کەرکووکەوە دەگاتە داقووق. ئەمە کێشەیەکی یەکجار قوڵە و لە ڕووی دیموگرافیاوە زۆر لە بەرژەوەندیی عەرەب کۆتایی پێدێت، بێگومان ئەمە لە رووی یاساییەوە و لە رووی برگەکانی ماددی 140ـەوە یەکناگرێتەوە و زیادەڕۆییەکی زۆر روونە.''
ئەو زەوییانەی عەرەبی هاوردە زیادەڕۆییان لەسەر کردوون، موڵکی وەزارەتەکانی شارەوانی و دارایی عێراقن، ئیدارەی کەرکووکیش، ئاو و کارەبا، شەقام و شۆستەی پێ گەیاندوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ