رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرێکی بواری شوێنەوارەکانی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، هەزاران شوێنەواری ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان تێکدراون و تاڵانکراون.
زەکەریا حوسەری، لێکۆڵەری بواری شوێنەوارەکانی رۆژئاوای کوردستانە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "گرووپە چەکدارەکان بە پاڵپشتی وڵاتانی داگیرکەر بە رۆژی رووناک شوێنەوارەکان دەدزن". دەشڵێت، "60 شوێنەواری سەرێکانی و گرێسپی، 70 ناوچەی شوێنەواری کۆبانێ، 120 ناوچەی شوێنەواری عەفرین دەستدرێژییان کراوەتەسەر".
زەکەریا حوسەری، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ، لەبارەی تێکدانی شوێنەوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و مەترسییەکانی سەریان بە رووداوی رایگەیاند، "تێکدانی شوێنەوارەکان پیلانێکە بۆ لەنێوبردنی ناسنامەی کوردیی رۆژئاوای کوردستان، بۆ نموونە ئەگەر باسی گرێسپی و سەرێکانی بکەین، 60 ناوچەی شوێنەواری لەژێر هەڕەشەی لەنێوبردن و دەستدرێژیدان. هەروەها لە کۆبانێ و دەورووبەری، نزیکەی 70 ناوچەی شوێنەواری لەژێر مەترسیدا بوون و زۆر شوێنەوار دزراون. هەروەها لە پارێزگای حەسەکە مەترسییی لەسەر دەیان شوێنەواری رۆژئاوای کوردستان هەیە. هەروەها لە عەفرین و دەورووبەری 120 ناوچەی شوێنەواری دەستدرێژییان کراوەتەسەر و تاڵانکراون".
ئەو شوێنەوارناسە دەڵێت "ژمارەی شوێنەوارە کوردییەکان بە وردی بەردەست نییە، چونکە پێشتریش لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی سووریا بەسەر ئەو ناوچانەدا شوێنەوارەکان فەرامۆشکراون و گرنگییان پێنەدراوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، رۆژئاوای کوردستان لەسەر دەریایەکی شوێنەوارییە و مێژووەکەیان بۆ هەزاران ساڵ بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا شوێنەوارەکان لە لێواری لەناوچوونن".
زەکەریا حوسەری پێی وایە، " ئێستا لە ناوچەی جزیرێی کوردی لە پارێزگای حەسەکە، شوێنەوارەکان زۆربەیان گڵن، گرنگییان پێنەدراوە، ئێستا خۆیان لە لێواری لەناوچووندان، خەریکە شوێنەوارە گرنگەکان دادەڕووخێن، دۆخی ئەمنیش وەکو پێویست نەبووە بۆ پاراستنیان".
لە ساڵی 2011 بەدواوە، زۆربەی خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بوونە مەیدانێک بۆ شەڕ و شۆڕ، گرووپی چەکداری جیاواز تووشی پێکدادان هاتوون، کە هەر لایەنێکیان لەلایەن وڵاتانی خاوەن ئەجێنداوە پشتیوانی دەکرێن.
زەکەریا حوسەری گوتیشی، "دزینی شوێنەوارەکان بە درێژایی مێژوو بەردەوامبووە، بەڵام ئاستەکەی لە سەردەمێک بۆ یەکێکی دیکە جیاواز بووە، پێشتر دزینی شوێنەوارەکان هەبووە، بەڵام ئێستا دەستێكی گەورەی لەپشتە، شوێنەوارە گرنگەکانی رۆژئاوای کوردستان گرووپ و دەوڵەتیان لەپشتە، وڵاتانی داگیرکەر بە رۆژی رووناک شوێنەوارەکان دەدزن، گرووپە چەکدارەکان شوێنەوارەکان دەدزن و پاشماوەکانیان تێکدەدەن".
وەک ئەو لێکۆڵەرەی بواری شوێنەوار ئاماژەی بۆ دەکات، ناوچە و پارچە شوێنەوارەکان کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکاندان، گەڕان بەدوایاندا و پاراستنیان کارێکی سەختە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ