بۆ دووەمجار لە هەرێمی کوردستانەوە برنج هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت

 
رووداو - دهۆک

ئەمساڵ بەهای برنجی کوردی بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو نزیکەی دوو بەرامبەرە، لە ساڵی 2016وە بەهای برنجی کوردی لە بازاڕدا دابەزیوە، بەڵام ئەمساڵ بەپێی جۆری برنجەکە هەر کیلۆیەکی لەنێوان 500 دینار بۆ 1500 دینار زیادیکردووە.
 
دوای پێنج ساڵ لە دابەزینی بەهای برنجی کوردی لە بازاڕدا، جارێکی تر نرخەکەی بەرزبوونەوە بەخۆوە دەبینێت. محەممەد مستەفا، جووتیاری ئاکرێ چەندین ساڵ بوو برنجەکەی بە نرخێکی کەم دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخەکەی زیادیکردووە.
 
محەممەد مستەفا دەڵێت، "ساڵی رابردوو بە 22 بۆ 30 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بە 47 بۆ 50 هەزار دینارە. ئێمە قازانجێکی باشمان کرد، ئەگەر وانەبووایە، زەرەرمەند دەبووین، چونکە لەلایەن حکومەتەوە هیچ هاوکاری نەکراوین".
 
ئێستا چەندین جۆری برنجی کوردی کەوتوونەتە بازاڕەوە، بەڵام سێ جۆر لەوان سەرەکین کە لە کۆنەوە لە ئاکرێ بەرهەمهێندراون کە ئەوانیش شەش مەهی، تەحالف و سەدرین. بەهای یەک کیلۆ لەو برنجانە ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی رابردوو بەمشێوەیە:
 
ساڵی رابردوو یەک کیلۆ برنجی شەش مەهی بە 2500 دینار بوو، ئەمساڵ بە چوار هەزار دینارە.
ساڵی رابردوو کیلۆیەک برنجی سەدری بە سێ هەزار دینار بوو، ئەمساڵ بە 3500 ینارە.
ساڵی رابردوو کیلۆیەک برنجی تەحالف بە 1400 دینار بوو، ئەمساڵ بە 2000 دینارە.
 
نرخی ئەم جۆرە برنجانەش بەردەوام لە گۆڕاندایە. سەیفوڵا رەمەزان کە بازرگانە دەڵێت، "[بەهاکەی] لەچاو ساڵی رابردوو، دوو هێندەیە، ساڵی رابردوو برنجی شەش مەهی بە 27 بۆ 28 هەزار دینار بوو، ئێستا بە 50 بۆ 53 هەزار دینارە، تەحالف هەر کیلۆیەکی 250 بۆ 500 دیناری چووەتەسەر. برنجی سەدریش بە هەمان شێوە نرخەکەی زیادیکردووە، چونکە ئەمساڵ کەمتر کراوە و داواکاری لەسەری زیاتر بووە".
 
مانگی چواری ئەمساڵ بۆ یەکەمجار 18 تۆن برنجی کوردی بۆ ئەوروپا نێردرا. ئێستا ئامادەکاری دەکرێت لە ماوەی 10 رۆژی دیکەدا بۆ دووەم جار برنجی کوردی بۆ ئەوروپا بنێردرێت.
 
ئاراز حامید، خاوەنی کۆمپانیا دەڵێت، بۆ ناردنی وەجبەی دووەم تەنیا چەند رێکارێک ماون بۆئەوەی برنج بنێرین بۆ سوێد و ئەڵمانیا، کە بە رێگەی وشکانی دەبێت.
 
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 هەزار دۆنم زەوی بە برنج داچێندراوە.