لە سلێمانی وادەی رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەت کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتاییهات کە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی داینابوو بۆ "بنەبڕکردنی یەکجارەکیی دیاردەی چەکداری و لاساریی یاسایی"، لەو پارێزگایە.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، کاژێر 08:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو مۆڵەتە کۆتاییهات کە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی داینابوو بۆ "بۆ بنەبڕکردنی یەکجارەکیی دیاردەی چەکداری و لاساریی یاسایی"، دوای کۆتاییهاتنی وادەکەش هیچ جوڵەیەکی هێزە ئەمنییەکان یاخود بازگە کاتییەکان کە پێشووتر لەنێو شەقامەکانی شاری سلێمانی دادەنران و بڵاوەپێکردنی هێز لەنێو شاری سلێمانی بەرچاو ناکەون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، بڕیارەکەی ئەمجارە جیاواز دەبێت کە درێژەپێدەری بڕیارەکەی مانگی حەوتی ئەمساڵە کە لەدوای دەرکەوتنی کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکان و کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەرکرا. ئەوکات بۆ ماوەی مانگێک بازگەی کاتی لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکرا و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و خوار مۆدێل، جام رەش، چەکی بێ مۆڵەت، راکردووان لە یاسایان دەستگیر دەکردن.
ئەو بڕیارە بۆ ماوەیەک راگیرابوو، بەڵام شەوی رابردوو لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە دوایین مۆڵەتی دایە ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەت و جووڵەی چەک و تەقەمەنیی لە دەرەوەی یاسایان لەلایە، دوایین مۆڵەتەکەش وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە لە کاژێر 22:00ی شەوی چوارشەممە تاوەکو کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و دەبێت لەو وادەیە چەکەکانیان رادەست بکەن.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، بڕیارەکەی ئەمجارە بەراورد بە جاری پێشوو تووندتر و کاراتر دەبێت، لەبەر ئەوەی جێگری سەرۆکی حکومەت خۆی سەرپەرشتی دەکات، هاوکات پارێزگاری سلێمانی سەرۆکی لیژنە ئەمنییەکەیە، هەروەها قایمقام لە لیژنە ئەمنییەکەیە، هەروەها بافڵ تاڵەبانی، کە بەشێک لە یەکێتییەکان دەڵێن ئێستا سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، پاڵپشتی لە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەکات.
لە ماوەی رابردوودا دیاردەی چەکداری لە نزیک ماڵی لاهوور شێخ جەنگی هەبوو، چەند لایەنگرێکی ئەو بەچەکەوە دەچوونە ماڵی ئەو بەناوی ئەوەی پارێزگاری لەو دەکەن و پاڵپشتی دەکەن، هەروەها هێز لەوێ جێگیرکرابوو.