رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى سلێمانى داواکاريى "بەخشین" لە پۆستەکەى ئاڕاستەى وەزیرى ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد، دەشڵێت وەکو کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کەسێک لە شوێنەکەی دادەنرێت.
بڕیارەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى لە دواى بڕیارى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کشانەوە لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی خۆجێی سلێمانی هات.
بەگوێرەى نووسراوێک کە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانی لە 10ى تشرینى یەکەمی 2024 ئاراستەى وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، داوا دەکات لە پۆستەکەى ببەخشرێت و راژەکەى بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتى ناوخۆ و یەکێک لە جێگرانى پارێزگار لە دواى فەرمانى بەخشینى لەپۆستەکەى رابسپێردرێت بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى پارێزگار.
هەڤاڵ ئەبوبەکر جەختى لە نووسراوێکى پێشووى خۆى کردووتەوە لە 22ى شوباتی 2022 بۆ بەخشین لەو پۆستە ئاراستەی سەرووی خۆی کردووە، بەهۆى ئەوەى ئەو کاتە چوار ساڵى لەو پۆستە تەواو کردووە.
ئەو هەنگاوەى پارێزگارى سلێمانى دواى ئەوە بوو بزووتنەوەى گۆڕان 10ى تشرینى یەکەم لە رێگەى پەیامێکى دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتى بزووتنەوەکەوە کشانەوەى لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی راگەیاند.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، کە لە پشکی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرگرتووە، ئەمڕۆ هەینی 11-10-2024 روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە: "لەم دۆخەی ئێستا، کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی و دووبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو قوڵ کەوتووەتە ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە و بەسەر دوو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبوون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدوورگرت و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوە و یەکخستنەوەو رێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکدی و کاراکردنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام و نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستوور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دوورخستووەتەوە."
28ى ئەیلوول دانا ئەحمەد مەجید، وەک رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە جێگەى عومەرى سەید عەلى دیاری کرا ، ئەو هەنگاوە ناکۆکى لەنێو خۆى بزووتنەوەکە لێکەوتەوە کە بوون بە دوو بەرەوە.
سەبارەت بە بەردوامبوونی لە پۆستەکەی، هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: "بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان رادەگەیێنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تاوەکو ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسند دەکرێت، یان رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی دیکەدا".
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ساڵى 2014، هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک سەرۆکى لیستى گۆڕان زۆرترین دەنگى ئەو پارێزگایەى بەدەستهێناو بەگوێرەى رێککەوتنێک لەگەڵ یەکیتى نیشتمانى کوردستان لە 2016 وەک پارێزگار لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە هەڵبژێردرا و لە 2017 دەستبەکار بوو.
لەدواى بڕیارەکەى بزوتنەوەى گۆڕان هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووری. کوێستان محەممەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى. کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانی و پیشەسازى کە لەپشکى گۆران بوون، پابەندبوونیان بە بڕیارى بزووتنەوەکەیان بۆ کشانەوە راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ