رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێنوێنییەکانی چۆنێتیی دەنگدانی تایبەتی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو رێنوێنییانەی کۆمیسیۆن، پێش ئەوەی کاخەزی دەنگدان بە دەنگدەر بدرێت، پێویستە مۆر لەسەر ناوی ئەو پارێزگایەی دەنگدەرەکەی لێیە بدرێت. بۆ نموونە، ئەگەر دەنگدەر لە بازنەی سلێمانی دەنگی دا، ئەوا دەبێت مۆر لە چوارگۆشەی بازنەی سلێمانی بدرێت، ئینجا کاخەزی دەنگدان بدرێتە دەنگدەر.
هەنگاوی داهاتوو بریتییە لەوەی "لەکاتی دەنگداندا پێویستە دەنگدەر قەڵەمی مۆری نیشانەکردن بەکاربهێنێت."
ئەگەر دەنگدەر تەنیا بۆ حیزبێک یان هاوپەیمانییەک دەنگ بدات، "ئەوا بە قەڵەمی نیشانکردن، نیشانەیەک لەنێو ئەو چوارگۆشەی ئەو لایەنە بدات کە خوازیاریەتی دەنگی پێبدات."
بەڵام ئەگەر دەنگدەر دەنگی بە بەربژێرێژێکی دیاریکراو لەنێو لیستێک دا، ئەوا بە قەڵەمەکە دەبێت دوو نیشانە دابنێت، "یەکەم نیشانە لەنێو چوارگۆشەی لایەنەکە و دووەمیش نیشانەیەکی دیکە دەبێت لەو چوارگۆشەیە بدات کە ژمارەی بەربژێرەکەی لەسەر نووسراوە."
لەبارەی دەنگدان بە بەربژێرە سەربەخۆکان، لە درێژەی رێنوێنییەکەی کۆمیسیۆندا هاتووە، "ئەگەر دەنگدەر دەنگ بە بەربژێری سەربەخۆ بدات، ئەوا دەبێت نیشانەی دەنگدانەکەی لە چوارگۆشەی تەنیشت ناوی بەربژێرە سەربەخۆکە بدات."
هەڵبژاردنی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان لە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردنی گشتیش لە 20ی ئەم مانگە.
هەزار و 191 بەربژێر لە هەر چوار بازنەی هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بەربژێر کردووە کە لەنێویاندا 85 بەربژێری سەربەخۆ هەیە، لەگەڵ 39 بەربژێری تایبەت بە پێکهاتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ