لە کارنامەی لایەنە سیاسییەکاندا کەمترین بایەخ بە داهاتی نێوخۆیی و دەروازە سنوورییەکان دراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە کارنامەیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چەندین خاڵیان لە بوارە جیاوازەکان خستووەتەڕوو، بەڵام زۆربەی لایەنەکان کەمترین خاڵیان لەبارەی داهاتی نێوخۆیی و دەروازە سنوورییەکان باسکردووە، ئەوەی هەیە تێڕوانینێکی گشتییە، بەڵام بە وردی باسی پرسەکەیان نەکردووە.
 
لە یەکێک لە خاڵەکاندا پارتی باسی رێگرتن لە قاچاخچێتیی لە دەروازە سنوورییەکانی کردووە. لایەنەکانی دیکە هیچیان باسی دەروازە سنوورییەکانیان نەکردووە.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان
 
پارتی لە دووتوێی 14 تەوەردا کارنامەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە تەوەری دووەمدا باسی پرسی کارگێڕی و ئابووری و چاکسازیی گشتیی کردووە و لە خاڵی پێنجەمی ئەم تەوەرەدا، پارتی جەختی لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نێوخۆیی کردووە؛ ئاماژەی بەوە کردووە، "بەردەوامبوون لەو چاکسازییانەی لە کەرتی ئابووریی کوردستان دەکرێن، بەرەو زیادکردن و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نێوخۆیی و پشت نەبەستن تەنیا بە کەرتێکی دیاریکراو."
 
هەروەها پارتی جەختیکردووەتەوە لەسەر "بەردەوامبوون لەسەر هەموو ئەو یاسا و رێنمایی و رێکارانەی دەرکراون بۆ هەبوونی شەفافیەت و بەرچاوڕوونی لە بواری داهات و جەرجی دا، هەموارکردنەوە و دەرکردنی یاسا و رێنمایی پێویستی دیکە بۆ مسۆگەرکردنی شەفافیەتی زیاتر."
 
لە خاڵی حەڤدەیەمی هەمان تەوەردا باسی داهاتی دەروازە سنوورییەکان کراوە و ئاماژە بەوە کراوە، "کار دەکەین بۆ کۆکردنەوەی داهاتی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و بە جێبەجێکردنی زیاتری ئەو یاسایانەی رێگە لە دیاردەی قاچاخی دەگرن، هەوڵی نەهێشتنی دەدەین."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چوارچێوەی 16 بەشدا، کارنامەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە دووەم بواری کارنامەی حیزبەکەدا لە بواری کارگێڕی و ئابووری، یەکێتی لە خاڵی هەژدەیەم و دوایین خاڵدا نووسیویەتی، "رێکخستنەوەی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەردەمیانە و هاوسەنگ."
 
لە بەشی دەیەمی کارنامەی یەکێتی دەربارەی سێکتەری گەشتوگوزار، ئاماژە بەوە کراوە "گرنگیدان بە شوێنە گەشتیارییەکان، بە شێوەیەک کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی داهات و فەراهەمکردنی هەلی کار بۆ گانجان."
 
لە هیچ شوێنێکی دیکەی کارنامەی یەکێتیدا ئاماژە بە رێکخستنی داهاتی نێوخۆیی و دەروازە سنوورییەکان نەکراوە."
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش لە کارنامەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چەند ئامانج و خاڵێکی نووسیوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی، لە یەکێک لە خاڵەکانیدا باسی لە "بنیادنانی ئابوورییەکی فرەدەرامەت" کردووە، پێیوایە "پێویستە کۆمەڵگە لەو قۆناخە دواکەوتووەی رابردوو دەربهێندرێت، بە سوودوەرگرتن لەو هەموو دەرامەتە."
 
هەروەها نووسیویەتی، "هەمەجۆرکردنی چالاکییە ئابوورییەکان، لەپێناو کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و رەخساندنی خۆشگوزەرانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو بە هاووڵاتییان."
 
یەکگرتوو لە کارنامەیدا ئاماژەی بە "کەمکردنەوە و رێکخستنەوەی باج و رسوومات و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سوودی گشتی" کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی کارنامەی یەکگرتوودا باس لە سامانی نەوت کراوە و ئەوە هاتووە، "سامانی نەوت و گاز موڵکی هەموو هاووڵاتییان و نەوەی داهاتوویشە، دەبێت بۆ خزمەتی گشتی و گەشەپێدانی ئابووریی وڵات و باشکردنی گوزەرانی خەڵک بەکاربێت، بەپێی یاسا و دەستوور." لە خاڵی دواتریشدا زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر ئەو بوارە و ئەوەی خستووەتەڕوو، "نابێت حیزب بازرگانیی نەوت و گاز بکات، لە دەرهێنان یان بە بازاڕخستن یان بە خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان."
 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان
 
هەریەکە لە زەحمەتکێشان، حیزبی شیوعی و سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، ئەو سێ هێزە سیاسییە لە چوارچێوەی چوار ئامانج ، 32 خاڵیان وەکو کارنامەی لیستەکەیان خستووەتەڕوو، ئامانجی دووەمی هاوپەیمانێتییەکە ئابوورییە. ئەوەی پەیوەندیی بە داهاتی نێوخۆیی و دەروازە سنوورییەکانەوە هەبێت، هاوپەیمانێتییەکە لە خاڵی هەشتەمیدا ئاماژە بەوە دەکات "كەمكردنەوەی باج و زەریبە لەسەر کاسبکاران و دانانی نرخی گونجاو بۆ ئاو و کارەبا."
 
هاوپەیمانێتییەکە بەراورد بە حیزب و لایەنەکانی دیکە، کارنامەکەی لە هەمووان کورت و پوختترە، بەڵام باسی لە دەروازە سنوورییەکان و داهاتی نێوخۆیی نەکردووە. 
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
 
کارنامەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە 9 بەش پێکدێت، کە هەر بەشێکی بەسەر چەند خاڵێکدا دابەش کراوە و 27 لاپەڕەیە.
 
بەشی یەکەمی کارنامەکە کۆمەڵێک بنەمای گشتی لەخۆدەگرێت. لە خاڵی پێنجەمی بنەما گشتییەکاندا هاتووە، "کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتی هەرێمی کوردستان لە یەک خەزێنەی پارێزراوی دوور لە دەستی حزب لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەت و وەزارەتی دارایی و چاودێریی پەرلەمان و دیوانی چاودێریی دارایی، بە پێی بنەما یاساییەکان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان."
 
لە بەشی دووەمی کارنامەی کۆمەڵی دادگەری کە تایبەتە بە "سیاسەت و بەڕێوەبردن"، لە خاڵی چوارەمی ئاماژەی بەوە کردووە " رێگرتن لە تاڵانفرۆشكردنی نەوتی خاوی كوردستان و بەرهەمەكانی و دەرهێنانی لە دەست كەس و حیزب و بەكارهێنانی لە باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتییاندا، ئەمەش بە هەمواركردن و پاشان كاراكردنی یاسای نەوت و گاز لە ژێر رۆشنایی دەستووری عێراق و بڕیارە یاساییەكان لەوبارەیەوە."
 
لە خاڵی پێنجەمی هەمان بەشدا ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی زیادکردنی باج دەکات و هاتووە " هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیار و رێنماییەكانی لایەنی پەیوەندیدار كە تایبەت بە زیادكردنی باج و رسوومات و پێبژاردن بە نایاسایی دەرچوون و زیاد كراون و رێكخستنەوەیان بەپێی یاسا كارپێكراوەكان."
 
پێنجەم بەشی کارنامەی کۆمەڵی دادگەری تایبەتە بە تەوەری "ئابووری و خۆشگوزەرانی" لە خاڵی یەکەمیدا ئاماژە بەوەکراوە " هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەك تەنیا پشت بە داهاتی كەرتی نەوت نەبەسترێت."
 
بەرەی گەل 
 
بەرەی گەل، کە هێزێکی سیاسیی نوێیە، بە سەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، خاوەن درێژترین کارنامەی هەڵبژاردنە، ئەو هێزە سیاسییە کە یەکەم ئەزموونی بەشداریکردنیەتی لە هەڵبژاردن، لە بەشی هێڵە گشتییەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە "کەمکردنەوەی باج و گومرگ و رەسم کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە نایاسایی بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە، بە شێوازێک کە هاوسەنگی رابگرێت لە نێوان باری ئابووری و داهاتی خەڵک."
 
هەروەها بەرەی گەل بەشی چوارەمی تەرخانکردووە بۆ پرسی "ئابووری و سامانی سروشتی"، لە خاڵی هەشتەمی ئەم بەشەدا سەرنجی خستووەتە سەر "فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار."
 
هەروەها لە خاڵی سێزدەمی هەمان بەشدا هاتووە "نەهێشتنی ئەو زیادکردنە نایاساییانەی کە حکومەتی هەرێم لەسەر رەسم و باج و گومرگ لە دەرەوەی یاساکان کردوویەتی، بە جۆرێک کە هاوسەنگی رابگیرێت لە نێوان داهات و خەرجی هاووڵاتییان."
 
هەرچی پەیوەست بێت بە سامانی نەوتەوە، بەرەی گەل دەڵێت "سامانی نەوت و هەموو سامانێکی دیکەی سرووشتی، موڵکی هەموو گەلە، پێویستە سوودەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەڵک و لە خزمەت ژیان و ئاوەدانی و پێشخستنی ئابووریدا بێت." هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر "پێداچوونەوە بە سیاسەتی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا."
 
بزووتنەوەی گۆڕان
 
بزووتنەوەی گۆڕان لە تەوەری حکومەت و پەرلەمانی کارنامەکەیدا، لە خاڵی شەشەم ئاماژەی بەوە کردووە، "بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی رۆشن بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە، سەبارەت بە سەرچاوە و چەندایەتیی داهات، چۆنێتی خەرجکردن، دابەشکردنی بەسەر کەرت و ناوچەکاندا بە یەکسانی و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان."
 
هەروەها لە خاڵی 11 جەخت لەوە کراوەتەوە "کەمکردنەوە و پێداچوونەوە بە سیستمی باج لەپێناو راگرتنی دادوەریی کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان بە دەوڵەمەند و هەژارەوە."
 
لە کارنامەی بزووتنەوەی گۆڕاندا، جگە لەم دوو خاڵە، لە هیچ شوێنێکی دیکە باس لە رێکخستنەوەی داهاتی نێوخۆ و خاڵە سنوورییەکان نەکراوە.
 
نەوەی نوێ 
 
جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە چوارچێوەی 33 خاڵدا، کارنامەی چوار ساڵی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خستووەتەڕوو، لە خاڵی 12 نەوەی نەوێ ئاماژەی بەوە کردووە "لابردنی سەرجەم ئەو باجە جۆربەجۆرانەی کابینەکانی پێشووی حکومەت خستوونییەتە سەر کاسبکار و خاوەنکار و کارگەکان، کە بووەتە هۆی سستبوونی بازاڕ و مایەپووچکردنی هەزاران کاسبکار و خاوەنکار، هەروەها لێخۆشبوونی 80%ی هەرچی باج و قەرزی پارەی خزمەتگوزاری و رسوومات و تەواوی باجەکان."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات "سەرجەم ئەو کۆمپانیا و خاوەنکارانەی کە بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەرهەمەکانیان لە پێویستیی ناوخۆی هەرێم زیاترە، بە تەواوی لە باج و رسوومات دەبەخشرێن."
 
لەکۆی 33 خاڵی کارنامەی نەوەی نوێدا، جگە لەو دوو خاڵەی سەرەوە، لە هیچ شوێنێکی دیکە باسی داهاتی نێوخۆیی و دەروازە سنوورییەکان نەکراوە.
 
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی
 
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، کە هێزێکی سیاسیی نوێیە، لە دووتوێی 23 لاپەڕەدا، بەرنامەی رەوتەکەی بڵاوکردووەتەوە، چەندین خاڵ خراونەتەڕوو وەک چارەسەر لە بوارە جیاوازەکاندا.
 
لە خاڵی سێیەمی دیدگای نیشتمانیی رەوتی هەڵوێست دا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی "لە بری ئابووریی حیزبی، دەبێت ئابووریی نیشتمانی هەبێت، کۆی هاونیشتمانییان باوەڕیان وابێت کە سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو هاونیشتمانییانە، نەک دوو حیزب و چەند کەسێک."
 
بەشێکی کارنامەکەی تایبەت کراوە بە "دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان"، لە خاڵی چوارەمی ئەم بەشەدا رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوە کردووە "لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری پەرلەمانی و یاسایی لە داهاتی دیارنەبووی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت، لە دۆسیەی ددیارنەمانی بەخشینەکانی نەوت (شیرینیی نەوت) و فرۆشتنی نەوتی خام و دیارنەبوونی داهاتی نەوت."
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی، کە حیزبێکی سیاسییە بە سەرۆکایەتیی ئارام قادر، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارە، لە کارنامەی هەڵبژاردنیدا، 21 بەشی خستووەتەڕوو لە چوارچێوەی 30 لاپەڕەدا.
 
لە بەشی سێیەمی کارنامەکەیدا کە تایبەتە بە تەوەری ئابووری، لە خاڵی یەکەمدا جەختیکردووەتەوە، "رزگارکردنی هەرێمی کوردستان لە ئابووریی پشتبەستوو تەنیا بە بەروبوومی نەوت و گاز و کارکردن بۆ فرەلایەنکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەپێی سیاسەتێکی خزمەتگوزاریی پشتبەستوو بە گشت کەرتەکانی پیشەسازیی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بەپێی بنەما زانستییەکان."
 
هەروەها لە خاڵی چوارەمدا هاتووە " رێكخستنەوەی سیستمی باج لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەك كە بارگرانی سەرشانی خەڵكی هەژار و كاسبكار كەمبكاتەوە و دادپەروەریی تێیدا رەچاو بكرێت، بە مەبەستی بەشداریپێکردنی هاووڵاتییان لە بنیاتنان و پەرەپێدانی وڵاتدا و بەرپرسیاربوونی حکومەت بەرامبەر بە داخوازی و خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان."
 
لە خاڵی پێنجەمیشدا باسی پرسی نەوتی کردووە و هاتووە " ئەنجامدانی چاكسازیی ریشەیی لە كەرتی نەوت و گاز دا، بە شێوەیەك كە رەچاوی شەفافیەت بكرێت و داهاتی نەوت و گاز بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە خزمەتی خەڵكدا بەكاربێت، هەروەها رێکخستن و واژۆکردنی هەموو گرێبەستەكانی بواری نەوت و گاز بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و مامەڵەکردن بەو داهاتەی بە رێگەی جیاجیا لە كۆمپانیاكانی نەوت وەردەگیرێت، بە رەزامەندی و چاودێریی پەرلەمان."
 
لە خاڵی حەوتەمی هەمان بەشدا هاوپەیمانیی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کردووە، "خستنەڕووی بڕی داهات و خەرجییەکان بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا لە سەرەتای هەموو ساڵێکی داراییدا و ناردنی تەواوی بودجە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی پشکنین، بەدواداچوون، تەواوکاری و پەسەندکردن و چاودێریکردنی ورد و بەردەوامی سەرفکردنی لەلایەن لیژنە پەرلەمانییە تایبەتمەندەکانەوە."
 
لەبارەی داهاتی باجیشەوە، لە خاڵی 12ـی کارنامەی هاوپەیمانی نیشتمانیدا هاتووە " دانانی سیستەمێک بۆ کۆکردنەوەی باج بە یاسایەکی نوێ لە پەرلەمان، بۆئەوەی باج ئامرازێک بێت بۆ ئابوورییەکی جێگیر و دروست و هۆکارێک بێت بۆ دادپەروەری، سەقامگیریی بازاڕ، پاراستنی ژینگە و رێگەوبانەکان و نەکرێتە ئامانج بۆ قەبەکردنی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت."