زانکۆی سەلاحەدین: توانای وەرگرتنی زیاتر لە 8,500 دەرچووی ئامادەییمان هەیە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆسەی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و زانکۆکان پلانی توانای وەرگرتنی دەرچووانیان رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە. 
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، 20 زانکۆی حکومیی لە هەرێمی کوردستان هەن و ساڵانە دەرچووانی ئامادەیی وەردەگرن.
 
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر ئەمڕۆ هەینی، 11ـی 10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکاریمان کردووە و پلانی خۆمان رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و چاوەڕوانین ئەوان دەرچووان بنێرن".
 
زانکۆی سەلاحەدین بە وەزارەتی خوێندنی باڵای راگەیاندووە، ئەم ساڵ توانای وەرگرتنی 8 هەزار و 579 دەرچووی 12ـی ئامادەییان هەیە. سامان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئێمە دەتوانین ئەو رێژەیە وەربگرین، بەڵام وەزارەت زیاتر یان کەمتر دەنێرێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە".
 
زانکۆی سەلاحەدین 16 کۆلێژ و 95 بەشی ئەکادیمی هەیە و ئەو دەرچووانەی 12ـی ئامادەیی لەو زانکۆیە وەربگیرێن، بەگوێرەی داواکاری و نمرەکانیان دابەشی ئەو بەشانە دەکرێن. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەم ساڵ 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی ناوەکانیان لە وەزارەتی پەروەردەوە رەوانەی خوێندنی باڵا کراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچوو زیاترن.
 
هەروەها بە گوتەی د. خەتاب ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ رووداو، بۆ خوێندنی ساڵی 2024- 2025، وەزارەتەکەیان توانای وەرگرتنی زیاتر لە 60 هەزار دەرچووی 12ـی ئامادەیی هەیە.
 
زانکۆکانی دیکەش ئامادەکارییان بۆ وەرگرتنی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کردووە. د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، توانای وەرگرتنی هەزار و 400 خوێندکاری نوێیان هەیە.
 
هەروەها محەممەد سەید گوڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە بە رووداوی گوت، ساڵانە نزیکەی هەزار و 250 خوێندکاری نوێ وەردەگرن.
 
لە زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵیش ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکاری نوێ کراوە. د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ خوێندنی ساڵی نوێ دەتوانن 520 دەرچووی 12ـی ئامادەیی وەربگرن.