باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی تەواو لە یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بەردەوامیی ئەرکی حکومەتی وڵاتەکەی بە راهێنان و راوێژپێدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی تەواو لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات". لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەڵێت، "هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە، بەڵام پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە".
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئۆکتۆبەری 2023، ماوریتسیۆ گرێنگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە دیداری مێری لە هەولێر بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی 20 ساڵە هاوکاریی پێشمەرگە دەکەین و تاوەکو ئێستاش بەردەوامین". گوتیشی، تیمی راهێنانیان لە سێ شوێنی هەرێمی کوردستان هەیە و هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن.
ماوریتسیۆ گرێنگانتی لەبارەی چاکسازییەکان و پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گوتی، "ئێمە بەشێکین لە گرووپێکی فرەنەتەوەیی راوێژکاری کە راوێژ بە پێشمەرگە دەدەین لە چاکسازییەکان. ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە و بێگومان دەبێت کاری زیاتر بکرێت".
هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
باڵیۆزی ئیتاڵیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە گەشبینە بەوەی دەستپێبکاتەوە و پێیوایە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکە، پێویستە رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکانی پەیوەندیدار بەم دۆسیەیەدا هەبێت.
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیارێکی پێشتری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش هەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.
ماوریتسیۆ گرێنگانتی دەڵێت، "پێم وایە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەستپێدەکاتەوە، چونکە ئەوە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراقیش. ئەوەی تێیگەیشتووم و بەگوێرەی لێدوانەکانی حکومەتی تورکیا، بۆرییەکەی نەوت ئێستا ئامادەیە؛ بۆیە ئێستا پرسەکە پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسی هەیە لەنێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان. پێشم وایە سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆک ئەردۆغان بۆ بەغدا و عێراق لەم رووەوە زۆر گرنگ دەبێت".
گفتوگۆکان بۆ چارەسەری بودجە
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق باس لەوە دەکات کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا گفتوگۆی لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و پێیوایە ویستێکی زۆر هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دەشڵێت، "ئەوان رێککەوتنێکیان دۆزییەوە بۆ ماوەی سێ مانگ، ئەمەش دوای ئەو سەردانەی کاک مەسرور، سەرۆکوەزیران لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران کاک قوباد بۆ بەغدا. ئەوان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرجەم سەرکردەی پارتەکان کۆبوونەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باش بوو. هیوادارین ببێتە بناخەی چارەسەرێکی درێژخایەن".
ماوریتسیۆ گرێنگانتی بە گونجاوی نازانێت وڵاتان دەستوەردان لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی بودجە بکەن و بە دروستی دەزانێت ئەوان خۆیان رێکبکەون و دەشڵێت، "پێویستە ئەو چارەسەرە یەکەمجار عێراقییەکان بۆ خۆیان بیدۆزنەوە، شتێکی گونجاو نابێت ئێمە دەستوەردان بکەین، ئەوان دەبێت چارەسەرێکی دروست بدۆزنەوە و ئێمەش پشتگرییان دەکەین".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ماوریتسیۆ گرێنگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق:
رووداو: مێریت چۆن بینی؟
ماوریتسیۆ گرێنگانتی: وەک هەمیشە زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئەمە کۆڕبەندێکی ناسراوە کە تێیدا سیاسەتمەداران، دیپلۆماتکاران، توێژەران، رۆژنامەڤانان، خەڵکی ئاسایی دێن و کۆدەبنەوە و پانێڵیستەکانیش سەرنجڕاکێش بوون.
رووداو: جەنابی باڵیۆز، هەروەکو دەزانین ئێستا ناکۆکی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لە پرسی بودجەدا. ئایا ئێوە قسەتان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان کردووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو پرسانە؟
ماوریتسیۆ گرێنگانتی: بەڵێ بێگومان. من ناڵێم ئەوە ناکۆکییە. بەدڵنیاییەوە پرسێک هەیە پێویستی بە گفتوگۆ و چارەسەرە، لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکەکە و هەروەها بۆ بەرژەوەندیی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر؛ هەروەها لەپێناو داهاتووی عێراق بەڵێ قسەم لەگەڵ زۆر کەس کردووە، لە بەغدا و لێرەش. بەڕاستی ویستێکی زۆرم بینیوە بۆ دۆزینەوەی رێککەوتنێک. ئەوان رێککەوتنێکیان بۆ ماوەی سێ مانگ کرد. ئەمەش سوپاس بۆ ئەو سەردانەی کاک مەسرور، سەرۆکوەزیران لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران، کاک قوباد، بۆ بەغدا. ئەوان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرجەم سەرکردەی پارتەکان کۆبوونەوە کە ئەوەش هەنگاوێکی زۆرباش بوو، کە بووە هۆی ئەو رێککەوتنە. هیوادارین ئەمە ببێتە بناخەی چارەسەرێکی درێژخایەن کە ئەوەمان پێویستە.
رووداو: ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە؟
ماوریتسیۆ گرێنگانتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری دەکات. هیچ گومانی تێدا نییە کە دەبێت ئەو چارەسەرە یەکەمجار عێراقییەکان بۆ خۆیان بیدۆزنەوە. راستییەکەی ئەوە شتێکی گونجاو نابێت ئێمە دەستوەردان بکەین. ئەوان دەبێت چارەسەرێکی دروست بدۆزنەوە و ئێمەش پشتگرییان دەکەین.
رووداو: ئەی لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی ئێوە چییە و پێتان وایە دەبێت دەستپێبکاتەوە؟
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق: پێموایە دەبێت دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراقیش. ئەوەی تێی گەیشتووم و بەگوێرەی لێدوانەکانی حکومەتی تورکیا، بۆریی نەوت ئێستا ئامادەیە، بۆیە ئێستا پرسەکە پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسی هەیە لەنێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ پێشم وایە لە ئەمڕۆوە سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆک ئەردۆغان بۆ بەغدا و عێراق زۆر گرنگ دەبێت.
رووداو: ئەوەی ئێوە دەیزانن کێشەکە چییە؟ بۆچی عێراق ئامادە نییە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە؟ چونکە تورکیا رایگەیاندووە ئەوان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە.
ماوریتسیۆ گرێنگانتی: بەڵێ، بەڵام هەروەکو دەزانین کەیسێکی یاسایی هەبوو کە بۆ دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بەرز کرایەوە و عێراق کەیسەکەی بردەوە، بۆیە پێم وایە ئەمە پرسێکی گرنگە و پێویستە چارەسەر بکرێت. لەبەرئەوەی ئەوەی من ئاگادار بم هێشتا ئەمە جێبەجێ نەکراوە. بۆیە هەروەکو ئاماژەم پێدا، پێم وایە کە دەبێت رێککەوتنێکی گشتی هەبێت و هەموو ئەم پرسانە بگرێتەوە، نەک تەنیا خاڵە تەکنیکییەکانی بۆریی نەوتەکە.
رووداو: دوا پرسیارم لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە. ئەو پرۆسەیە بەکوێ گەیشت؟ چونکە ئەوە پرسێکی گرنگە.
ماوریتسیۆ گرێنگانتی: زۆر گرنگە. ئێمە بۆ ماوەی 20 ساڵە هاوکاری پێشمەرگەمان کردووە. هێشتاش ئێمە بەردەوامین و تیمی راهێنانمان لە سێ شوێنی جیاواز لە کوردستان هەیە؛ باکوور، ناوەند، و باشوور و هاوکاری پێشمەرگەش دەکەین. ئێمە بەشێکین لە گرووپێکی فرەنەتەوەیی راوێژکاری کە راوێژ بە پێشمەرگە دەدەین لە چاکسازییەکان. ئەم پرۆسەیەش دەستیپێکردووە. بێگومان دەبێت کاری زیاتر بکرێت. پێم وابێت پرۆسەکە خاوە، چونکە دوو بەشە. بەشێکی تایبەتە بە یەکخستنەوەی هێزەکانی باشوور و بەشێکیشی بریتییە لە یەکە هاوبەشەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق. لەم پرۆسەیەشدا کوردستان پشتگیری تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. ئێمە لێرەین و هەموو تواناشمان بەکاردەهێنین بۆ هاوکاریکردنیان.
رووداو: پێت وایە پێویستە پڕۆسەکە خێراتر بێت؟
ماوریتسیۆ گرێنگانتی: راستییەکەی بەڵێ. بێگومان، بەڵام ئێمە لە زەحمەتییەکان دەگەین و هەروەکو ئاماژەشم پێدا ئێمە لێرەین بۆ هاوکاریکردن.