دووەم رۆژى دیدارى مێرى دۆخى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى هەولێر و بەغدا، ئایندەى شنگال تاوتوێکرا

11-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن دیداری مێری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە "هیچ پاڵپشتیکارێکی بە‌‌هێزتر لە ئەمریکا بۆ کوردستانی عێراق نییە و لێشی بەردەوام دەبن." لەکاتێکدا سەرۆکى یەکێتى بە پێویستى زانى بە "زووترین کات" هەڵبژاردن بکرێت و حیزبەکان ناتوانن ببنە بەدیلی حکومەت. جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، 'مەرکەزییەت' لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، هەروەها راوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراقیش دەڵێت " ئێمە لە عێراقدا هێشتا لە ساڵی 1980ـدا دەژین، جیهانیش لە ساڵی 2023 دەژی"
 
فیدراڵى و لامەرکەزى، دۆخى نێوخۆى هەرێمى کوردستان و پەیوەندىیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاییندەى شنگال، دیارترین ئەو پرسانە بوون کە لە پانێڵەکانی دووەم رۆژى دیدارى مێرى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەشدارانیان سەرۆکى یەکێتى، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جێگرى سەرۆکوەزیران، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى یونامى و راوێژکارانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بوون.   
 
لە پرسی شنگالدا، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەکەکەی بە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنى رێککەوتنى شنگال زانی، بەرپرسێکى یونامیش هۆشدارى دەدات لەوەى؛ ئەگەر ئیدارەیەکى گونجاو بۆ قەزاى شنگال نەبێت پڕۆژەى وڵاتانی بیانى لە قەزاکە لە مەترسیدا دەبێت.  

 

 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی: هیچ پاڵپشتیکارێکی بە‌‌هێزتر لە ئەمریکا بۆ کوردستان نییە
 
ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دووەم رۆژی دیداری مێری لە پانێڵێک بە ناوى "سیاسەتى ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە" بەشدار بوو.

 

ڤیکتۆریا تایلەر گوتی "هیچ پاڵپشتیکارێکی بە‌‌هێزتر لە ئەمریکا بۆ کوردستانی عێراق نییە. ئێمە بەردەوامیش دەبین لەوەی پاڵپشتیکارێکی بەهێز بین بۆ هەرێمی بەهێز و خۆڕاگری کوردستان لەنێو عێراقێکی فیدراڵدا."
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە پێیوایە هەبوونی هەرێمێکی بەهێزی کوردستان "نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی عێراقیشە."
 
لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڤیکتۆریا تایلەر گوتی "گرنگە گفتوگۆکان بەردەوام بن تاوەکو هەندێ لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن. دەزانین پرسی بودجە، یاسای نەوت و گاز، هەروەها گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەشکردنی داهات، گرنگ دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمەکە."
 
تایلەر بەڵام گوتیشی "ئەگەر بمەوێ وەک دۆستێکی مەزنی هەرێمی کوردستان شتێک بڵێم، ئەوە دەبێت؛ ناکۆکیی نێو هەرێمی کوردستان بە راستی کاریگەریی خراپی لەسەر گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا هەیە،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بینیومانە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ بەغدا کاریگەرترن، کاتێک بە بەرەیەکی یەکگرتووەوە دەڕۆن. بۆیە دۆستە باشەکانمان لە هەرێمی کوردستان هاندەدەین رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکیانە نەهێڵن، بۆ ئەوەی ئەم پرسە گرنگانە چارەسەر بکەن." 
 
قوباد تاڵەبانى: مەرکەزی لە عێراق سەرکەوتوو نابێت و سەرکەوتووش نەبووە
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەڕێوەبردنی عێراق و پەیوەندییەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پێویستیی بە فیدرالیزم و لامەرکەزییە، بەڵام گوتی "هەموو کەسێک باسی فیدرالیزم و لامەرکەزی دەکات [تەنیا] تاوەکو دەگەنە دەسەڵات، بەڵام کە دەگەنە دەسەڵات، هەست دەکەن ئەم کورسییە خۆشە و دەڵێن 'حەزم لەو دەسەڵاتەیە کە ئەم کورسیە پێمدەدات، بۆچی دەسەڵات بگوازمەوە بۆ ئەوانی دیکە'."

 

 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکى دیدارى میرى بە ناونیشانی "لامەرکەزی یان دیسانەوە مەرکەزی؟ ئەمە پرسیارەکەی" بەشداریی کرد.

 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، دەستوور عێراق بە وڵاتێکی فیداڵی پێناسە دەکات، بەڵام دەستوور "پرسیاری لەسەرە و ناڕوونیی تێدایە، هەروەها چەندین یاسای پەسندنەکراون بۆ پڕكردنەوەی ئەو کەلێنانەی، لەنێو دەستووردا هەن."

قوباد تاڵەبانی هەروەها گوتەیەکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە بەڵگە هێنایەوە کاتێک رۆژی سێشەممە، لە یەکەم رۆژی دیداری مێریدا گوتی "هەندێ بوار هەن رەنگە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی بەزاندبن و لە هەندێ بواریشدا، مامەڵەی حکومەتی عێراق هەموو شتێک بووە، فیدراڵی نەبێت."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی لەوە کرد "مەرکەزی لە عێراق سەرکەوتوو نابێت و سەرکەوتووش نەبووە،" گوتیشی "مەرکەزی تەنیا ئەو کاتە لە عێراق کاردەکات، ئەگەر دووبارە ببێتەوە بە دیکتاتۆریەت،" 
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەى سرووشتى پەیوەندىی نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق قسەى کرد و گوتی، "پێویستە بگەینە چوارچێوەیەک یان شێوازێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە نەک حوکمکردنی، کە بە بڕوای من، ئەوە کرۆکی فیدراڵیزمە، هەموو کەسێک باسی فیدراڵیزم و لامەرکەزی دەکەن تاوەکو ئەو کاتەی دەگەنە دەسەڵات".
 
 
راوێژکارێکى سوودانى: لە عێراق هێشتا لە ساڵی 1980ـدا دەژین
 
یەکەم پانێڵى دووەم رۆژی دیداری مێری، بە ناونیشانی "حکومەتی سوودانی: پابەندییەکان و پێشوەچوونەکان و ئاسۆکان" بوو، هەڵسەنگاندن بوو بۆ تەمەنى ئەو حکومەتەى دوو هەفتەى دیکە دەبێتە ساڵێک.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانى عێراق لە پانێڵەکەدا ئاماژەى بەوە دا، عێراق دەوڵەتێکە لە ناوخۆ "ئیفلیج کراوە و لە دەرەوەش کۆتوبەند کراوە" بۆیە بە گوتەى ئەو چاوەڕێ لە هیچ سەرۆکوەزیرانێک ناکرێت بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و تەنانەت دەسەڵاتیشیان پێنادرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بەڕێ بکەن".
 
موسەننا ئەمین گوتى "نزیکەی 25 یاسا هەن، کە دەستوور ئاماژەی پێکردوون و تائێستا لە پەرلەمان دانەڕێژراون و ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ داڕشتنیان نییە، یاسای نەوت و گازیش یەکێکە لەو یاسایانە." 
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، یەکێک لە کێشەکان، بوونی هێزی چەکداری جیاوازە، کە فەرمان لە فەرماندەکانیان وەردەگرن نەوەک لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی شکستێکی دیکە رووبەڕوومان دەبێتەوە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. گوتیشى "سەروەریی عێراق رۆژانە پێشێل دەکرێت و ئێمەش وەک دەوڵەت، ناتوانین هیچ شتێک بکەین"
 
عەقیل خەزعەلی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری گەشەپێدانی کارگێڕی لە پانێڵەکەدا لەبارەی سەروەریی عێراق بۆچوونی جیاوازی هەبوو، ئەو پێیوابوو نەک تەنیا عێراق زۆربەی وڵاتانی جیهان سەروەرییەکانیان لەژێر هەژموونی وڵاتە زلهێزەکاندایە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. 
 
خەزعەلی پێداگربوو لەوەى، کە گەندەڵى رەگی داکوتاوە و تەشەنەی کردووە، گوتیشى "کاتێک باس لە گەندەڵی دەکەین، هیوادارم لە رەهەندە گشتییەکەوە ئاماژەی پێ بکرێت. گەندەڵی سیاسیی، کارگێڕی، دارایی و کۆمەڵایەتییمان هەیە. سیستەمی گەندەڵی، فاکتەری جیاواز لەخۆ دەگرێت".
 
یەکێکى دیکەى لەو پرسانەى لە پانیڵکەدا باس کرا؛ فرەچەشنکردنی داهاتی عێراق بوو، لەکاتێکدا عێراق بەتەواوی پشت بە نەوت دەبەستێت. 
محەممەد نەجار، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە لە پانێڵەکەدا گوتى "ئێمە لە عێراقدا هێشتا لە ساڵی 1980ـدا دەژین، جیهانیش لە ساڵی 2023ـدا دەژی، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان دوو کولتووردا هەیە، وەبەرهێنەر ناتوانێت بێت لە عێراق کاربکات، کوردستان زۆر هەنگاوی نا بۆ باشترکردنی ئەم دۆخە، ئێمەش وەک حکومەتی ناوەندی زۆر شت هەیە لەمبارەیەوە پێویستە بیانکەین، وەبەرهێنەر دێت، رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە".
 
سەرۆکى یەکێتى: پێویستە بەزووترین کات هەڵبژاردن بکەین
 
یەکێک لە پانێڵەکانى دیکەى دیدارى مێرى پانێڵی "سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عێراق" بوو کە بافڵ تاڵەبانى ، سەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان تێیدا بەشدار بوو.
 
بافڵ تاڵەبانی باسی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کرد و گوتی "بەنیازین شاندێک بنێرین بۆ لای هەموو لایەنە سیاسییەکان [لە هەرێمی کوردستان] و دەمانەوێت بەرنامەی خۆمان پێیان رابگەیێنێن و، هەوڵێکی جیدی دەدەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیشەوە گوتی "پێویستە بەزووترین کات هەڵبژاردن بکەین، حیزبەکان ناتوانن ببنە بەدیلی حکومەت و یەکێتی بەنیازی ئەوەش نییە." 
سەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەبارەى کێشەکانى حیزبەکەى لەگەڵ تورکیا قسەى کرد و،  نەیشاردەوە کێشەیان لەگەڵ تورکیا هەیە. بافڵ تاڵەبانی گوتی "کێشەی ئێمە لەگەڵ تورکیا بۆچوونی جیاوازە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە نییە، چەند حیزبێک هەن لەنێو سلێمانی داوادەکەن دایبخەن، چوومەتە بەغدا داوام کردووە دابخرێت، گوتوویانە نابێت حیزب، حیزبی دیکە دابخات."
 
یەکێک لە پرسەکانى دیکە کە سەرۆکى یەکێتى باسی کرد، ئاماژەکانى هەوڵى بێهێزکردنى هەرێمى کوردستان یان سیناریۆکانى دابەشبوونى بوو.  

 

بافڵ تاڵەبانی گوتى "ئامانجی ئێمە پاراستنی هەرێمە، ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دروستبووە، ئێمە نابێت کورتبینانە بیر بکەینەوە، ئەگەر ئێستا بچین سلێمانی جیا بکەینەوە بۆ چەند مانگێک تاوەکو مووچە وەربگرین و خوای نەکردە لایەنێکی دیکە مووچە وەرنەگرێت، ئەی دوای ئەمە چی روودەدات؟ دەتوانی بەیەکەوەی بلکێنیتەوە؟ نا، ئێمە دەبێ بەیەکەوە کار بکەین.".

 
پەیوەندییەکانى یەکێتى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران یەکێکى دیکە بوو لەو پرسیارانەى ئاڕاستەى سەرۆکى ئەو حیزبە کرا. 
 
بافڵ تاڵەبانی گوتى "ئێمە سنوورێکمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، چەند سەت کیلۆمەترێکە، چەندینجار کە کورد لێی قەوماوە، رایانکردووە بۆ ئێران. پەیوەندییەکی دوورودرێژمان هەیە لەگەڵ ئێران و پێشمانخۆشە و پەیوەندییەکی زۆر زۆر گرنگە، بەڵام یەکێتی هەموو جارێک وابووە، یەکێتی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەک هەیە، تەسەور ناکەم حیزبێکی دیکە هەبێت لە کوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان ئەوەندە باش بێت. بەینمان زۆر خۆشە لەگەڵ براکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتە ئەوروپییەکان.
 
 
رێبەر ئەحمەد: پەکەکە ئاستەنگی بەردەم رێککەوتننامەى شنگالە
 
یەکێک لە پانێڵەکانى دیکەى رۆژى دووەمى دیداری مێری دەربارەى دۆخى قەزاى شنگال و ئایندەى ئەو قەزایە بوو بە ناونیشانى "رێککەوتنی شنگال: پێشکەوتن و بەربەستەکان"
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەو پانێڵەدا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆ سیاسییانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوون، بەڵێنێکی زۆر وەک جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال بە هەرێمی کوردستان دراوە، ''بەڵام تائێستا بەشێکی زۆر کەم لەو بەڵێنانە جێبەجێکراون.''
 
ساڵی 2020 لەپێناوی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچکەکە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.
 
رێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد، لەگەڵ شەڕی داعش لە ساڵی 2014ـەوە تائێستا، بەشێکی زۆری ئێزدییەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ئاوارەن و زێدی خۆیان جێهێشتووە و تائێستاش ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ شنگال، گوتیشی، ''ئێستا نزیکەی 300 هەزار ئێزدی لە کەمپەکان، شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین"
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێککەوتننامەی شنگال خۆی ئامانج نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە زەمینە خۆشکردنە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140: ''ئێمە کێشەیەکی دەستووریمان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەوە هەیە کە ئیرادەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور، یاسا، رێککەوتنەکان و تەنانەت لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانیش دەبینرێت''.
 
بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، رێککەوتنێکی زۆر باش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، ''بەڵام کاتێک دەگاتە سەر جێبەجێکردنی، ئیرادەیەک لە پشت ئەو ئیرادە حکومییە، رێگە نادات رێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن و پەکەکە ئاستەنگی بەردەم رێککەوتننامەى شنگالە"
 
رێککەوتنامەی شنگال دابەش دەبێت بەسەر بڕگەکانی کارگێڕی، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ''بڕگەی چوارەم کە کەس باسی لێوەناکات و تا رادەیەکی زۆریش حکومەتی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا خۆیانی لێ دەپارێزن، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی سێ بڕگەکەی دیکەی رێککەوتننامەی شنگال.''
 
رێبەر ئەحمەد داواى لە حکومەتی فیدراڵی کرد بەرامبەر بە پەکەکە هەڵوێستێکی ''زۆر روون و ئاشکرا''ـی هەبێت و، دەڵێت ''پەکەکە بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بووەتە سەرئێشە، بووەتە بیانوویەک بۆ دەستوەردانی زیاتر لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆچی ئەم بیانووە نابڕێتەوە، چونکە ئەوانەی کە پشتگیری لە هەبوونی پەکەکە دەکەن، حەز بە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق ناکەن.''
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت ''ئەگەر پەکەکە و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە چیای شنگال دوو نەخرێنەوە، حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان، خەڵکی سڤیل و بێ دەرامەتی شنگال، بەتایبەتی ئێزدییەکان لە دەرئەنجامی ناسەقامگیری و نەگەڕانەوەی کارگێڕیی یاسایی باجێکی گەورەتر دەدەن''.
 
رێبەر ئەحمەد دەشڵێت، دەکرێ بە هێزی سەربازی و بە تووندی مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپە نایاساییانە بکرێت، ''بەڵام کێشەی شنگال لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێت و ئەگەر ئەم دیالۆگە نەبێت، داهاتووی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.''
 
لە بەشێکى دیکەى ئەو پانێڵەدا کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری سەرۆکى نێردەى نەوتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) نەکشانەوەی گرووپە چەکدارەکانى بە بەربەست زانى لە بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و گوتى: "ئاستەنگێک هەیە لەبەردەم پێکهێنانی هێزی پۆلیس بۆ ئەوەی شوێنی گرووپە چەکدارەکانی دیکە بگرێتەوە، لەنێویاندا پەکەکە و حەشد، لەم کاتەدا هیچ ئاماژەیەکی کشانەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە لە شنگال وەک لە رێککەوتنەکەدا هاتووە نابینین. هەموو ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شنگال هەبووە."
 
کلاودیۆ کۆردۆن ئاماژەى بەوەدا کە تەنیا نەتەوە یەکگرتووەکان هەشت 8 ئاژانسى هەیە کە نزیکەی 50 پرۆژەیان هەیە لە شنگال و بەشێک لەو وڵاتانیش پڕۆژەیان هەیە و گوتیشى: "بێ هەبوونی ئیدارەیەکی گونجاو، هەموو ئەم شتانە لە مەترسیدا دەبن."

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شەفافییەت: داهاتی هەفتانەی سلێمانی لە 13 بۆ 5 ملیار دینار دابەزی

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 5 ملیار دینارە، لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو لە 13 ملیار دینار.