دانیشتووانی گوندی کوڕەداوێ لە شارباژێڕ بە هەرەوەزی رێگەی گوندەکەیان کۆنکرێت دەکەن

12-10-2023
نزار جەزا
دیمەنی کاتی کۆنکرێتکردنی گوندی کوڕەداوێ لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە. وێنە: رووداو
دیمەنی کاتی کۆنکرێتکردنی گوندی کوڕەداوێ لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - شارباژێڕ

دانیشتووانی گوندی کوڕەداوێ لە شارباژێڕ دوو ساڵە دەستیان بە کارێکی هەرەوەزی کردووە، ساڵانە ئەو شوێنەی پێویست بێت لە رێگەی گوندەکەیان کۆنکرێتی دەکەن. لەو کارە هەرەوەزییەدا گەنج و پیر و منداڵیش بەشدارن.
 
ساڵح فەرەج، گوندنشین دەڵێت، "ئەو هەموو چەو و لم و چیمەنتۆیە خێرخواز کڕیویەتی، خەڵکی گوندی کوڕەداوێ کڕیویەتی، بەڵام ئایا حکومەت ناتوانێت چەند کیلۆمەترێکمان بۆ قیرتاو بکات؟"
 
حەمزە محەممەد، گوندنشین ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم چەند ساڵە کاری خێرخوازی و هەرەوەزیی زۆرمان کردووە، بە نموونە دروستکردنی رێگە، دروستکردنی مزگەوت و خانوو."
 
دانیشتووی شاربن یان گوند، زیاتر لە 50 کەس بە یەک دەست کۆبوونەوە بۆئەوەی رێگەی گوندەکەیان کۆنکرێت بکەن، کە رێگەیە بۆ گوندەکانی سەراو، میراوا و دارەبەن.
 
دلێر جەلال، گوندنشین باسی لەوە کرد، "ئەو هاوکارییانەی کۆکراونەتەوە، بەپێی توانای کەسەکە بووە، بە نموونە کەس هەیە 25 هەزار دیناری بەخشیوە، هەشبووە هەزار دۆلاری بەخشیوە، بەڵام ئێستاش کەمێک پارەمان لێ بڕاوە."
 
گوندنشینێکی دیکە بەناوی کازم کەریم دەڵێت، "لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەڕەی تایبەتمان هەیە، لەوێوە ئاگاداری بڵاودەکەنەوە بۆ کاری هەرەوەزی، ئێمەش هەموومان ئەگەر کاری دیکەشمان هەبێت نایکەین و بەدەم بانگەوازەکەوە دەچین."
 
حکومەتى هەرێمی کوردستان داواکاریی چەندجارەی خەڵکی گوندەکەی بۆ قیرتاوکردنی رێگەکەیان جێبەجێ نەکردووە. ئاوات مەحموود، ئەنجوومەنی گوندی کوڕەداوێ رایگەیاند، "زۆر هەوڵمان دا و نووسراومان کردووە بۆئەوەی رێگەکەمان بۆ قیرتاو بکەن، دوو جاریش چووین بۆ سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی زۆریی تێچووەکەی کە زیاتر لە ملیارێک دیناری دەوێت، بۆیان نەکردین."
 
هەمووان بە گەنج و پیر و منداڵەوە لەو کارە هەرەوەزییە بەشدارن. کاری هەرەوەزی لەنێو ئەو گوندەدا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، هەربۆیە توانیویانە چەندین کاری تایبەت و گشتی لەنێو گوندەکەیاندا بە هەرەوەزی بکەن، رێگەی سەرەکی بۆ نێو گوندەکە نزیکەی 10 کیلۆمەترە، دانیشتووانی گوندەکە نزیکەی دوو کیلۆمەتریان کۆنکرێت کردووە، بۆئەوەی دیکەش کە ماوەتەوە چاوەڕێی دەستی ئاوەدانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆیان تەواو بکات.
 
محەممەد جەمیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی رایگەیاند، "بودجەکە کەمە و داواکارییش بۆ نۆژەنکردنەوە یان قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکان زۆرە. ئەگەر لە ماوەی هەشت کابینەی پێشوودا هاوشێوەی ئێستا کار لە رێگەی گوندەکان بکرایە، بێگومان ژمارەیەکی باشتر لە رێگەکان چاک دەکران."
 
لە ماوەی ساڵی 2023دا رێگەی 27 گوندی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین قیرتاو کراون، رێگەی 60 گوندی دیکەش تێکەڵەڕێژ کراون، رێگەی 70 گوندیش دەرخستەى بۆ ئامادە کراوە، رێگەی 34 گوندی دیکەش رەزامەندیی قیرتاوکردنی بۆ دەرچووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گفتوگۆی هیوا جەمال و ئەمجەد محەممەد

سبەی یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ بۆچی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکەنەوە ئەمیندار؟

سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین بۆ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەمجەد محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەڵێت، "ئەوە کۆتایی هاتووە" کە جارێکی دیکە دەیکەنەوە ئەمیندار. گوتیشی: "لە کۆنفرانسەکاندا کۆتایی بەوە {هەڵبژاردنەوەی ئەمیندار} هاتووە".