کۆمیسیۆن شێوازى ژماردنى دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاری دا بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پشت بە هەردوو شێوازى دەنگدانى ئەلیکترۆنى و دەستى، ببەستێت و ئەگەر هاوتا نەبوون دووبارە جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەستى بۆ دەنگەکان دەکرێت و کۆمیسیۆن پشت بە ئەنجامی ژماردنی دەبەستێت.
جومانە غلاى، گوتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، رۆژی چوارشەممە،(11-10-2023)، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بۆ گەرەنتى بێگەردى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ئەنجوومەنى کۆمسیاران بڕیاری دا جیاکردنەوە و ژماردنى دەستى دەنگەکان لە سەرجەم وێستگەکانى دەنگدان بکرێت، لە دواى کۆتایی هاتنى جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى، ئەمەش بەمەبەستى بەراوردکردنى هەردوو ئەنجامەکە.
جومانە غلاى گوتى، "ئەگەر ئەنجامى جیاکردنەوە و ژماردنى دەستى و ئەلیکترۆنى هاوتان بوون، پشت بە ئەنجامە ئەلیکترۆنیەکە دەبەسترێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکان بە رێژەى کەمتر لە 5% وەک یەک نەبوون ئەوکات پشت بە ئەنجامى ژماردنى دەستى دەبەسترێت، بەڵام ئەگەر رێژەى ناهاوتانەبوونەکە زیاتر بوو لە 5%ـی تێکڕاى کارتە دروستەکانى دەنگدان، ئەوکات دەنگەکانى ئەو وێستگەیە دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندى وردبینى ناوەندی پارێزگاکە بە مەبەستى دووبارە جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەنگەکان بەشێوەى دەستى و کۆمیسیۆن پشت بە ئەنجامى ئەو ژماردنەوەیە دەبەستێت."
بڕیارە لە 25ـی شووباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
گوتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر لەدواى شەش کاژێر لە کۆتایی هاتنى دەنگدان ئەنجامى دەنگدانى ئەلکیترۆنى نەنێردرێت بۆ ناوەندى نیشتیمانى کۆمیسیۆن لە بەغدا، ئەو سندووقانە دەبرێنە ناوەندى وردبینى پارێزگاکە جارێکى دیکە جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەستى دەنگەکان دەکرێتەوە و کۆمیسیۆن پشت بە ئەنجامەکەى دەبەستێت.
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.