قوباد تاڵەبانی: دەستووری عێراق هەندێک ناڕوونیی تێدایە

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دیداری مێری گوتی، "دەستوور هەندێک ناڕوونیی تێدایە، چونکە بە دەستوور عێراق فیدراڵییە، بەڵام وەكو ئەوەی گوێمان لێدەبێت وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی 'وەكو خۆی جێبەجێنەكراوە'.''
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-10-2023) لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "لامەرکەزیەت یان دیسانەوە مەرکەزیەت؟ ئەمە پرسیارەکەیە" لە دیداری مێری قسەی کرد و رایگەیاند "هەموو كەس بانگەشەی لامەركەزیەت و دیموكراسی دەكات تا دەگەنە دەسەڵات، كە گەیشتنە دەسەڵات، دەڵێن 'ئەو كورسییە خۆشە بۆ دەسەڵات دابەشبكەین؟'
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا "هێنانی مۆدێلێكی فیدراڵی بۆ عێراق واقیعی نییە." گوتیشی، "ئێمە (لە هەرێمی كوردستان) شەش ملیۆن و شتێكین، بەڵام سیستمێكی ئاڵۆزی ئیداریمان هەیە. روون نییە كێ بڕیار دەدات دەسەڵاتی پارێزگار لەكوێ دەستپێدەكات و لەكوێ كۆتایی دێت؛ ئێمە پێویستمان بەو ئاڵۆزییە ئیدارییە نییە.''
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێیوایە، دەبێت "دەستوورێكی روونمان هەبێت'. جەختیش دەکاتەوە لەوەی ''هەمووكەس دەزانێ فیدراڵی چییە، بەڵام ئەو زانینە مانای ئەوە نییە دەیەوێت جێبەجێی بكات.''