بافڵ تاڵەبانی: بەمنزیکانە شاندێکی یەکێتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە دوای کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە، یەکێک لەو کارانەی کە دەیکەن ئەوەیە کە شاندێک بنێرنە لای هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی یەکێتییان بۆ روونبکەنەوە. لەبارەی کێشەکانی یەکێتیش لەگەڵ تورکیا، بافڵ تاڵەبانی گوتی، دەیانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵی "سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عێراق" لە دیداری مێری قسەی کرد. باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ ئەمریکا، ئێران و تورکیا، هەروەها لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش کرد.
 
بافڵ تاڵەبانی باسی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کرد و گوتی، "بەرنامەی ئێمە ئەوەیە کە یەکڕیزیی نێوخۆمان [نێوخۆی یەکێتی] بپارێزین بۆ ئەوەی خزمەتی میلـلەتی کوردی پێ بکەین." گوتیشی، "بەنیازین شاندێک بنێرین بۆلای هەموو لایەنە سیاسییەکان [لە هەرێمی کوردستان] و دەمانەوێت بەرنامەی خۆمان پێیان رابگەیێنێن و، هەواڵێکی جیدی دەدەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان گوتی، "پێویستە بەزووترین کات هەڵبژاردن بکەین، حیزبەکان ناتوانن ببن بە بەدیلی حکومەت و یەکێتی بەنیازی ئەوەش نییە." باسی لەوەش کرد، "هەموو حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە، دەتوانین بەهێزتر بین."
 
بافڵ تاڵەبانی نەیشاردەوە کە کێشەیان لەگەڵ تورکیا هەیە و لەوبارەوە گوتی، "کێشەی ئێمە لەگەڵ تورکیا بۆچوونی جیاوازە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە نییە، چەند حیزبێک هەن لەنێو سلێمانی داوا دەکەن دایبخەن، چوومەتە بەغدا داوام کردووە دابخرێت، گوتوویانە نابێت حیزب حیزبی دیکە دابخات."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن.
 
دەقی پرسیار و وەڵام لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لە دیداری مێری:
 
پرسیار: روانگەت بۆ بنەماکانی دەوڵەتداری لە هەرێمی کوردستان چییە؟ 
 
بافڵ تاڵەبانی: خۆتان دەزانن کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مێژوویەکی زۆر تایبەتی هەیە، پڕە لە تێکۆشەر و شەهید. یەکەمین شت کە بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە کە یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین، ئامانجی ئێمە شتێکی زۆر سانایە، هەموو توانای خۆمان بۆ یەک ئامانج دەبەین ئەویش ئەوەیە کە خزمەتی میلـلەتی خۆمان بکەین، میلـلەتی کورد بە گشتی. پێموایە ئەم سەرکردایەتییەی (یەکێتی) تێکەڵەیەکی زۆر باشی تێدایە لە خەڵکی بە ئەزموون و گەنج، تاوەکو لەیەکەوە فێربن. جا ئەمە ئامانجێکی دیکەی ئێمەیە. کادر دروستکردن، بەرەوپێشبردنی حیزب. 
 
زۆرجار باس دەکرێت و دەڵێن: لە بەغدا بافڵ وایکرد و ئەمەی کرد، بەڕاستی ئەمە وانییە، حەزدەکەم بۆتان رێکبخەمەوە، لەم دوو ساڵە توانیومانە تیمێکی بەهێز لە بەغدا دروستبکەین و بڕیار بەیەکەوە بدەین و دانیشتنەکانمان بەیەکەوە بێت، ئەگەر تێبینیت کردبێ، قسەی زۆر سەیر لەبارەی کۆنگرەکەی ئێمە دەکرا، بە قسەی تێکۆشەرەکانمان، بۆ نموونە کاک عومەر شێخ مووس "کەم جار کۆنگرەی وا باش و رێکوپێکمان هەبووە". یەک گلەییم لە کۆنگرە هەبوو، ئەویش ئەوەبوو کە زوو تەواو بوو، ئەو قەرەباڵخییەم زۆر بە دڵ بوو، حەزمدەکرد درێژتر بێت. گفتوگۆ لەسەر هەموو بڕگەکانی پەیڕەو کرا، بە دوورودرێژی گفتوگۆ لەسەر هەیکەلی حیزب کرا. پێشموایە حیزبەکەمان بۆ پێشەوە ببەین و مۆدێرینی بکەین. ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە خزمەتی خەڵک بکەین.
 
پرسیار: دەمانەوێ بزانین بە کردەیی چی دەکەن؟
 
بافڵ تاڵەبانی: با لە شتە سادەکانەوە دەستپێبکەین، خۆتان دەزانن ئێستا دۆخی مووچە چۆنە، دۆخی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا چۆنە، رەنگە ئێستا نەتوانین وەکو پێویست مووچە دابین بکەین بۆ میلـلەتەکەمان، بەڵام دەتوانین زۆر شت بکەین بۆ میلـلەتەکەی خۆمان، دەتوانین ئەمنییەتیان بپارێزین، کەرامەتیان بپارێزین. دەشمەوێت زۆر سەرنج بخەینە سەر قەزا، وابکەین حاکم بە تەواوی سەربەخۆبێت و دووربێت لە حیزبایەتی، خۆشبەختانە ئەمە هەیە لە سلێمانی، بەڵام دەمەوێ بەهێزتر ببێ، خەڵک بە ئازادی رای خۆی بڵێ، سلێمانی ببێتەوە بە بەهەشتێک بیر و بۆچوونی جیاواز، بۆ نووسەر، بۆ چالاکڤان و... دەبێ ئێمە چەند پرسیارێکی زۆر قورس لە خۆمان بکەین، ئەم هەموو پارەیە هاتووە و رۆشتووە لە کوردستان.. کاک دلاوەر ساڵی 1991 سەدام حوکمی لە کوردستان نەما، بۆ تائێستا کارەبامان نییە؟ بۆ ئاو وەکو پێویست نییە؟ بۆ گەنجەکانمان لەم وڵاتە رادەکەن؟ 

 

یەکێک لەو شتانەی زۆر ئازارم دەدەن، بابەتی ژن و گەنجانە، ئێمە زۆرجار دەڵێین، کوردستان دەوڵەمەندە. دەڵێم: چۆن دەوڵەمەندە؟ دەڵێن: کوردستان گاز و نەوتی هەیە، بەڵام ئێمە بە جەماوەرەکەمان دەوڵەمەندین، بۆ گەنجەکانمان کە هەموویان خوێندەوار و کوڕ و کچی باشن، دەبێ کەشێک دروست بکەین کە لە زانکۆ دەردەچن، شوێنێک هەبێ بچن کاری تێدا بکەن، دەبێ ئێمە بەڕاستی سەرنج بخەینە سەر ئەمە، خۆم لەگەڵ برادەران خەریکم کە پلانێک بۆ پێنج ساڵ دابنێین، ئێستا یەکێتی لە کوێیە و دەمانەوێ بۆ کوێ بڕوات؟ بەڵام دڵنیابە ئەمە بە تەنیا بە یەکێتیی ناکرێت، بەڵکو لە رێی حکومەتەوە دەکرێت، لە رێی حکومەتەوە دەتوانین خزمەتی باشتر بکەین، ئێمە پێویستمان بە هاوبەشێکە هاوڕابێت لەگەڵمان، بەیەکەوە بەرنامەیەکی جوان دابنێین، پێشموایە دەتوانین ئەوە بکەین، لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش هەموویان خزمەتی خەڵکیان دەوێ و دەیانەوێ کوردستان دۆخی لە ئەمڕۆ باشتربێت. دەمەوێت سەرنج زۆر بخەمە سەر مەسەلەی کوردایەتی، دەبێ ئێمە بتوانین قسە بکەین و رای خۆمان بڵێین.
 
پرسیار: کوردایەتی و کوردستانێتی جیاوازن، چونکە ئێمە پێکهاتەی زۆرمان هەیە و دەبێ جێیان بکەینەوە!
 
بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵتم، بەڵێ بەرنامەشمان هەیە. جەنابت لەمن جوانتر گوتت، سوپاس.
 
پرسیار: پێشتر ئەو هەموو دەزگەیەی لەنێو یەکێتی هەبوون کاریان نەدەکرد، ئەگەر دەزگەکان هەریەکەیان کاری خۆیان بکەن و روانگەی خۆیان هەبێت.
 
بافڵ تاڵەبانی: دەمەوێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ببێت بە حیزبێکی مۆدێرن، لەگەڵ هاوڕێیەکم قسەم دەکرد، گوتم: دەبێ یەکێتی مێریتۆکراسی Meritocracy بێت.
 
پرسیار: واتە لەسەر بنەمای بەهرە.
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەوە جەنابت بە کوردی زانیت، چونکە سێ چوار کەس لە ژوورەکەم بوون و پرسیم ئەمە بە کوردی چییە، گوتیان بە کوردی هەر نییە. دەی نەگبەتییەکەی ئێمە ئەوەیە کە کەس نەیدەزانی وشەکە چییە؟ ئەگەر ئێمە کەشێکی وا دروست بکەین کە خەڵکی باش بۆ شوێنی خۆی، هەروەها گۆڕانکاریی لە حیزبدا ئاسایی بێت و نەبێ بە بڤە. دەبێ کۆنگرە لە کاتی خۆیدا بکرێت، لەنێوان کۆنگرەکان دەبێ پلنیۆم بکەین، دەبێ ئەو دیدارەی کە کردمان (سوپاسی کاک قوباد و تیمەکەی دەکەم بەڕاستی شتێکی سەرکەوتووبوو) یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی کۆنگرە، وابزانم 16هەزار کادیر گفتوگۆیان لەسەر هەموو خاڵەکان کردبوو، دەمەوێ بیروبۆچوون و خوێنی تازە بێنینە ناو حیزبەکە. بۆ ژنان نایەنە ناو سیاسەت؟ بۆ گەنجان نایەنە ناو سیاسەت؟ کاک دکتۆر! دەنگمان پێنادەن. نەک تەنیا بە یەکێتی، بە هەموو حیزبەکان. بابە بێزارن لێمان، بێزارن لەو سیاسەتە کۆنە، دەبێ ئێمەش خۆمان بگۆڕین، دەبێ پیشانیان بدەین کە جیاوازین و رای جیاوازمان هەیە، سیاسەتی جیاوازمان هەیە، ئەمەش دەسەلمێنین. ئەوە پێمان دەکرێت دەبێ، یاسا یاسا بێت، دامەزراوە دامەزراوە بێت، دەبێ رێزی هەموو کەسێک بگیرێت و ئازاد بێت و رای هەبێت، دەبێ چی دەکەن بیکەن. من بیرمە چەند ساڵ لەمەوبەر یەکێک کاریکاتێرێکی زۆر ناشرینی مام جەلالی دروستکردبوو، زۆر ناشرین بوو.. من لای دکتۆر خەسرەو بووم، بە رێککەوت مام تەلەفۆنی بۆ کرد و وتی: دکتۆر تۆ بیستووتە ئەو پیاوە ئەم کاریکاتێرانە لەسەر من دروست دەکات؟ دکتۆر گوتی: بەڵێ. مام گوتی: ئیشی تۆ ئەوەیە بیپارێزی. دەبێ ئێمە ئەو کەشە دروست بکەین، بێگومان من لەوە تێگەیشتم و زۆر جوان بوو.
 
پرسیار: لە نووسینەوەی پەیڕە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، تێبینییەکی زۆر هەیە، ئەویش زۆربەی دەسەڵاتەکان دراون بە سەرۆک، بەداخەوە ئێستا دەسەڵاتەکانی حکومەت لە دەرەوەی حکومەتەکانە، تێڕوانینی خۆت لەبارەی بەهێزکردنی دەوڵەت بڵێ. پێمان بڵێ چۆن دەتوانی ئەمە بەهێز بکەیت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: کە من باسی ئەوەم دەکرد کە دامەزراوە بەهێزبێت، رێک مەبەستم ئەمە بوو، ئێستا ئێمە شتێکمان لەناو یەکێتی کردووە، ئێمە ئەنجوومەنی پشتیوانیمان هەیە، خەڵک زۆر دەپرسن ئەم ئەنجوومەنە چ کارەیە؟ ئیشی ئەم ئەنجوومەنە زۆر زۆر گرنگە.. لە روویەکەوە هێندەی سەرکردایەتی گرنگە، ئەمان چاودێر دەبن، چەندین کۆمیسیۆن دروست دەکەین و بەدواداچوون بۆ ئیشەکانمان دەکەین، دەتوانم بڵێم ئەمە پەرلەمانێکی بچووکە. بۆ بچووکترین خزمەت بە میلـلەتەکەمان، پێویستە بە زووترین کات هەڵبژاردن بکەین، پەرلەمان پەرلەمان بێت و حکومەت حکومەت بێت، حیزبەکان ناتوانن ببن بە جێگرەوەی حکومەت، یەکێتی بەنیاز نییە وابکات، ئێمە شەریکێکی زۆر زۆر بەوەفاین، هیچ ئەملاولامان نییە، ئێستاش لەناو حیزبەکەمان راکان زۆربەیان وەکو یەکن، لەسەر شتی بچووک زۆر زۆر گفتوگۆ دەکەین، زۆر حەزیشم لەو موناقەشانەیە. 
 
دەبێ کارێک بکەین کە ئەمجارە حکومەتەکەمان جیاوازتربێت لە هەموو حکومەتەکانی تر. ئەوە چۆن دەکرێت؟ دەبێ سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت کە حکومەتەکەمان ببێت بە حکومەت، من بەکاری نەهێنم بۆ ئەوەی یەکێتی بەهێز بکەم، فڵان کەس بەکاری نەهێنێ بۆ ئەوەی حیزبەکەی بەهێز بکات، دەبێ ئامانجەکەی ئێمە خزمەتکردنی ئەم میلـلەتە بێت، چونکە لێمان قبووڵ ناکەن.ئەمڕۆ گەنجێکی کوردستان ئەوەی دەوێ کە لە بەریتانیا دەیانەوێت، ئەوەی دەوێت کە لە ئیتاڵیا هەیە.
 
پرسیار: کێشەی سەرەکی سیاسی ئێمە، یەکڕیزییە، لە هەرێم و بەغدا و دونیای دەرەوە، دەستپێشخەرییەک دەبێ؟ چونکە چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت.
 
بافڵ تاڵەبانی: با نهێنییەکی ناو حیزب ئاشکرا بکەم، ئێمە بەنیازین وەفدێک بنێرین بۆ لای هەموو حیزبەکان، هەوڵێک بدەین کە بە بیر و بۆچوونێکی تازە، بەرنامەی خۆمانیان بۆ شەرح بکەین، ئەوەی کە پێشتر روویانداوە هیچ حسابیان بۆ ناکەین، دەمانەوێ جارێکی دیکە دەستپێبکەین، هەوڵێکی جیدی لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەدەین، ئیشەڵلا ئەوەش بەو نیەتە وەردەگیرێت کە ئێمە مەبەستمانە. تۆش دەتوانیت قسەیەکی خێری تێدا بکەی.
 
پرسیار: لە بەغدا و لە عێراق، یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکە یاریکەرن و نوێنەریان هەیە و خۆشیان هاوپەیمانی سیاسییان هەیە و دەبێ ببن بە بەشێکی گرنگ لە ناوەندی بڕیار و ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بۆ خزمەتی گشتی بەکاری بهێنن، ئەوەش پێویستی بە یەکڕیزییە، ئەوکات کە پرسی گەورە هەبوون لە بەغدا لایەنە کوردستانییەکان لەیەک ترازابوون، دەمانەوێ بزانین ئەو مینبەرەی بەغدا بە سەرکردایەتیی نوێوە چۆن دەخەیتە خزمەت پرسە گەورەکەی دەوڵەتسازی و وڵاتی سەروەری یاسا؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە دەتوانین لە بەغداوە خزمەتی کوردستان بکەین، بەڵام زۆر باشتر دەبێت ئێمە بەیەکەوە کار بکەین، حەقوایە هەموو حیزبە کوردستانییەکان بەیەکەوە بچین بۆ بەغدا بۆ پشتیوانیی حکومەت. وەفدی حکومەت با بڕوا، بەڵام من پێموایە ئەگەر حیزبەکان یەک بن، هەم وەفدی حکومەت بەهێزتر دەبێت، هەم قسەی دیکە هەیە لە شوێنی دیکە کە خەڵک دەتوانێ بیکات بۆ هەمان ئامانج، نموونەشمان هەیە کە توانیومانە لە چەند بابەتێک بەیەکەوە کار بکەین و رامان نەگەیاندووە. نزیکترین نموونە ئەوەیە کە وەفدی حکومەت بە سەرۆکایەتیی جەنابی کاک مەسرور، کە زۆرم بەدڵ بوو و شتێکی زۆر ئازایانە بوو، کە چوو بۆ بەغدا، ئێمە ئێوارەکەی هەستمان کرد رەنگە چەند لایەنێک ناڕەحەت بن، من و کاک قوباد بەیەکەوە دەستمان کرد بە تەلەفۆنکردن بۆ پشتیوانیی حکومەت و تێمان گەیاندن کە ئەمە پرسی میلـلەت و خەڵکە و خەڵک دۆخیان خراپە. واتا دەتوانین بەیەکەوە کار بکەین، بەڵام پێویستی بە ئاپدەیتێکی نوێیە. خۆشبەختانە دەتوانین ئەم کۆنگرەیە و ئەم سەرکردایەتییە تازەیە بکەین بە بیانووەکە، ئێستا ئێمە بە نیازین ئەمە بکەین، بۆیە دەمانەوێ بە زووترین کات سەردانی هەموو لایەنەکان بکەین، دانیشین بزانین لەکوێ دەتوانین رێکبکەوین و لەکوێ دەتوانین بەیەکەوە کار بکەین؟.
 
پرسیار: مەبەستت لایەنەکانی بەغدایە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: لایەنەکانی کوردستان لەپێشدا، بەڵام بۆ بەغدا ئێمە سەردانەکانمان بەردەوامە، بۆ پرسی هاوپەیمانیش ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنێک لە بەغدا هەوڵ دەدەین، ئێمە گرووپێک هەڵبژێرین، بەڵکو دەمانەوێ لەگەڵ هەموو لایەنێک پەیوەندییەکی باشمان هەبێت، چونکە پێمان وایە بەمشێوەیە دەتوانین باشتر خزمەت بکەین. راستە یەکێتی توانیویەتی لەم دوو ساڵە خۆی زیندوو بکاتەوە لە بەغدا، دەزانن دوو ساڵ پێش ئێستا یەکێتی ئەو قورسییەی وەکو پێویست نەبوو لە بەغدا؟ بەڵام ئێستا بە هاتووچۆکانمان، بە گفتوگۆکانمان و بە راستگۆییەکەمان، کە ئێمە دەڕۆین و ئەوەی دەیڵێین، مەبەستمان هەمان شتە، کە دەڵێین شتێک دەکەین، دەیکەین. ئەمە بەشێکی سەرەکی بووە لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییانە. من پێموایە حیزبە کوردییەکان بەیەکەوەبین، تەواوکەری یەک دەبین، رەنگە من پێوەندیم لەگەڵ لایەنێک باش نەبێت، یەکی دیکە دەتوانێت چاکی بکاتەوە و بەپێجەوانەشەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکە بە پەیوەندییەکان و پشت بەخوا بە زووترین کات ئێمە دەست دەکەین بە هەوڵدان بۆ ئەو پێداچوونەوەیە.
 
پرسیار: باست لەوە کرد کە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکانتان سەرنجی خستووەتە سەر چەند لایەنێک، بۆ نموونە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دەمێکە پەیوەندییەکانتان لەگەڵیان بەهێزە و لە ناو ئەوانیشدا ئەوانەی پێیان دەڵێن وەلائییەکان کە لەگەڵیان پەیوەندییەکی بەرچاوتان هەیە، بەڵام بەو پلانەی کە ئێستا باسی دەکەین، دەبێت پەیوەندییەکانتان گشتگیر بێت، بۆ ئەوەی کێ دەسەڵاتی هەبێت بەلای خۆتدا رایبکێشی کە ئەوەش پلانی پێویستە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر لایەن هەیە کە رەنگە لە تەلەڤیزیۆن نەیبینن.
 
پرسیار: ئینجا خۆ گرنگە خەڵک بەرچاوی روونبێت و بزانێت پەیوەندییەکە تەنیا لە لایەک نییە و لایەنی دیکەش هەن؟ ئێستا بەغدا گرنگی بۆ ئێمە زیاتر بووە، لەوەتەی ئەو قەیرانانە دروستبوون، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، وەستانی نەوت، پرسی ناردنی بەشە بودجە ئەستەم بووە، لێرەدا خەڵک دڵەڕاوکێیەکی هەیە، وا بیردەکەنەوە کە یەکێتی یەکێکە لەو پاڵنەرانەی کە دەیەوێت بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات، سەرباری نەخشەی فیدراڵی و ئەو هەموو یاسایانەی هەمانە، ئەوە چەندە راستە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە دەتوانین ئێستا ئەمە بکەین. بڕگەیەکمان خستە نێو قانوونی بودجە کە دەتوانێت سلێمانی بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و راستەوخۆ مووچە لە بەغدا وەربگرێت، ئەگەر هەر لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ نەکرد، بەڵام ئەوە ئامانجی ئێمە نییە، ئەوە گەرەنتییەک بوو بۆ خەڵکی سلێمانی ئەگەر خوای نەکردە تووشی کێشەیەک بین و ستەمێک لە سلێمانی بکرێت. ئامانجی ئێمە پاراستنی هەرێمە. ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دروستبووە، ئێمە نابێت کورتبینانە بیر بکەینەوە، ئەگەر ئێستا بچین سلێمانی جیا بکەینەوە بۆ چەند مانگێک تاوەکو مووچە وەربگرین و خوای نەکردە لایەنێکی دیکە مووچە وەرنەگرێت، ئەی دوای ئەمە چی روودەدات؟ دەتوانی بەیەکەوەی بلکێنیتەوە؟ نا. ئێمە دەبێ بەیەکەوە کار بکەین. 
 
من چەند خەم دەخۆم بۆ سلێمانی، ئەوەندە خەم بۆ زاخۆ و دهۆک دەخۆم. ئێستا یەکێک لەو شتانەی کە من دەمەوێ بیکەم، دەمەوێ بە جۆرێک بتوانین بەرنامەیەک دابنێین لەگەڵ دانە گاز، بەشکم گازەکەی زیاد بکات بتوانین شتێک بکەین و بتوانین کارەبای دهۆک و سلێمانی بکەین بە 24 سەعات. ئێمە وەکو پێویست کارمان نەکردووە، ئاساییترین شت کارەبایە، لە ماقادیشو (پایتەختی سۆماڵ) کە محەممەد فەراح-یان لابرد، دوای 9 مانگ کارەبای 24 سەعاتیان هەبوو. ئێمە سەدام لە 1991ـەوە نەماوە، ئێستاش کارەبامان نییە و دەشمانەوێ خەڵک دەنگمان پێبدات.
 
پرسیار: خەڵک دەڵێن یەکێک شێت بوو دەچێتە لای شێخ، ئەی ئەگەر شێخ شێت بوو دەچێتە لای کێ؟ ئێمە ئێستا لەگەڵ شێخ دانیشتووین و باسی روانگەی داهاتوو دەکەین کە چۆن چاکی بکەین، پرسی داخڵکردنی ئەو بڕگەیە لە یاساکە هەر خۆی جێگەی پرسیار و تێڕامانە، ئەوەی خەڵک دەیەوێ لێی دڵنیابێت، ئەوەیە کە دوو ئیدارەییەکە وا قووڵ نابێتەوە کە وای لێبکات عێراق وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات، دەبێ رێگە لەوە بگرین؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمەش ئەوەمان ناوێت.
 
پرسیار: خەڵکیش دەیەوێت کاتێک کە کیانێکت هەیە، پەرلەمان و حکومەتی هەیە، ئەگەر لە ژێرەوەش دوو ئیدارەیی بێت، بەڵام کار بکات، خەڵک خەمی ئەوەی نەبێت مووچە لەکوێ دەدرێت و لەکوێ نادرێت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەو بڕگەیەی خرایە نێو یاسای بودجە، ئەمە بۆ ئەگەرەکانە، دەبێ بیر لە هەموو شتێک بکەیتەوە، دەبێ حیسابی هەموو شتێک بکەیت، باشترین دۆخ و خراپترین دۆخ. نابێ ئێمە هەر وا بڕۆین و بیر لە سبەی بکەینەوە، دەبێ بیر لە پێنج بۆ دەساڵی دیکە بکەینەوە، هەڵبژاردە گرنگە، خەڵک دەبێ هەڵبژاردەی هەبێت و خۆی نەبەستێتەوە، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە؛ ئاخر شت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەیەوێ بیبینێت، دوو ئیدارەییە. بەڵام ئێمە ئیدارەیەکمان دەوێ کە ئیدارەی هەموو لایەک بکات و هەموو کوردستان بە یەک چاو سەیر بکەین. چەندە حیزبایەتی لە حکومەت دوور بکەوێتەوە، من پێموایە حکومەتەکەمان باشتر دەبێت.
 
پرسیار: باسی پەیوەندییە دەرەکییەکان بکەین. قسەیەک هەیە لەسەرتان کە لەم چەند ساڵەی دوایی بە زیادەوە نزیک بوون لە ئێران، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندی باشتان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و پەیوەندی خراپیشتان لەگەڵ تورکیا هەیە، پەیوەندییەکەتان لەگەڵ ئێران چۆن پێناسە دەکەیت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە سنوورێکمان هەیە لەگەڵ ئێران، چەند سەت کیلۆمەترێکە، چەندینجار کە کورد لێی قەوماوە، رایان کردووە بۆ ئێران. پەیوەندییەکی دوورودرێژمان هەیە لەگەڵ ئێران و پێشمان خۆشە و پەیوەندییەکی زۆر زۆر گرنگە، بەڵام یەکێتی هەموو جارێک وابووە، یەکێتی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەک هەیە، من دڵنیاتان دەکەمەوە، تەسەور ناکەم حیزبێکی دیکە هەبێت لە کوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان ئەوەندە باش بێت. بەینمان زۆر خۆشە لەگەڵ براکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتە ئەوروپییەکان. ئەمە سیاسەتی مام جەلالە. مام جەلال دەچوو بۆ تاران و لەوێوە دەچوو بۆ واشنتن. چەند مانگێک پێش ئێستا ئێمە لە بەریتانیا بووین، دوای ئەوە چووین بۆ تاران، چەند رۆژێکی دیکە دەچین بۆ ئەمریکا. ئەمە سیاسەتی حیزبە، دەبێ پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەک هەبێت، بە باش و بە خراپ.  

 

پرسیار: پێناسەیەکی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەمریکا بکەن بزانین ئەو پەیوەندییە چۆنە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: زۆر باشە.
 
پرسیار: وەکو یەکێتی باس دەکەم، وەکو خۆت پەیوەندیت باشە، بەڵام وەکو یەکێتی چۆنە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ وەکو یەکێتی باشە، پشت بە خودا باشتریش دەبێت. یەکێک لە ئامانجەکانمان ئەوەیە مەکتەبی پەیوەندییەکان زۆر بەهێز بکەین. وای لێهاتبوو پەیوەندییەکە تەقریبەن من و کاک قوباد بەشێوەیەکی ناڕەسمی بەڕێوەمان دەبرد، بەڵام ئەمجارە خەڵکی باشمان دۆزیوەتەوە لە گەنجان بۆ ئەوەی یارمەتی کەسی ژمارە یەکی پەیوەندییەکان بدەن، کەسی ژمارە یەکی پەیوەندییەکان بەتەنیا ئەمەی پێ ناکرێت، یەکەمجار پێویستە تیمێکی بەهێزی بۆ دروستبکەین، ئینجا تیمەکەی رادەست بکەین. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەک بەهێز بکەین.
 
پرسیار: لایەنە ئەوروپی و ئەمریکییەکان لێرەن، ئەوان زۆر یارمەتییان داین لە سەقامگیرکردنی کوردستان؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێستاش ئامۆژگاریمان دەکەن لەسەر یەکڕیزی و یەکێتی، سوپاسی هەر هەموویان دەکەم. هەندێکیان لێرە دانیشتوون و حەزدەکەم یەک بە یەک سوپاسی هەموویان بکەم، زۆر هاوکارمان بوون. کێشەکە ئەوەیە هەندێجار ئێمە گوێیان لێ ناگرین.
 
پرسیار: ئەوە ئەو خاڵە بوو کە دەمویست باسی بکەم، ئەوان لە شەڕی داعشەوە هاتوون و توانای ئێمەشیان بەرز کردووەتەوە و بەرگرییان لێکردین و ئێمەش قوربانی زۆرمان دا، بەڵام ماوەیەکی زۆرە تکامان لێدەکەن کە هێزێکی نیشتمانیمان هەبێت و پێشمەرگە ناوی بەوە بەرز راگیرێت کە ببێتە هێزێکی نیشتمانی لەژێر سەرکردایەتی حکومەت، دەمەوێ بزانم ئەجێنداتان چییە، لەبەر ئەوەی لەمەودوا بە دوعا و ئومێد و بەڵێنی درێژخایەن ئەمە ناکرێت، باسی پلانی کردەیی دەکەین، لەبەر ئەوەی بووەتە پرسێکی دەستبەجێ و پیویستییەکی ئێستایە، دەمەوێ بزانم نیەتی ئێوە چییە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: با یەکەمجار لە هێزی 70ـوە دەستپێبکەم، ئێمە چاوەڕێی خوشک و برا بیانییەکانمان نەکردووە و ریفۆرمی خۆمان لەنێو هێزی 70ـدا کردووە. لیواکانمان رێکخستووەتەوە، گەنجەکانمان خستووەتە چەند لیوای تایبەت و بە ئەزموونەکان لە چەند لیوایەکی دیکەن، هێزەکانی یەکێتی هەمووی کۆکراوەتەوە، سەردەمێک بوو فڵانە کەس هێزی هەبوو و فڵانە هێزی هەبوو. ئێستا هێزی یەکێتی هەیە، هێزە تایبەتەکانمان، دژە تیرۆر و کۆماندۆ چوونەتە ئاستێک کە هەموو لایەنێک دڵی پێی خۆشە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە هێزەکانی 70 و 80 یەکبگرنەوە و بۆ ئەمەش کاری زۆرمان کردووە و قەلەقیشم لەوەی پرۆسەکە چەقیوە. لەسەر شتێکی زۆر سادە چەقیوە و تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە وەزیرێک بە وەکالەت بێت یان هەر شێوەیەک دابنێین، تێناگەم بۆچی ئەگەر راستیت دەوێت. ئەمە بۆ پێشەوە دەڕوات و هێشتا پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەمەش شتێکە کە بووەتە کێشەیەکی سیاسی، کە ئامانجەکە ئەوە بوو دوور بکەوێتەوە لە سیاسەت.
 
پرسیار: بە دڵنیایی، بەڵام کاتێک کە دەڵێیت ئەو هێزانە هی یەکێتین، هەر خۆی دەلالەت لەوە دەکات کە لە دەرەوەی حکومەتە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئەی ئێستا بەم شێوەیەن، ئێمە دەبێ راشکاو بین لەگەڵ یەکدی، ئێستا هێزی یەکێتی، هێزی یەکێتییە.
 
پرسیار: با بچینە سەر تورکیا و پەیوەندییەکانی تورکیا کە زۆر جەوهەرییە، بەقەد ئەوەی کە باست لە دراوسێیەتی ئێران کرد، دۆستایەتی لەگەڵ هەموو دراوسێکان بەدەر لە بارودۆخ، بووژانەوەی کوردستانی لەدوا دێت، گرژی لەگەڵ هەر یەک لەو دەوڵەتانە، گرژی هێناوەتە نێو هەرێمی کوردستانیش، ئێستا دۆخی یەکێتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا باش نییە، ئەو گورزانەی بەم دواییانەش لێیاندان شایەتی ئەوە دەدەن، لە هەمانکاتدا دەبێ دانی پێدا بنێین کە پرسی پەیوەندی یەکێتی بە پەکەکەوە یەک لە بیانووەکانی تورکیایە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: نا بیانووە.
 
پرسیار: بیانوو بێت یان نا، لێرە باسی پەیوەندییەکانتان دەکەین، ئایا ئێوە چۆن پەیوەندییەکەتان لەگەڵ تورکیا پێناسە دەکەن و چۆن چاکی دەکەن، لەبەر ئەوەی بۆ هەموو لایەک مەبەستە کە ئەو پەیوەندییە دەبێ سەرکەوتوو و باش بێت؟
 
بافڵ تاڵەبانی: کێشەی ئێمە لەگەڵ تورکیا قورسە چارەسەر بکرێت، بە گاڵتەوە گوتم ناچم بۆ تورکیا، بەڵام من بە جدی ناچم بۆ تورکیا، ئێستا ناتوانم بچم بۆ تورکیا، تورکیا سێ پاڵەوانی شەڕی داعش، سێ هاوڕێی خۆمی لە عەربەت شەهید کرد، بێ هۆکار و بێ هیچ بیانوویەک. دەبێ ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا باش ببێتەوە، دەشمانەوێت پەیوەندیمان باش بێت. کێشەکەی تورکیا ئەوەیە کە ئێمە بۆچوونی جیاوازمان هەیە و لە رۆژئاوا دۆخەکە بە جیاواز دەبینین، ئێمە شتێک دەبینین و ئەوان شتێکی دیکە دەبینن. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە وەکو ئەوەی باس دەکرێت نییە، چەند حیزبێک هەن لەنێو سلێمانی کە گلەییان لێدەکرێت ئەمڕۆ دایخەن. چوومەتە بەغدا لەگەڵ فایەق زێدان قسەم کردووە، گوتومە ئەو حیزبانە مۆڵەتیان هەیە، ئەرێ حیزبێک دەتوانێت بچێت حیزبێکی دیکە دابخات کە مۆڵەتی هەیە، دەڵێت نەخێر. باشە بۆ تورکیا تانە لەو حیزبانە نادات و حکومەتی هەرێمی کورستان بڕیار دەربکات و بێن دایبخەن؟ من بۆ دایبخەم. دامەزراوە هەیە لەنێو سلێمانی، دەڵێن ئەمە پەکەکەیە، من نازانم پەکەکەیە یان نا، بەڵام هەموویان فەرمین و مۆڵەتیان هەیە، هەندێکیان لە هەولێر مۆڵەتیان هەیە. باشە من بە چ مافێک بڕۆم ئەو شوێنانە دابخەم؟ منیش پێموایە کێشەکان لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، کورد عینادن، بە پاڵەپەستۆ شت ناکەین. من بەیانیان هەڵدەستم درۆنێک لە سەرەوە دەسووڕێتەوە و من هەندێ جار سڵاوێکی لێدەکەم. ئێمە حەز دەکەین بە گفتوگۆ شتەکان حل بکەین. دڵنیام سوێنێک هەیە لە نێوەڕاست کە ئێمە بتوانین یەک بگرینەوە، بەڵام کە ئامادە نەبن قسە بکەن و دابنیشن، ئێمە چی بکەین؟ ئێمە بۆ هەموو گفتوگۆیەک ئامادەین، بۆ چارەسەری هەموو کێشەیەک، بۆ چارەسەری پەکەکەش ئێمە دەتوانین هاوکاریان بین، هەموو لایەک دەتوانێت هاوکاریان بێت. پارتیش دەتوانێت هاوکاریان بێت. چوار ساڵ پێش ئێستا کاک مەسعود سوپاسی کردن، نا چوار ساڵ نەبوو، لە شەڕی داعش و لە شەڕی مەخموور کاک مەسعود سوپاسی کردن. من خۆم لە مەخموور بووم و بینیم ئەوان لەملاوە دەهاتنە خوارەوە، ئەمریکی لێبوو، وڵاتێکی دیکەشی لێبوو. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەک رێککەوین. با لەبیرت نەچێت، ئەوە یەکێتی بوو کە پەیوەندی پارتی لەگەڵ تورکیا باش کرد. مام جەلال بوو. ئێمە دەتوانین چۆن مام جەلال هاوکاری کردن ئاگرەکەی پەکەکە کەم ببێتەوە، ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی تورکیا ، بەڵام شتی مەعقول. چەند شتێک هەیە داوامان لێبکەن، ناتوانین جێبەجێی بکەین، قەت نەمانتوانیوە، مام جەلال نەیکردووە بۆ ئێمە بیکەین؟ 
من پێم ناخۆشە ئەوە چەند جارێکە کاک شاڵاو پێم دەڵێت، وەزیری بەرگری هەڕەشەی لێکردووی و فڵانە لایەن هەڕەشەی کردووە، هەڕەشەی چی؟ بۆ؟ ئێمە نامانەوێ کێشەمان لەگەڵ هیچ وڵاتێک هەبێت، بەڵام بەخوا ئێمە بە گوشار و هەڕەشە و درۆن گفتوگۆ ناکەین، ئەوە گفتوگۆ نییە، هەر ئەو پرۆسەیە هەڵەیە، ئەوە مەکینەی شەڕە، تۆ مەکینەی شەڕ چۆن لەگەڵ وڵاتێک بەکاردەهێنیت، کە لەگەڵی لە شەڕدا نیت.
 
پرسیار: گەیشتینە کۆتایی دانیشتنەکەمان و ئەگەر قسەیەک هەیە بتەوێت لە کۆتاییدا بیکەی فەرموو؟
 
بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی لە هەستانەوەیە، یەکێتی بە زووترین کات هەڵبژاردنی دەوێت، بۆیە دەیەوێت هەڵبژاردن بکات، تاوەکو باشتر خزمەتی میللەتەکەمان بکەین، بەتایبەت گەنجەکانمان، حەزیش دەکەم ئێوە چاودێر بن ، بزانن ئەو شتانەی یەکێتی دەیڵێت، دەیانکات. لە پرسی ئەمنی و پاراستنی یاسا و ئازادی ئێوە چاودێرمان بن. دڵنیاتان دەکەم رۆژ بە رۆژ گۆڕانکاری لەو شوێنانە دەبێت کە ئێمە دەتوانین کاریگەریمان لەسەری هەبێت. دووبارەشی دەکەمەوە، ئێمە ئامادەین لاپەڕەیەکی تازە لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنێک، هەم لە عێراق و بەتایبەت لە کوردستان، بە سیاسەتێکی تازە هەڵبدەینەوە، ئیشەڵڵا لایەنەکانیش بۆ ئەوە ئامادەن. ئاخر شت کە پێویست دەکات بیکەین، حەقە هەر هەموومان داوای لێبووردن لە میللەتەکەمان بکەین کە هێشتوومانە کێشەی کەسی و حیزبی، ژینگەیەک دروستبکات کە وەکو پێویست نەمانتوانیبێت خزمەتیان بکەین. بۆیە من لێرە حەزدەکەم ئەوە بکەم و سوپاسێکی تایبەت بۆ هەموو هاوڕێ بیانییەکانمان کە تەقریبەن شێت بوونە بەدەستمانەوە، بەڵام خەمیان نەبێت، ئیشەڵڵا ئێمە هەوڵدەدەین دۆخەکە باش بکەینەوە. ئاخر شتیشم ئەوەیە سوپاسی جەنابت و ئەم بەڕێزانە بکەم کە دەرفەتیان پێدام دابنیشم و بیروبۆچوونی خۆمان روون بکەینەوە.