وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان وەڵامی رووداو دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە نیگەرانیی ئیدارەی بایدنی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و بە پێویستیشی دەزانێت هێرشەکان لەو ناوچەیە کۆتاییان پێ بهێنرێت.
رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا و لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە لە چالاکییە سەربازییەکانی باکووری سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانەکەی؛ هەروەها کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێوبردنی یەکجاریی داعش".
ماتیو میلەر ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی ئەوان لەبارەی پێشهاتەکانی تایبەت بە سنووری نێوان تورکیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەگۆڕدراوە و "بەردەوامین لەوەی پشتگیری لەو هێڵی ئاگربەستە بکەین کە هەیە و داوای راگرتنی تووندوتیژییەکانیش دەکەین.گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە ئاگربەستەکە بگرن و بەردەوامیش بێت".
مەبەستی ماتیو میلەر لەو هێڵی ئاگربەستەیە تشرینی یەکەمی 2019 و دوای هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان بە نێوەندگیریی ئەمریکا دیاریکرا.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف لە سووریا هەیە و دەڵێت، ئامانجی سەرەکی یارمەتیدانە هەسەدە و چەند هێزێکی دیکەیە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش.
لەو بارەوە ماتیو میلەر گوتی، "گرنگە کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنرێت تاوەکو سەقامگیریی لەنێو سووریا بەرقەرار بێت و کار بکرێت بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ئەو ناکۆکییە".
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردنی چڕی چەند ئامانجێک لەنێو رۆژئاوای کوردستان کردووە، ئەوەش دوای هێرشێک بۆ سەر ئاسایشی گشتی لە ئەنقەرە.
هێرشەکە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم بوو، کاتێک دوو کەس لەبەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ئەنقەرە لە ئۆتۆمبێلێک دابەزین؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسی تورکیا بریندار بوون. تورکیا باس لەوە دەکات کە دوو هێرشکارەکە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوونە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان؛ هەروەها دامەزراوەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و بارەگا چەکدارییەکانیان دەکەنە ئامانج.