مەسرور بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، هەوڵەکانی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی و پێکهینانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 11-10-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئێريك شۆڤاليێ، باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت کە لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیان بڵاویکردووەتەوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و دوايين گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و، هەوڵەکانی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی و پێکهینانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆی لەسەر کراوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، "گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو."