نادیە موراد بۆ نێچیرڤان بارزانی: چاوم لەوەیە لە بابەتی ئێزدییە بێسەروشوێنەکان لەگەڵتدا کار بکەم

 
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نادیە موراد، کچە چالاکڤانی کوردی ئێزدی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. 
 
رۆژی سێشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کرد. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسی: "ئەمڕۆ لەگەڵ نادیە موراد، چالاکڤانی ئێزدی کۆبوومەوە و باسمان لە چارەنووسی ئەو هەزاران ئێزدییە کرد کە هێشتا بێسەروشوێنن؛ هەروەها باسمان لە گرنگی هاوئاهەنگی هەوڵەکانی تایبەت بە رزگارکردنیان کرد. پێکەوە باسیشمان لە دۆخی شنگال و هەوڵەکانی ئەو [نادیە موراد] بۆ هاوکاریکردنی رزگاربووانی کۆمەڵکوژیی [شنگال] کرد." 
 
پاشان، نادیە موراد لە هەژماری تویتەری خۆی، وەڵامی تویتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دایەوە و نووسیوویەتی: "سوپاس سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەت لەگەڵم. چاوم لەوەیە لەگەڵتدا کار بکەم لەسەر پرسی گرنگی ئێزدییە بێسەروشوێنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی هەموو ئەوانەی کە هێشتا ئازارەکانی کاریگەریی کۆیلایەتی سەردەمی نوێ دەچێژن." 
 
ساڵی رابردوو، نادیە موراد لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس لە رۆژی 27-8-2021 رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و رایگەیاند: "هێشتا هەزاران منداڵ و ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن؛ هەروەها تووندوتیژیی سێکسی و بەکۆیلەکردن لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهەند وەرنەگیراوە." 
 
لە مانگی نیسانی ئەمساڵیش، نادیە موراد پڕۆژەیەکی پێشکێش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لەسەر ئەوەی چۆن بەڵگە لە رزگاربووانی تووندوتیژی سێکسی لە ململانێکاندا کۆبکرێتەوە.
 
ساڵی 2018، نادیە موراد و دێنیس موکوەگی بە هاوبەشی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان وەرگرت، ئەوەش "بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی تووندوتیژیی سێکسی وەک چەکێک لە جەنگ و پێکدادانە سەربازییەکاندا."