لە 24 کاژێردا نزیکەی 700 منداڵ لە سلێمانی بەهۆی سکچوون و رشانەوە براونەتە نەخۆشخانە


رووداو - سلێمانی

 

لە سلێمانی پەتای سکچوون و رشانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و، زۆرینەی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، منداڵانن. تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا بەهۆی پەتاکەوە، 660 منداڵ براونەتە نەخۆشخانە.

پرشنگ ساڵح، دایکى منداڵێکی نەخۆش بە رووداوی گوت، "دوو رۆژە منداڵەکەم ناساخە، هێنامان بۆ نەخۆشخانە زۆر ئیشیان بۆ کردین، ئاویان بۆ هەڵواسیوە و دەرزییان لێدا و تۆزێک باشترە."
 
شۆخان بەکر، دایکى منداڵێکی دیکەی نەخۆشە و دەڵێت، "منداڵەکەم تووشى رشانەوە بووە، تەمەنى 10 رۆژە و هێناومە بۆ نەخۆشخانە، هێشتا نۆرەی دکتۆرم بەرنەکەوتووە."
 
هەینیى رابردوو لەگەڵ سەرهەڵدانى پەتاى منداڵان، رێکخراوى تەندروستیی جیهانى هۆشدارى و مەترسیى بەکارهێنانى چوار جۆر شرووبى منداڵانى راگەیاند کە دروستکراوى کۆمپانیایەکى هیندین و بەناوى چارەسەر بۆ سکچوون، رشانەوە، کۆکە و هەستیارى بەکاردەهێنرێن. 
 
لە راپۆرتى پشکنینەکانى وەزارەتى تەندروستیى هەرێمى کوردستانەوە رووداو زانیویەتى کە ئەو چوار شرووبە تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا لەسەر رەفەى هیچ نەخۆشخانە و دەرمانخانەیەکى هەرێمی کوردستان نییە.
 
پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەبارەی هۆکاری تووشبوونی منداڵان بەو پەتایە باسی لەوە کرد، "هۆکار زۆرن، وەک پێنەکوتنی شیر، گۆڕانکاریی وەرزی، حەساسییەت، لە 18 ساڵ تاوەکو یەک رۆژ تووش دەبن، بەڵام زیاتر لە ساوایاندایە و رەنگە چەند رۆژی داهاتوو گەورەکانیش بگرێتەوە."
 
بەگوێرەی راپۆرت و رێنمایی پزیشک و پسپۆڕان، ئەو پەتایە مردنى بەدوادا نایەت، بەو مەرجەى دایکان لە کاژێرەکانى سەرەتاى تووشبوونى منداڵەکەیان سەردانى نەخۆشخانە بکەن و هەر کاتیش منداڵ دووچارى پەتاکە بوو، بەبێ رێنمایی پزیشک، دەرمان و شرووپ نەدەن بە منداڵەکانیان.