ئەمساڵ لە کەرکووک زیاتر لە 11 هەزار قوتابی لە پۆلی یەک بۆ خوێندنی کوردی وەرگیراون


رووداو - کەرکووک

رۆژێک بەر لە دەستپێکی دەوامی خوێندن، ئەو منداڵانەی پەرۆشی قوتابخانەن بە جل و جانتای قوتابخانەوە چوونە قوتابخانەکان بۆ دڵنیابوون لە کاتی دەوامیان. ئەمساڵ زیاتر لە 11 هەزار قوتابی لە پۆلی یەک بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک وەرگیراون.
 
قوتابخانەی چراخان لە گەڕەکی پەنجا عەلیی کەرکووک، 154 قوتابی وەرگرتووە و تاوەکو دێت ژمارەی قوتابیی نوێ لە زیادبووندایە. ئەو قوتابخانەیە 12 پۆلی هەیە و هەر پۆلی 40 قوتابی تێدان، ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێشوازی لە ساڵێکی نوێی خوێندن.
 
فایەق محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی چراخان دەڵێت، "ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی وەرگرتنی قوتابی لە زۆربووندایە، خۆشبەختانە تاوەکو ئەمڕۆ 154 قوتابیمان لە پۆلی یەک وەرگرتوووە بەراورد بە ساڵی رابردووە کە 140 قوتابیمان وەرگرتبوو."
 
بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ خوێندنی کوردی هەزار و 500 قوتابی زیاتری وەرگرتووە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی ئەم گۆڕانکارییە بە ئاماژەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە دەزانێت.
 
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "ئەو قوتابییانەی لە پۆلی یەکی سەرەتایی وەرگیراون، ساڵی پار نزیکەی نۆ هەزار و 500 قوتابی بوون، بەڵام ئەمساڵ لە سەرووی 11 هەزار قوتابیمان وەرگرتووە. شەش قوتابخانەمان زیادکردووە و لەگەڵ دوو باخچەی ساوایان، لەبەر ئەوەی قوتابییان جێگەیان نابێتەوە. ژمارەی قوتابی و خوێندکار و منداڵانی باخچە لە زیادبووندایە."
 
هاونیشتمانییەک کە منداڵەکانی لە خوێندنی کوردی بوونە و ئێستا نەوەی نەوەکانیشی هەر بە کوردی دەخوێنن، دەڵێت، منداڵ کاتێک باش فێری زانست و زانیاری دەبێت کە بە زمانەکەی خۆی فێری بکەیت. کەمال جەبار دەشڵێت، "هەتا لە کوردی بخوێنن کەمە، لەبەرئەوەی خۆمان بە زمانی کوردی دەدوێین و حەز دەکەین منداڵەکانیشمان پەروەردەی زمانی کوردی بن."
 
رۆژی چوارشەممە، 12-10-2022، نزیکەی 500 هەزار قوتابی لە هەزار و 700 قوتابخانەی چوار بەشی پرۆسەی خوێندنی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و بیانی دەست بە ساڵێکی نوێی خوێندن دەکەن.
 
بۆ ئەمساڵ بەشی خوێندنی کوردی پێشوەخت پەرتووک و پێداویستییەکانی قوتابییان لە چاپی نوێ دابەشکردووە و قوتابخانەکان ئامادەیان کردوون.