پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی سێو لە سنووری پارێزگای دهۆک بگاتە پێنج هەزار تۆن


رووداو دیجیتاڵ

شموئێل یوخەنا، جووتیارێکی گوندی شمایلایە لە دەڤەری بەرواری باڵا و هەزار و 150 دار سێوی هەیە. ئەمساڵ بەرهەمێکی باشی هەیە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت پارە ناکات، بۆیە سێوەکان بە بەرچاوییەوە رزی دەبن و لێدەبنەوە.
 
شموئێل یوخەنا، جووتیار بە رووداوی گوت، "ئەمە هەمووی پارەیە [مەبەستی بەرهەمی سێوەکانە]، بەڵام ئەوە پاییز هات و گیرفانەکانمان خاڵین و یەک فلسێکیان تێدا نییە. ئەمە هەمووی زەحمەتی و خەرجییە لەسەر ئێمە."
 
تەنیا لە سنووری بەرواری باڵا لە ئامێدی، نزیکەی 400 هەزار داری سێو هەن کە لەسەر سێ هەزار و 500 دۆنم زەوی چێنراون. ساڵانە تاوەکو 400 تۆن بەرهەمیان هەیە، بەڵام وەکو جووتیاران دەڵێن، قازانجی لێ نەکەن.
 
چیا شێخۆ، جووتیارێکی دیکەی سنوورەکەیە و دەڵێت، "بازرگانەکان بە زۆر و بە گۆترە دەیکڕن، بۆ نموونە بۆ یەک دۆنم دەڵێن 500 هەزار تاوەکو ملیۆنێک، بە سندووق و کیلۆ نایکڕن."
 
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی سێو لە سنووری پارێزگای دهۆک بگاتە پێنج هەزار تۆن. بازاڕ پڕە لە سێوی خۆماڵی، کیلۆی بە 150 تاوەکو 400 دینار دەفرۆشرێت، بەگوێرەی جۆر و کوالێتییەکەی.
 
ئەحمەد سپینداری، جووتیارە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە بازرگان 200 دیناری پێدا، پێمگوت بە 300 دینار بیبە، نەیبرد. ئەمە جۆرەش 300 تا 350 زیاتر ناکات. ئەم جۆرە سێوە سەوزەش 400 تا 500 دینار دەکات و ئەم سوورەش 100 دینار تا 450 دینار دەکات."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر داواکاریی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک باجی سەر هاوردەکردنی سێوی لە 500 دینارەوە بۆ هەزار دینار بەرزکردەوە، بەڵام ئەوە کاریگەری لەسەر ساخبوونەوەی بەرهەمی خۆماڵی نەبووە.
 
د. ئەمجەد عوبێد، بەڕێوەبەری باخداریی دهۆک بە رووداوی گوت، "بڕواناکەم یەک سێویش لە دەستی جووتیاران بمێنێتەوە و هەمووی دەفرۆشرێت جا چ بۆ کارگە بێت یان بە هەر رێگەیەکی دیکە."
 
لەگەڵ ئەوەی کە باج لەسەر هاوردەکردنی سێو دانراوە، بەڵام هێشتا سێوی هاوردەکراو لە بازاڕەکاندا هەیە و نرخەکەی لە سێوی خۆماڵیش گرانترە. نرخی کیلۆیەکی لەنێوان 750 بۆ هەزار و 100 دینارە.