پزیشکیان بە کوردی بۆ رووداو: پەیوەندیمان لەگەڵ کوردستان باشە و باشتری دەکەین

11-09-2024
مالیک محەممەد
پزیشکیان بە کوردی بۆ رووداو قسە دەکات.
پزیشکیان بە کوردی بۆ رووداو قسە دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران لە بەغدا بە زمانی کوردی وەڵامی رووداوی دایەوە و پەیوەندییەکانی ئێرانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە پەیوەندییەکی "باش" پێناسە کرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە زمانی کوردی وەڵامی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە بەغدا دایەوە و گوتی: "سڵاومان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە خزمەتیانداین، پشت بەخوا لە بەرنامەماندایە دەچینە ئەوێ و قسەیان لەگەڵ دەکەین."
 
پەیامنێری رووداو پرسیاری لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی لە پزیشکیان کرد و لە وەڵامدا گوتی: "پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و باشتری دەکەین."
 
سەبارەت بە وردەکاری کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "سەرجەم بوارەکانی؛ سیاسی، ئەمنیی، ئابووری، زانستیی و فەرهەنگی و چەندین بواری دیکە تاوتوێ دەکەین."
 
کاژێر 8:30 بەیانیی ئەمڕۆ؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
 
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نەسروڵڵا رەشنودی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە رووداوی گوت، سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە. 
 
لە وەڵامی ئەوەی پزیشکیان بە کوردییەکی رەوان قسە دەکات و جێگرێکیشی کوردە، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کورد بەگشتی بەهێزتر ببێت؟ رەشنودی گوتی، "پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کورد هەمیشە پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو و جێگەی بایەخ بووە و بەدڵنیاییەوە بەڕێز پزیشکیانیش پشت بەم پەیوەندییە دەبەستێت."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە