چەکی پارەی گەنمی جووتیاران گەیشت: کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەکە دابەش دەکرێت

11-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڕیاری خەرجکردنی بڕی نزیکەی 150 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، چەکی پارەکە گەیشتووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوول نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سایلۆکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەکەکان وەرگیراون، بەڵام رێکارە کارگێڕییەکانی خەرجکردنی پارەکە ماون و دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتووەوە."
 
کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 9ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگادار کراینەوە بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دراوە و بڕیارە ئەمڕۆ چەکی پارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
ئەو بڕە پارەیەی چەکی خەرجکردنی دراوە، بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە: پارێزگای هەولێر 47 ملیار و 373 ملیۆن دینار، سلێمانی و هەڵەبجە 67 ملیار و 841 ملیۆن و پارێزگای دهۆکیش 35 ملیار و 541 ملیار دیناریان بەردەکەوێت.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد و تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
 
ئەو پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ نێردراوە 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆنیشی بۆ جووتیارانی دهۆک بووە.
 
لە 21ـی تەممووزەوە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە