ئەوقافی هەولێر 16 رێنمایی تایبەت بە پرسە بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر رێنمایی نوێی بۆ دانانی پرسە لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر و دەورووبەری بڵاوکردەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەڵێت، "بەشی زۆری رێنماییەکانی کۆنن و جێبەجێدەکرێن، بەشێکیشیان نوێن".
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر، لیستی رێنماییە نوێیەکانی تایبەت بە دانانی پرسەی بڵاوکردەوە کە 16 خاڵ لە خۆ دەگرێت.
 
 بەپێی رێنماییەکان پرسە یەک رۆژ دەبێت و کاژێرێک پێش بانگی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و یەک کاژێر پێش بانگی ئێوارە کۆتایی دێت، هەروەها نابێت قورئانخوێن لە 75 هەزار دینار زیاتر وەربگرێت.
 
تەیب زرار شێروانی، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، "رێنماییەکان بەشی زۆریان پێشتر هەبوون، بەشێکیشیان نوێن، ئەو رێنماییانە بۆ مزگەوتەکان دەنێردرێن و لە تابلۆی مزگەوتەکان دەدرێن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش ئاگاداری وردەکارییەکان ببن".
 
لە رێنماییەکاندا هاتووە، نابێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ  پاککردنەوەی هۆڵ یان کڕینی گازی موەلیدە و شتی دیکە وەربگرێت و لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیکار دەکرێت.
 
هەروەها جگە لە ئاو، خواردن و خواردنەوە لە هۆڵەکانی پرسەی پیاوان و ئافرەتان رێگەپێدراو نییە و قەدەخەیە.
 
لە رێنماییەکاندا ئەوەش هاتووە، "دەبێت قورئانخوێندن بە دەنگێکی ئارام و لەسەرخۆ بخوێندرێت، بەشێوەیەک زوو زوو بە کورتی بخوێندرێت، هەروەها قورئانخوێن جلێکی شیاو لەبەربکات".
 
هەر بەگوێرەی رێنماییەکان، ئەگەر مزگەوتێک هۆڵی هەبوو، نابێت حەرەمەکەی بۆ پرسە بەکاربێت. هەروەها جگە لە قورئانخوێندن، نابێت لە کاتی پرسەدا وتار بدرێت.