رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە یڵماز تونچ، وەزیری داد، عەلی یەرلیکایا وەزیری نێوخۆ و ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا سەردانی سەر گۆڕی نارین گورانی تەمەن هەشت ساڵانیان کرد، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سنووری ئامەد بە کوژراوی دۆزرایەوە.
ئەو سێ وەزیرەی تورکیا رۆژی چوارشەممە 11-9-2024 چوونە سەر گۆڕی نارین گوران و تاجەگوڵینەیان لەسەری دانا.
ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاویکردەوە، تەواوی تۆمەتبارانی کوشتنی نارین سزا دەدرێن و ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیەیە دەیکەن.
هەروەها راشیگەیاندووە، هەرگیز رێگەنادەن ئەو بابەتە بکرێتە بابەتێکی سیاسی و بە ئاراستەی جۆراوجۆردا ببرێت.
نارین گوران، دانیشتووی ئامەد، لە رۆژی 21-8-2024ــەوە بێسەروشوێن بوو، رۆژی 8-9-2024 هەر لە ئامەد تەرمەکەی لە توورەگەیەکدا دۆزرایەوە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئامەد بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوژرانی نارین گوران. لێپرسینەوە لەگەڵ 24 گومانلێکراو بەردەوامە کە هەریەک لە دایکی، باوکی، دوو برای، چوار مامی نارین لە نێو ئەو کەسانەن.
نەوزاد بەختیاری تەمەن 48 ساڵ کە یەکێک لە تۆمەتبارەکانە و دانی بەوەدا ناوە کە تەرمی نارینی فڕێداوەتە نێو ئاوی رووبار. نەوزاد بەختیار بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، بە بڕیاری دادگەی 1ی ئێشکگری سوڵح خرایە زیندانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ