حکومەتی هەرێمی کوردستان: هەفتەی داهاتوو لیستی نوێی راستکراوەی مووچە بۆ بە‌غدا دەنێرین

11-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کار دەکرێت تاوەکو لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفيیان رەوانەی وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ بکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە تاوتوێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووريی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
 
ئەنجوومەنی وەزیران ناونیشانی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە: ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووريی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزاريی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووريی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە رۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و گفتوگۆ کرا، هاوکات هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تاوتوێ کرا؛ بە جۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە، بۆ راگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها دەشڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفيیان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرانبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت، کە خەرجکردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی (63)یەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە رێبەرایەتيی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو، بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانيیەوە لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی.
 
پاشان تەوەری سەرەکيی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو، کە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاريی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووريی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاووتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم، بە جۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە، بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.
 
ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و راسپاردەکانی پەسندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەکە، و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).
 
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفيیان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرانبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت، کە خەرجکردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانە سروشتیەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستەڕوو، کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی، لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووريی فیدڕاڵ وهەرێم، لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی.
 
ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور.
 
سەرۆکوەزیران هیوای خواست ئەو کەشە ئەرێنیی و لەیەکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا.
 
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە رێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
 
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی راسپارد بۆ پەسندکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵی بۆ ئابووری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە