لە هەولێر فێستیڤالی پاییز بۆ بازاڕکردن و گەڕانەوە بۆ قوتابخانە رێکخرا

 
رووداو - هەولێر

سەنتەری پێشانگە نێودەوڵەتییەکان فێستیڤالی پاییزی بۆ بازاڕکردن و گەڕانەوە بۆ قوتابخانە رێکخست. کۆمپانیاکانی تایبەت بە کەلوپەل و پێویستییەکانی قوتابخانە یەکەمجارە لەو فێستیڤاڵەدا بەشدارییان کردووە و جمەیان دێت لە كڕیار.
 
عەبدوڵڵا ساڵح، کارمەندی کۆمپانیا دەڵێت، "ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی پاییز 122 کۆمپانیا لەگەڵمان بەشدارن لە 10 وڵاتی جیاوازەوە، کە قوتابخانە دەکرێتەوە، قوتابیان پێویستیان بە کەلوپەل و پێداویستیی قوتابخانەیە لە جلوبەرگ و قرتاسیە، ئێمەش بیرۆکەکەمان لە فێستیڤاڵەکە والێکرد کە ئەو بابەتانەشی تێدابێت کە بۆ قوتابیان پێویستن."
 
کۆمپانیاکان زیاتر لە 400 مۆدێلی پەڕاو، 25 مۆدێلی جانتا، 1000 مۆدێلی پێنووس، 30 مۆدێلی قەڵەمدار و 50 مۆدێلی قەڵەمجافیان نمایش کردووە بۆ کڕیاران.
 
لە هەرێمی كوردستان هیچ كارگەیەكی بەرهەمهێنانی پێویستییەكانی قوتابخانە و فەرمانگەكان نییە، بۆیە 90%ی كەرەستەی پەڕاوگەی قوتابخانە و فەرمانگەكان لە چین هاوردە دەكرێن، 10%یشی لە ئێران، تایلەند، ژاپۆن، هیندستان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیمارات و توركیا.
 
یوسف مەلازادە، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی دەڵێت، "هەوڵمان داوە لە پێشانگەکەدا باشترین کاڵاکانی قوتابخانە بە باشترین کوالێتی و گونجاوترین نرخ پێشکێشی قوتابیان بکەین. ئەو نرخەی دانراوە نزیکە لە کوالێتییەکەی. کەلوپەلەکان لە ئێران و چینەوە لەسەر داواکاریی و دیزاینی خۆمان، بە باشترین کوالێتی هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەین."
 
هیچ پێویستییەکی کاڵای قوتابخانە لە فێستیڤاڵەکەدا کەم نییە، منداڵان بەدوای کەلوپەلێکی جوان بۆ وەرزی تازەی خوێندن دەگەڕێن و، دایک و باوکانیش بەدوای نرخێکی باشدا.
 
مەروان عەبدولقادر، کڕیار دەڵێت، "چوار منداڵم هەیە و دووانیان دەچنە قوتابخانە، یەکێکیان پۆلی سێ و ئەوی دیکەیان پۆلی حەوتە، ئێستا زیاتر دەگەڕێین لە پەڕاوگە و پێنووس و پێداویستییەکانی قوتابخانە. کوالێتی لەپێش نرخە، بەڵام باشترە کە نرخ هەرزانتر بێت، بەتایبەتی بۆ فەرمانبەران."
 
قوتابییە بچووکەکان دڵخۆشن بە کڕینی شتی نوێ بۆ قوتابخانە. ئەسما، تەمەنی 7 ساڵە و دەڵێت، دایک و باوکی پێڵاو و جانتا و پێداویستیی قوتابخانەیان بۆ کڕیوە.
 
بە گوتەی رێکخەران، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار کەس سەردانی پێشانگەکەیان دەکەن. فێستیڤاڵی پاییزە تاوەکو 11ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.