رووداو - سلێمانی
مامۆستایان لە قوتابخانەکانی سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییان بۆ ساڵی نوێ تەواو بووە، بەڵام دیار نییە بایکۆت رێگە دەدات لەکاتی دیاریکراودا دەوامی خوێندنگەکان دەستپێبکات یاخود نا.
رۆزە هێرش دەڵێت، "خۆم بۆ قوتابخانە ئامادە کردووە، بەیانیان لەمەبەدوا زوو لە خەو هەڵدەستم، دەم و ددانم دەشۆم و خۆم دەگۆم بۆ قوتابخانە. حەزم لە وێنەکێشانە."
چیمەن رەشید، مامۆستا دەڵێت، "ئامادەکاریمان کردووە و وەکو ستافی قوتابخانەکەمان، سەرەتا قوتابخانەکەمان شۆرد، دواتر هەستاین بە ئامادەکردنی کتێب بۆ قوتابییەکان."
لە پەروەردەی گەرمیان هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ خوێندنی ساڵی 2023 بۆ 2024، لە ئامادەکردنی هۆڵەکانی خوێندن و دابەشکردنی کتێبیش، بەڵام هەر بێ گرفت نین.
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان دەڵێت، "کێشە و گرفتمان لە نەبوونی بینایە، کە بەشێکیان لە تەندەریندان و کەس وەریان ناگرێت."
بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان 156 هەزار قوتابی لە قۆناخی 1ی بنەڕەتی تۆمار کراون؛ بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردە هەموو ئامادەکارییەک کراوە و 13ی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەوامی قوتابیان دەبێت.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەک کراوە لە دابینکردنی پێداویستییەکان بە بەهای 10 ملیار دینار و هەروەها کڕینی نەوت و هەموو پێداویستییەکان."
بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خوێندنی ساڵی 2023 بۆ 2024، بڕی شەش ملیار دینار دابینکراوە بۆ دروستکردنی پۆلی نوێ، 19 ملیۆن کتێبی نوێ چاپ کراون، کە تێچووەکەی 23 ملیار دینار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ