بەرهەمی ماسی لە لۆڕستان گەیشتە 32 هەزار تۆن

11-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پارێزگاری لۆڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بەرهەمی سامانیی ماسی لەو پارێزگایە بەراورد بە ساڵی رابردوو 39% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 32 هەزار تۆن.
 
رۆژی دووشەممە، 11ی ئەیلوولی 2023، سیرووس ئیبراهیمی، جێگری پارێزگاری لۆڕستان بۆ کاروباری ئابووری لە سەردانێکدا بۆ قەزای دووروود، سەردانی ژمارەیەک پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی کرد و رایگەیاند، بە هۆی زۆریی رووبارەکانی، یەکێک لە تواناکانی پارێزگای لۆڕستان بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی ئابووری، بەخێوکردنی ماسییە، بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا وەبەرهێنانێکی باش لەم بوارەدا کراوە و بەرهەمهێنانی سامانی ماسی لەو پارێزگایە گەشەی سەندووە.
 
سیرووس ئیبراهیمی گوتی، بە تەواوکردنی پرۆژەکانی چەم چیتی دووروود، سپی دەشت و عیمارەت، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی ماسی لە پارێزگای لۆڕستان 9 هەزار تۆن زیاد دەبێت.
 
گوتیشی، زۆربەی بەرهەمی سامانی ماسی ئەو پارێزگایە لە 20 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسیی ناحیەی سیلاخۆری قەزای دووروود بەرهەم دەهێنرێت، کە ساڵی رابردوو کۆی بەرهەمەکە 23 هەزار تۆن بووە.
 
جێگری پارێزگاری لۆڕستان بۆ کاروباری ئابووری هەروەها رایگەیاند، ئێستا ئەو پارێزگایە 32 هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێنێت کە 26 هەزار تۆن  لە ئاوی گەرمدا و 6 هەزار تۆنیش لە ئاوی سارددا بەرهەم دێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگای لۆڕستان لە توانایدایە ساڵانە 100 هەزار تۆن ماسی بەرهەم بهێنێت. ئاشکراشی کرد، ئەم کەرتە دەرفەتی کاری بۆ 17 هەزار کەس دابینکردووە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە