یەکێتی دروشمی کۆنگرەی پێنجەمی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دروشمی "نوێگەری لە کاردا، کۆدەنگی لە بڕیاردا" وەکو دروشمی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی ئاشکراکرد، کە بەپێی سەرکردەکانی ئەو حیزبە بێت بڕیارە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەم مانگە لە سلێمانی ببەسترێت. ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە دەڵێت: "لە کۆنگرەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دەکرێت، لەنێویاندا هەڵسەنگاندنی ئەدای حیزب و سەرکردەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان و پەرلەمانتارانیش."
رۆژی دووشەممە، 11-9-2023 یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دروشمی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی راگەیاند کە بریتییە لە "نوێگەری لە کاردا، کۆدەنگی لە بڕیاردا."
محەممەد دووشیوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 11-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆنگرەی یەکێتی بۆ نوێبوونەوەیە، بۆ گۆڕانکارییە، چ لە ئەدای حیزب بێت، یان ئەدای کادیرەکان و هەڵسەنگاندنیان، بۆیە لە کۆنگرە هەڵسەنگاندن بۆ حیزب و ئەدای نوێنەرانی یەكێتی لە حکومەت و پەرلەمان و ئۆرگانەکانی دیکە دەکرێت."
بە بڕوای ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بەستنی کۆنگرەی یەکێتی لە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان "کاریگەریی لەسەر هەڵکشانی دەنگ و کورسییەکانی یەکێتی دەبێت، چونکە ئەو نوێبوونەوەیە کاریگەریی خۆی دەبێت."
سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی بڕیارە لە کۆنگرەدا بکرێن، محەممەد دووشیوانی گوتی: "جگە لە هەندێک بڕیاری ستراتیژی و گۆڕانکاری، پێشنیاز هەیە بۆ لابردنی هەندێک دەزگا و زیادکردنی هەندێکی دیکە، لەگەڵ گۆڕینی ناوی دەزگا و ئۆرگانەکانی یەکێتی، بەڵام لە کۆتاییدا کۆنگرە بڕیار لەسەر ئەو وردەکارییانە دەدات."
رۆژی 20ـی ئابی 2023 لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەشاری کەرکووک بڕیاری بەستنی کۆنگرەی پێنج درا. ئەمەش لە کاتێکدایە کۆنگرەی چوارەم لە 21-12-2019 بەسترا. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆنگرە 4 ساڵ جارێک دەبەسترێت، بەمەش کۆنگرەی پێنج نزیکەی سێ مانگ بەر لە وادەی خۆی دەبەسترێت.
لە کۆنگرەی چواردا ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە 1000 ئەندام بوو، بەڵام یەکێتی بڕیاری داوە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە 40٪ کەمبکاتەوە و 600 کەس ببنە ئەندامی کۆنگرە.
رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە بەشێک لە میدیاکانی حیزبەکەی گوت ئەوانەی دەبنەوە ئەندامی کۆنگرە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئێستا و پێشوو، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، دەستەی دامەزرێنەران، هێزەکانی پێشمەرگەی 76ن، دەستکراوە بە فۆرم پێدانیان و ئێستا ناسنامەیان بۆ دروستدەکرێت.
تەلار لەتیف گوتیشی: "هەفتەی داهاتوو کار لەسەر بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان دەکرێت بۆ چۆنێتیی کۆنفرانسەکان بۆ ئۆرگانەکانی یەکێتی لە مەڵبەندەکان و لە مەکتەبەکان و هەردوو ئەنجوومەنی راوێژکاری و پشتیوانی ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشدا."
گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی هەمواردەکرێتەوە، کۆمیسیۆنێک راسپێردراوە بە نووسینەوەی پەیڕەو و پرۆگرام و هەندێک لیژنە دروستدەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیڕەو و پرۆگرام، گۆڕانکاریش لە هەیکەلی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت."
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە لەساڵی 1975 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە، لە سێ کۆنگرەدا، جەلال تاڵەبانی، بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە لەدوای 44 ساڵ لە دامەزراندنی بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرد و هەر یەک لە لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک.