خوێندن دەستپێدەکات و بەشێک لە کەسوکاری قوتابییان توانای کڕینی کەلوپەلی قوتابخانەیان نییە
رووداو - هەولێر
هاشم باوکی چوار قوتابییە و فەرمانبەرە، دوو مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، سەرەڕای دواکەوتنی مووچەکەی، دەیەوێت هەرچۆنێک بێت پێداویستییەکانی قوتابخانە بۆ منداڵەکانی دابین بکات. دووکاندارانیش دەڵێن، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ فرۆشیان کەمە.
هاشم باپیر، فەرمانبەر دەڵێت، "جانتا و جلوبەرگ و قەڵەم و دەفتەر و شتم بۆ منداڵەکان کڕیوە، بارگرانیمان لەسەرە سەرەڕای ئەوەی کە مووچەش نەهاتووە، بە تێکڕا نزیکەی 200 هەزار دینار تێچووی پێداویستییەکانە."
لە بازاڕی کوران لە هەولێر، دووکانەکان پڕن لە کەلوپەلی قوتابخانە، بەڵام کڕیاری کەم، دواکەوتنی مووچە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، دوو لە هۆکارەکانی سستیی بازاڕی ئەمساڵن، بە تێکڕا تێچووی قوتابییەک لە جلوبەرگ، تێنوس، پێنووس و جانتا، نزیکەی 100 هەزار دینار دەبێت، گرانیی نرخی پێداویستییەکانی قوتابخانە و خراپیی دۆخی ئابووریی خێزانەکان وای کردووە کە وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوی فەرمی داوا لە ناوەندەکانی خوێندن بکات گوشار نەخەنە سەر قوتابییان لە پابەندکردنیان بە سیستمی یەکپۆشی.
کاستۆر کەریم، باوکی قوتابی دەڵێت، "نرخەکان گرانن و کاریش وەکو پێویست نییە، ناچارین هەرچۆنێک بێت جلوبەرگ بۆ منداڵەکان بکڕین."
شەهلا رەشید، دایکی قوتابی ئاماژە بەوە دەکات، "ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندن، وەرزی فرۆشی كەلوپەل و پێداویستییەكانی قوتابخانەش دەستپێدەكات، بەڵام ئەمساڵ بۆ فرۆشیاران پێچەوانە بووەتەوە."
دووکاندارێک بەناوی ئەرسەلان تاهیر ئاماژە باس لەوە دەکات، "ئەمساڵ بازاڕ نییە، ئەو کەلوپەلانەی هێناومانە هێشتا بە تەواوی نەمانفرۆشتوون، کڕیار نییە." دووکاندارێکی دیکە بەناوی بازیان شۆڕش دەڵێت، "خەڵک هەیە بە چوار منداڵەوە دێت و هەموو بازاڕ دەکات، دواتر دەستە جلێک دەکڕێت، ئەویش کامەی هەرزانە ئەوە، ناتوانێت گرانەکەش بکڕێت."
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 100 كۆمپانیا و بازرگانی گەورە و بچووك پێداویستیی تایبەت بە قوتابخانە ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلار لە چین، تایلاند، ژاپۆن، هیندستان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیمارات، توركیا و ئێران هاوردە دەكەن.