رووداو - سلێمانی
گەڕەکی تانجەرۆ دوایین گەڕەکە لە باشووری شاری سلێمانی، دانیشتووانەکەی بەدەست نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەوە دەناڵێنن.
نەبوونی ئاوی پاک بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشیی وەکو سکچوون و رشانەوە. وەکو بەشێک لە هاونیشتمانییانی گەڕەکەکە دەڵێن، ئەو ئاوەی پێیان دەدرێت بە کەڵکی شۆردنی جلوبەرگیش نایەت.
نەعیمە شارباژێڕی، دانیشتوویەکی گەڕەکی تانجەرۆیە و بە رووداوی گوت، "ئاوەکەمان ئەوەندە پیسە، بۆ خواردنەوە نابێت، هەمووی قەوزە و پیسییە، کاتێک جلوبەرگی پێ دەشۆین جلوبەرگەکان رەنگیان شین دەبێت."
بەشێک لە هاونیشتمانییانی گەڕەکەکانی سلێمانی نازانن سەرچاوەی ئاوەکەیان کوێیە، ناڕازی و نیگەرانن لە پیسیی ئاوەکەیان.
پوورە ئامینە لە 80کانی تەمەنیدایە، ماوەی پێنج ساڵە لە گوندێکی ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە چووەتە شاری سلێمانی و ئێستا لە گەڕەکی تانجەرۆ نیشتەجێیە، نەبوونی ئاوی پاک بووەتە خەمێکی گەورە لەلای.
پوورە ئامینە دەڵێت، "ئاوەکە هێندە پیسە، جلوبەرگی پێ دەشۆرین، هەموو جەستەمان تووشی نەخۆشی بووە."
لە سلێمانی 85 ترومپای ئاو هەن، تەنها 17 دانەیان بۆ خواردنەوە گونجاون؛ تەندروستیی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن و پاککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراون؛ لە چوارچێوەی هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان، لە چەندین تانکەر و ترومپا ئاوییەکان نووسراوە، "شیاوی خواردنەوە نییە.
رۆژی دووشەممە 11-9-2023، نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەبێت هاونیشتمانییانی سلێمانی ئاگاداربن، دڵنیابن لەو سەرچاوەی ئاوەی بەکاریدەهێنن، تانکەر بێت یان بۆری [بەلوعە] بێت، چونکە ئەگەر شیاو نەبێت بۆ بەکارهێنان دەبێت ئاوەکە بکوڵێنن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 177 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون کە ئاوی پیس هۆکارێکی سەرەکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ