ئیفراز سێ 40%ی ئاوی هەولێر دابین دەکات؛ 'دوو بۆ چوار کاژێر جارێک پشکنینی ئاو دەکرێت'

 
رووداو - هەولێر

پرۆژەی وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر 15 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە؛ تێچووی پرۆژەکە گەیشتووەتە چەندین ملیار دینار. رۆژانە 240 ملیار لیتر ئاوی رووباری زێی گەورە دەچیتە ناو وێستگەی ئاوەکە، بە یارمەتیی بەهێزترین پاڵێوەری مۆدێرن و مادەی کیمیایی بە پێنج قۆناخ بۆ پرۆسەی پاککردنەوە و تەعقیمکردن ئامادە دەبێت.
 
نەجمەدین عومەر، تەکنیکاری کارەبا لە وێستگەی ئیفراز سێ دەڵێت، "لە پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، سێ مادە کیمیایی بەکاردێنین، کە ئەوانیش: فۆسفاتی ئەلەمنیۆم، پۆلیمەر و کلۆرە. بەیانیان و هەر دوو بۆ چوار کاژێر جارێک ئاوەکە پشکنینی بۆ دەکرێت."
 
ئیفراز سێ ئاوی زیاتر لە 40%ی شاری هەولێر دابین دەکات، وەک گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و شەش گەڕەکی دیکە.
 
تیمی تۆری میدیایی رووداو ئاویان لە ماڵێکی گەڕەکی ئیسکان وەرگرت؛ بەڕێوەبەرایەتیی کۆلێژی زانست لە زانکۆ سەلاحەدین رازی بوو تاقیکردنەوە لەسەر نموونەی ئاوەکە بکرێت، چونکە دابینکردنی ئاوی پاک و کوالێتی بەرز گرنگە بۆ تەندروستیی هاووڵاتییان.
 
د. سەنگەر محەممەد، سەرۆکی بەشی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی دەڵێت، "کاتێک کە ئاوی خواردنەوە پیس دەبێت، کۆمەڵێک نەخۆشی لەڕێگەیەوە دەگوازرێنەوە، کاتێک کە رێژەی ئاو کەمتر بوو، پیسبوونەکە کاریگەریی زیاتر دەبێت و خراپتر دەبێت. تەنکیی ئاویش زۆر گرنگە، پێویستە هەموو ساڵێک 1 بۆ 2 جار پاککردنەوەی بۆ بکرێت، تاوەکو دڵنیا بیت لەوەی لەنێو تەنکییەکەدا ژەنگاو نییە."
 
بۆ لێکۆڵینەوەیەکی مایکرۆبایۆلۆجیانە لەسەر ئاو، دووبارە نموونەی ئاو لە شووشەیەکی تەعقیمکراودا پشکنینی بۆ کرایەوە، بۆئەوەی وردترین ئەنجام بەدەستبهێندرێت. تاقیگەکە نموونەی ئاو تاقیدەکاتەوە بۆ زانینی رێژەی بەکتریا و مادە بیانییەکان و ئاسنی قورس.
 
بەپێی داتاکانی زانکۆی ئابۆت ئۆلیب لە بارسێلۆنە، لە "ئاوی پاک" پلەی پیسبوونی ئاوە سرووشتییەکان تاوەکو زیاتر بێت، بڕی زیاتر مادە کیمیاییەکان بۆ پاککردنەوە پێویستە.